فەرماندەی نوێی سوپای پاسدارانی.. ئەو پیاوەی هەمیشە هەڕەشە دەكات

جیهان

23/04/2019‌ 1862 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەلی خامنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بڕیاریدا بەلادانی محەمەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی سوپای پاسداران‌و لەشوێنی ئەو حسێن سەلامی دانا.

حسێن سەلامی‌و هەڵوێستەكانی لەدیدی ئەمریكاو ئەوروپاوە
حسێن سەلامی لەم ساڵانەی كۆتاییدا بۆ بەرگریكردن لەپڕۆگرامی موشەكە بالیستییەكانی هەمیشە وتاری توندی بەرگریكارانەی دژی وڵاتانی ئەوروپاو ئیسرائیل داوەو و زۆرجار هەڕەشەی لەوڵاتانی ئەوروپیش كردووە.

ئەو سێ ساڵ لەمەوبەر لەكاتێكدا ئێران بەپێی پڕۆگرامی ڕێككەوتنی ئەتۆمی قەدەغەبوو ئێران تاقیكردنەوەی موشەكی بالیستی بەكڵاوەی ئەتۆمی ئەنجامبدات، رایگەیاندبوو، بۆ هاویشتنی زیاتر لە 100 هەزار موشەك لە لوبنانەوە بۆ ئیسرائیل چاوەڕوانی فورمانێكی ڕێبەری ئێران دەكات.

پاش پەسەندكردنی بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایش لە دیسەمبری 2006دا، ئەمریكا  حسێن سەلامی لەگەڵ چەند بەر‌پرسێكی سوپای پاسداران خستە لیستی سزاكانییەوە، هەروەها ناوی ئەو بەهۆی وەزارەتی خەزنەداری ئەمریكاوە لەپێڕستی سزاكانی پەیوەست بە بواری تیروریزم ‌و چەكە كۆكوژەكاندایە.

یەكێتی ئەوروپاش لە ساڵی2007 ناوی حسێن سەلامی لەپاڵ موحەمەد عەلی جەعفەری‌و قاسم سلێمانی داناوە،  كە رۆڵیان لەپڕۆگرامی موشەكی ئێراندا هەیە.

لەماوەكانی ڕابردووشدا سوپای پاسدارانی ئێران لەلایەن ئەمریكاوە لە پێڕستی تاقمە تیرۆریستییەكاندا دانرا، كە دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەو وڵاتە هۆكاری ئەو بڕیارەی بۆ پشتوانی تیرۆر لەلایەن تارانەوە گەڕاندەوە.

هەروەها بەپێی پلانێكی پێشنیاركراوی شەفافییەتی دارایی ئەمریكا لەسەر دارودەستەی و دوروبەرەكانی ڕێبەری ئێران، كە حسێن سەلامیش یەكێك لەوانە، لەئەگەری پەسەندكردنی پلانەكە، سەرچاوە داراییەكانی ئەم كەسە تایبەتانەی ئێران لەدەرەوە و ناوەوە ئاشكرا دەكرێت.

حوسێن سەلامی لەدیدی ڕاگەیاندنە ناوخۆیەكانی ئێرانەوە
حوسێن سەلامی لەدایكبووی ساڵی 1960ی شاری "گوڵپایگان" ی پارێزگای ئەسفەهانە و دەرچووی بەشی زانست و تەكنەلۆجیا لە زانكۆی تارانە.

حسێن سەلامی، ماوەی چەندین ساڵە وەك جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران كاردەكات و لەئێستاشدا پلەكەی بەرزتر كرایەوە.

لەكاتی سەرهەڵدانی شەڕی عێراق ئێران پەیوەندی بە سوپای پاسدارانەوە كردوە و دوای جەنگەكەش ماستەری لە كارگێڕی هونەرەكانی بەرگری كردندا بەدەستهێناوە.

ئەو فەرماندەی فیرقەی كەربەلای 25 و ئیمام حسێنی 14 بووە و چەندین ئەركی سەربازی دەریاوان و لەكاتی شەڕی عێراق ئێران پێسپێردراوە.

لەساڵانی 1992 تا 1997 سەرۆكی زانكۆی فەرماندەیی و ئەركان بووە، كە زانكۆیەكی سەربازی تایبەتە لە ئێران، كە لەدوای شۆڕشی ئیسلامی دامەزرێنراوەو بە زانكۆی جەنگ ناسراوە.
 
لەساڵانی 1997 تا 2005 جێگری ناوەندی هاوبەشی سوپای پاسداران بووەو لەساڵی 2005 تا 2009 فەرماندەی هێزە ئاسمانییەكان‌و جێگری سەرۆكی دەزگای پاسدارانی ئێرانی پێسپێردراوە.

ئامادەكردن: یاسین نادر