جوڵەكانی ئەمەریكا لە كەنداو.. سەرەتایەكە بۆ جەنگ دژی ئێران یان پێشاندانی هێز

جیهان

09/05/2019‌ 1312 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شارەزای سەربازی و ستراتیژی هشام جابر دەڵێت: پەیامەكانی ئەمریكا، لە میانی جوڵە دیبلۆماسی و سەربازیەكانیدا لە كەنداو و عێراق دەیگەیەنێت تەنیا جەنگێكی دەروونییە، دەیەوێت بەو كارانەی تاران ملكەچ بكات و سنورێك بۆ هەژمونەكەی دابنێت.

جابر لەقسەكانیدا بەدووری زانی ئەمەریكا لەگەڵ ئێران بكەوێتە جەنگەوە، بەهۆی نەتوانینی هەڵگرتنی لێكەوتەكانیەوە، ئەوەشی دووپاتكردەوە ئەوەی ئێستا روودەدات تەنیا توندی و گەز لێگرتنی پەنجەكانە، كە لە میانیدا واشنتۆن دەیەوێت هێزی خۆی دەربخات بەمەبەستی خۆلادان لە بەكارهێنانی.

ناوبراو ئەوەشی دووپاتكردەوە، جەنگی هەرێمایەتی هەڕەشە لەبەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دەكات، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد هەرجارێك هەڕەشەو سزا لەسەر ئێران زیاد بكات، بەرهەڵستكارە ناوخۆییەكان وا لێ دەكات بەرگری لە وڵاتەكەیان بكەن، بەهۆی ئەو نیشتمانپەروەریە بەهێزەی هەیانە.

جابر باسی ئەوەی كردووە، ئێران رایگەیاندووە هێرش ناكاتە سەر ئەمەریكا، بەڵام دەتوانێت هەڕەشە لە جوڵەی ئاوی نێو دەولەتی بكات بە داخستنی هەردوو گەرووی "باب المندەب و هورمز"، ئەوەشی بە دوور زانیوە ئێران گورزی یەكەم بوەشێنێ، لەبەرئەوەی لێكەوتەكانی كارەساتبار دەبێت بۆ سەر تاران.

نمایشكردنی هێز..
لەبەرانبەردا جابر وای دەبینێت سەرۆكی ئەمەریكا دوناڵد ترامپ نایەوێت بچێتە جەنگێگی گشتگیرەوە، بەڵام گرەو لەسەر جۆرەكانی تری جەنگ دەكات وەك (دەروونی، ئابووری، دیبلۆماسی، راگەیاندن)، كە لەم ماویەدا گەیشتووەتە لووتكە، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئەوەی بەلای ئەمەریكاوە گرنگە گرەنتی كردنی ئاسایشی ئیسرائیلە بە نمرەی یەكەم.

لەلایەكی ترەوە، دیڤید دی رووش یاریدەدەری پێشووی وەزیری بەرگری ئەمەریكا بۆ كاروباری كەنداو لەگەڵ دیدی جابردا هاوڕایە دەربارەی بەرپابوونی جەنگ، ئەوەی روون كردووەتەوە ئەمەریكا تەنیا نمایشی هێزەكانی دەكات، و ناچێتە هیچ جەنگێكەوە لەگەڵ ئێراندا.

هەروەها كێشەی راستەقینەی لەگەڵ ئێران بۆ ئەوە گەڕاندەوە، كە تاران دەیەوێ خۆی وەك بریكاری دواكەوتوانی مەزهەبی شیعە دابنێت لە جیهاندا. ئەوەشی روون كردەوە واشنتۆن دەیەوێ فشارەكان بۆسەر سوپای پاسداران توندتر بكات.

دی روش باسی گرنگێتی ئیسرائیلی لە بەرنامەی كاری ئەمەریكادا كردوە، لە هەمان كاتدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردوە وانشتۆن بەرژەوەندی هاوپەیمانەكانی لای مەبەستە لە ناوەی كەنداوی عەرەبی و بەوەی وەسف كردووە، كە ئێران هەرەشەیە بۆسەریان، ئەمەش پاساو بۆ هەبوونی هێزە ئەمەریكیەكان دەهنێتەوە لە ناوچەكەدا.

سەرچاوە: الجزیرە 
وەرگێران: حلمی رەسول رەزا