لەسەر سنورەکان جێگیر دەکرێن..بەشێک لە هێزى پێشمەرگە رەوانەى راپەڕین و گەرمیان و شارەزوور دەکرێن

کوردستان

20/05/2019‌ 8194 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەکێتى بەشێک لە هێزى پێشمەرگەو چەکە قورسەکانى بۆ ئیدارەى راپەرین و سنورى پشدەر و شارەزوور و گەرمیان دەگوازێتەوە.

بەپێى زانیارییەکانى شارپرێس کە لەچەند سەرچاوەیەکەوە دەستیکەوتووە، بەشێک لە هێزى پێشمەرگە رەوانەى سنورى ئیدارەى راپەڕین و پشدەر کراوەو لەگەڵیشیدا چەکى قورسیان پێبووەو لەسنورەکە جێگیرکراون.

سەرچاوەکە ئاماژەى بەوەکرد، بەهەمان شێوەى پشدەر هێزیش بۆ گەرمیان و شارەزوور نێردراون مەستیش لێی پاراستنى سنورەکانە.

هەر بەپێى وتەى ئەو سەرچاوانە بڕیارە ئەو هێزانە رەوانەى سنورەکانى هەرێمى کوردستان بکرێن و لەنێوان سنورەکانى ئێران و هەرێم جێگیر بکرێن.

لاى خۆیەوە هیوا قەرەنى بەرپرسى ئیدارەى راپەڕین کە سەرۆکى لیژنەى مینى  سنورەکەشە بە شارپرێسى راگەیاند" هیچ مەترسییەک لە ئارادا نییەو سنورەکەمان ئارامە، زانیاریم نییە هیچ هێزێک رەوانەى سنورەکە کرابێت، چونکە هیچ کێشەو گرفتێک لە سنورەکە نابینین".

قەرەنى ئاماژەى بەوەشکرد، ئەگەر هێزیش رەوانە کرابێت پەیوەندى بە هێزەکانى پێشمەرگە خۆیانەوە هەیەو رەنگە بۆ خۆ رێکخستنەوەى پێشمەرگە بێت نەک بابەتى تر.

لەبارەى جێگیرکردنى ئەو هێزانە لەسەر سنورەکان بەرپرسی ئیدارەى راپەڕین بێ ئاگایی خۆى لەو زانیارییە راگەیاند.

 

هەر لەسەر ئەو پرسە شارپرێس پەیوەندى کرد بە جەبار یاوەر ئەمیندارى وەزارەتى پێشمەرگە، بەڵام پەیوەندییەکەى وەڵام نەدایەوە.

جێگیرکردنى ئەو هێزەى پێشمەرگە هاوکاتە لەگەڵ توندبوونەوەى گرژییەکانى نێوان ئەمریکاو ئێران و هەڕەشەى ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتە.
س.هـ