بەیەكێك لەسەركردە "مافیا"ییەكان ناو دەبرێت
نەجمەدین كەریم لەبردنی ١٦٠ ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوتی هەرێم تێوەگلاوە

عیراق

25/05/2019‌ 4282 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەیەكی لوبنانی لە راپۆرتێكیدا باس لە تێوەگلانی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك دەكات لە بردنی پارەی نەوتی هەریمی كوردستان‌و ئاشكرایكرد، ناوبراو دەستی هەیە لەبردنی ١٦٠ ملیۆن دۆلار لە داهاتەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان.

رۆژنامەكە نەجمەدین كەریم بەیەكێك لە پایە سەرەكییەكانی دەسەڵاتی مافیایی لەهەرێمی كوردستان ناو دەبات .

رۆژنامەی "ئەلئەخبار"ی لوبنانی لە راپۆرتێكیدا بڵاویكردەوە، هۆكاری راگرتنی نەجمەدین كەریم لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپولەوە دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی ئەو لەیاریكردنی بە داهاتەكانی نەوتی كەركوك، كە خستوویەتییە هەژماری تایبەتی خۆی.

بەپێی رۆژنامەكە، نەجمەدین كەریم بەهۆی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی بەئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووستییەكانەوە هەیەتی یەكێكە لە "پایە سەرەكییەكانی مافیای دەسەڵاتدار بەسەر داهاتەكانی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە".

هەر بەپێی رۆژنامەكە، نەجمەدین كەریم و ئاشتی هەورامی توانیویانە سەدان ملیۆن دۆلار بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان كۆبكەنەوە ، بەجۆرێك "یەكەمیان ١٦٠ ملیۆن دۆلاری لە داهاتەكانی نەوتی خستووەتە سەر هەژماری تایبەتی بانكیی خۆی"، كە بەقسەی چەندین سەرچاوە ئەو كەسە یەكێكە لەپایەكانی بەقاچاخبردنی نەوتی هەرێمی كوردستان ، هەرلەبەر ئەوە چی لە بەغدا یان لە بەیرووت گوشارێكی زۆر هەیە تا بەپەلە ئازاد بكرێت ، ئەوەش لەترسی ئاشكرابوونی كارەكانی تری ئەو گرووپەی لەگەڵ نەجمەدین كەریم دەستیان لەو دۆسیانە تیكەڵاوە.

رۆژنەمە لوبنانییەكە  ئاشكراشیكردووە، بردنی ئەو دەیان ملیۆن دۆلارەی داهاتی نەوت لەلایەن نەجمەدین كەریمەوە بە هاوكاری و ئاگاداری ئاشتی هەورامی بووە، كە لەدوای رووداوەكانی ١٦ ی ئۆكتۆبەر لە یەكێك لە كۆشكەكانی خۆی لە هەولێر میوانداری كردووە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی