حكومەتی عێراق ھێزێكی نوێی بەرەو كەركوك جووڵاندووە

عیراق

20/05/2019‌ 1155 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حكومەتی عێراق ھێزێكی زیاتری ڕەوانەی كەركوك و دەوروبەری كردووە و بەرپرسێكی پارتییش لەكەركوك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، عێراق نییەتی ئەوەی نییە ماددەی ١٤٠ جێبەجێبكرێت و دەیەوێت بە جووڵەپێكردنی ھێز كێشە بنێتەوە.

دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لەكەركوك و گەرمیان بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی رایگەیاند، عێراق ھێزێكی زۆری بەرەو كەركوك جووڵاندووە، ھێزەكە لە دوو فەوج پێك ھاتووە و بڕیارە لەدەوروبەری كەركوك و قەزای داقووق جێگیر بكرێن، بێگومان زیادكردنی ھێز و سووتاندنی گەنمی جوتیاران بەرھەمی ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەرە و "ئێمە ھەر ئەوەی لێ چاوەڕێ دەكەین. ھاتنی ھێزی نوێش بۆ كەركووك ڕەوشەكە ئاڵۆزتر دەكات، نەك ئەوەی ئاساییی بكاتەوە".

لەبارەی ھۆكاری ھێنانی ھێزی زیاتر بۆ كەركوك، بەرپرسەكەی پارتی رایگەیاندووە "ڕەوشی عێراق بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەڕوات و بەغدا دەیەوێ بە جووڵەپێكردنی ھێز كێشە بۆ ھەرێمی كوردستان بنێتەوە و بە حوكمی ئەو ڕەوشەی ناوچەكەی گرتووتەوە دەیانەوێ ھێزیان ھەبێت."

حوسێن راشیگەیاند، دەسەڵاتدارانی بەغدا مل نادەن بۆ جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق و بەرقەراربوونی ئاشتی، چونكە بتەوێ ئاشتی بەرقەرار بێت و یاسا جێبەجێ بكەیت، پێویست بە ھێزی نوێ ناكات بۆ كەركووك، ھەتا ڕەوشی ئابووریی عێراق وەك پێشتر نییە ھێز بجووڵێنن بەبێ ئیش، ئەم ھەنگاوانە بۆنی شۆڤێنییەتییان لێ دێ.

دیاری حوسێن ڕەتی كردەوە بە ھێز ھیچ كێشەیەك لە كەركوك چارەسەر بكرێت و داوای كرد ئەگەر بەغدا نییەتی ئاساییكردنەوەی ڕەوشی ئەو ناوچانەی ھەیە، با پاشەكشە بە ھێزەكانی بكات و ھێزی پێشمەرگە و خەڵكی خوجێیی كەركووك بەرگری لە شارەكەیان بكەن.

هـ ـ ح