مەسعود بارزانی بۆ سەربەخۆیی‌و نێچیرڤان بارزانی بۆ ململانێ‌ نایانەوێت داهاتی نەوت رادەستی بەغدا بكەن

عیراق

13/05/2019‌ 3512 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكراتی كوردستان تائێستا ئامادەنییە داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان رادەستی حكومەتی عێراق بكات، ئەوەش مەترسی ئەوەی دروست كردووە، بەغدا موچەو بودجەی هەولێر ببڕێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست شارپرێس كەوتووە، پارتی بەدوو هۆكار نایەوێت داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان رادەستی عێراق بكات، كە یەكێكیان پەیوەندی بەكێشە ناوخۆییەكانی ئەو پارتەوە هەیە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، مەلەفی نەوتی هەرێم تائێستا بەتەواوی لەدەستی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتییە، كە ناوبراو ئێستا سەرۆكی حكومەتەو لەداهاتوو دەبێتە سەرۆكی هەرێم‌و ئامادەنییە ئەو مەلەفە رادەستی بەغدا بكات.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، نێچیرڤان بارزانی كار بۆ ئەوە دەكات لەئێستاوە كێشە بۆ كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم دروست بكات، كە بڕیارە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی بكات.

ماوەیەكی زۆرە ململانێ‌و كێشە لەنێوان نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی هەیەو دوای ئەوەش ئەوەی یەكەم كاندید كرا بۆ سەرۆكی هەرێم‌و ئەوەی دووەمیش بۆ سەرۆكی حكومەت ململانێكیانیان زیاتر بوون، كە ئەوە كاریگەری لەسەر پەیوەندییەكانی هەولێرو بەغدا دەبێت.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، یەكێكی تر لەهۆكارەكان ئەوەیە، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی هێشتا بەردەوامە لەوەی كوردستان سەربەخۆیی وەربگرێت، بۆیە نایەوێت داهاتی نەوت بەئاسانی رادەستی بەغدا بكات، چونكە پێیوایە لەماوەی داهاتوو كێشەكانی عێراق زیاتر قووڵ دەبنەوەو ئەوەش هۆكارو دەرفەتێك دەبێت بۆ ئەوەی سەربەخۆیی رابگەیەنرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، حكومەتی عێراق لەیاسای بودجە حكومەتی هەرێمی پابەند كردووە، بەوەی دەبێت مانگانە داهاتی بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بكات، بۆ ئەوەی بەغدا موچەو بودجەی هەولێر بنێرێت.

شارپرێس پێشتریش ئەوەی بڵاوكردبووەوە، كە لەبەغدا فشارێكی زۆر هەیە لەسەر حكومەتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بۆ ئەوەی موچەو بودجەی هەرێم نەنێرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەولێر تائێستا ئامادەنییە داهاتی نەوت رادەستی بەغدا بكات.

هـ ـ ح