وردەكاری دەستگیركردنەكەی
مەكتەبی بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی هەوڵی ئازادكردنی نەجمەدین كەریم دەدەن

عیراق

22/05/2019‌ 13456 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نەجمەدین كەریم پارێزگاری دوورخراوەی كەركوك لەفڕۆكەخانەی بەیروت لە لوبنان دەستگیركرا هەوڵەكان بۆ ئازادكردنی دەستیپێكردووە.

نەجمەدین كەریم ئێوارەی رۆژی سێ‌ شەممە لەفڕۆكەخانەی بەیروتی پایتەختی لوبنان دەستگیركراوە، كە بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، ناوبراو رۆژی یەك شەممە چووەتە  لوبنان  و دوێنی سەركەوتووە بچێت بۆ نەمسا لەناو فڕۆكەكە دایانگرتووەو دەستگیركراوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، فەرمانی دەستگیركردنەكەی نەجمەدین كەریم لەسەر گەندەڵییە و لەدادگای نەزاهەوەی عێراقەوە دەرچووەو لەلایەن پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپوڵ) جێبەجێكراوە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە ناوبراو ئێستا دەست بەسەرە و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆی هەرێم‌و بارەگای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات لەهەوڵی ئازادكردنیدان، یان لانی كەم لە لوبنان بیكەنە ژێر "ئیقامەی جەبری"‌و رادەستی بەغدا نەكرێت.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، هەرچەندە هەوڵەكان لەهەرێمەوە بۆ ئازادكردنی نەجمەدین كەریم بەردەوامە، بەڵام تائێستا بەهیچ ئەنجامێك نەگەیشتوون‌و رەنگە رادەستی دادگای عێراق بكرێتەوە.

لەدوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧وەو لەكاتی هێرشی سوپای عێراق بۆ سەر كەركوك نەجمەدین كەریم كەركوكی جێهێشت و لە هەولێر نیشتەجێبوو، دواتر لەسەر گەندەڵی لەلایەن دادگای نەزاهە سكاڵای لەسەر تۆماركراو فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچوو.

نەجمەدین كەریم پێشتر ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی بوو، بەڵام دوای رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر پەیوەندی بەو حیزبەوە نەماو خۆشی لەچەند بۆنەیەكی جیاواز رایگەیاند، كە وازی لەریزەكانی یەكێتی هێناوە، كە ئەو حیزبەش بەفەرمانێك دەریانكرد.

هـ ـ ح