دڵەراوكێی عێراق لەدۆخەكە..
جیاوازی سەردانەكەی زەریف‌و پۆمپیۆ بۆ بەغدا

عیراق

27/05/2019‌ 1743 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەردوو سەردانەكەی محەمەد جەواد زەریفی و مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ بەغدا، بەراوردێكیان لەنێوان خۆیاندا دروستكرد، لەو كاتەی زەریف لە  نووسینگەی گەورە بەرپرسان و سەرۆكی فراكسیۆن و پارت و پێكهاتەكان و پیاوانی ئاینی و سەرۆكی هۆزەكان لە هاتووچۆدا بوو، سەردانەكەی پۆمپیۆ تەنیا 4 سەعاتی خایاند و تێیدا بەرهەم ساڵحی سەرك كۆمار و عادل عەبدولمهەدی سەرۆك وەزیرانی بینی، چەند یاریدەدەرێكی خۆشی جێهێشتن بۆ تەواوكردنی ڕاوێژكارییەكانی دیكەی.

پۆمپیۆ هۆشداری دایە بەرپرسە عێراقییەكان، كە واشنتۆن چاو لە هیچ ئاسانكارییەك ناپۆشێت، كە لایەنە عێراقییەكان لە پرسی سزاكاندا پیشكەشی ئێرانی بكەن ، كەچی زەریف بۆیە هاتە بەغدا، تاوەكو چەند داڕشتەیەكی جێگرەوەی ئاڵوگۆری بازرگانی بە دۆلار بخاتە بەردەم عێراقییەكان.

پۆمپیۆ داوای لە بەرپرسە عێراقییەكان كرد، ئەگەر تەنگژەی نێوان واشنتۆن و تاران بەرەو هەڵكشان چوو، جڵەوگیری ڕەفتاری میلیشیا عێراقییەكانی سەر بە ئێران بكەن ، كەچی زەریف خۆی لە قەرەی ئەم پرسە نەدا، كە بە تەواوی لەژێر كۆنتڕۆلی پاسەوانی شۆڕشی ئێرانی و قاسم سلێمانی دایە.

چاودیێران پێان وایە دەكرێت حكومەتی عێراق، بەدەنگ بەشێك لەو داواكارییانەی ئێرانەوە بچێت، بەڵام تەواو دەستەوەستانە لە بەدەنگەوەهاتنی ئەوەی ئێران دەیەوێت، كە عێراق دەتوانێت زانیاری لەسەر كۆگای چەك و تەقەمەنی و سەربازگەكانی میلیشیا عێراقییەكانی سەر بە ئێران لە ناوچە جیاوازەكان كۆبكاتەوە، بەڵام دەستەوەستانە لە تێپەڕاندنی سیستەمی چاودێری حەواڵەكردنێكی دارایی توندوتۆڵ، كە ئەمریكییەكان لە بانكی مەركەزی عێراقی كۆنتڕۆڵیان كردووە.

هەموو سەركردە سیاسییە عێراقییەكان بە كۆدەنگی دژ بە جەنگی نێوان تاران و واشنتۆنن، ئەمەش  لەسەر زاری محەمەد عەلی حەكیمی وەزیری دەرەوەی عێراقەوە گوزارەی لێكرا، كە وتی: عێراق دژ بە سزاكانی ئەمریكای سەر ئێرانە و ئەوەشی دووپات كردووە وڵاتەكەی لە هەوڵی ئەوەدایە بەهەر جۆرێك لە جۆرەكان، پشتی هاوسێكەی بگرێت. حەكیم ئەو میكانیزمانەی ڕوون نەكردنەوە كە پشتی ئیرانیان پێ دەگرێت، بۆیە چاودێران ئەو لێدوانانە بە قسەی دبلۆماسی دەدەنە قەڵەم.

عەبدولمەهدی لە دیداری لەگەڵ وەزیرە ئێرانییەكه،‌ خۆی لەوە پاراست هیچ هەڵوێستێكی ڕوون سەبارەت بە تەنگژەی نێوان واشنتۆن و تاران نیشان بدات، تەنها باسی دۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان و چۆنییەتی خۆپارێزی هەردوولا و ناوچەكە لە ئاكامی سزا و مەترسییەكانی جەنگ كرد، جەختیشی لەسەر گرنگی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە و هێشتنەوەی ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ئێران كردەوە.

بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار لە پێشوازیكردنی وەزیرە ئێرانییەكه،‌ لە قسەكردندا هەنگاوێك چووە پێشەوە، بەوەی پەرۆشی عێراقی نیشاندا بۆ پاراستنی ڕایەڵەكانی پەیوەندی لەگەڵ ئێران و چۆنییەتی گەشەپێدانیان، بۆ گەیشتن بەو خاڵەی عێراق دەكاتە تانوپۆی بەیەكگەیشتن و سەقامگیری ناوچەكە و بنیاتنانی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ هەموو دەوڵەتان و بە تایبەتیش دەوڵەتانی دەوروبەر لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش.

بەرهەم ساڵح باسیشی لە دوا لێكەوتەكانی سیاسی ‌سەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، پێویستی ڕێگری لە جەنگ و هەڵكشان، پەنابردنەبەر هێوركردنەوەی دۆخەكە و گفتوگۆی بنیاتنەرانە بۆ چەسپاندنی ئاشتی و كۆششی هاوبەش بۆ پاراستنی ناوچەكە لە زەرەرەكانی سزاكان و چارەسەری سیاسی تەنگژەكانی ئێستا كرد.

لای خۆشییەوە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان، لە پێشوازی وەزیرە ئێرانییەكەدا، پەرۆشی عێراقی نیشاندا لە پاراستنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ تاران و باقی دەوڵەتانی ناوچەكە، گرنگی گفتوگۆی ئاشتییانە بۆ بنیاتنانی متمانەی دووسەرە.  بەڵێنیشیدا عێراق ڕۆڵێكی میحوەری بگێڕێت لە خاوكردنەوەی بارگرژییەكانی نێوان تاران و واشنتۆندا و سەر بە هیچ میحوەرێكیش نابێت.

دەگمەن وایە كۆدەنگی سیاسی لە عیراقدا دروست ببێت، ئەگەر بشبێت پەیوەستە بە پرسە ڕوخسارییەكانەوە، ئەمەش واتای ئەوەیە لایەنە سیاسییە عێراقییەكان پەی بە كەمی كاریگەرییان دەبەن لە ئایندەی تەنگژەكەی نێوان تاران و واشنتۆندا.

وەزیرە ئێرانییەكە پێشوازی لە ڕۆڵی عێراق كرد لە لێكنزیكردنەوەی دیدگاكان و ئاماژەوەی بەوەشدا كە ووڵاتەكەی ئارەزوی هەڵكشانی سەربازی ناكات، ئامادەشە تاوتوێی هەر دەستپێشخەرییەك بكات كە یارمەتیدەر بێت بۆ خاوكردنەوەی بارگرژییەكان و بنیاتنانی پەیوەندی بنیادنەرانەی نێوان دەوڵەتانی دەوروبەر.

 دواتر زەریف ڕووی لە بۆگەراوەییەكانی (مرجعیات) نەجەف كرد، بۆ دەستەبەركردنی پشتیوانی بۆ ووڵاتەكەی لەسەر بنەمای یەكیەتی مەزهەبی نێوانیان، سەرچاوە ئێرانییەكانیش دەڵێن لەوانەیە زەریف ئەمەی بۆ مەیسەر بوو بێت. ئێران لە هەوڵدایە پشتیوانی سەركردە ئاینییەكانی عێراق بۆ خۆی دەستەبەر بكات لەو تەنگژەیەی لەگەڵ واشنتۆن تێیكەوتووە ، تاوەكو وەك ڕیكلامێك دژ بە ئەمریكا بەكاریبێنێت.

چاودێڕێكی سیاسی عێراقی ووتی، سەردانەكەی پۆمپیۆ بۆ عێراق تەنها ڕێنماییەكانی واشنتۆنی خستۆتە بەردەم عێراقییەكان، بۆیە تەنها چوار كاتژمێری پێویست بووه، تاكو پەیامەكەی بگەیەنێتە میلیشیا عێراقییەكانی سەر بە ئێران ‌،  بەڵام ئەوەی زەریفی زۆری خایاند، چونكە پێویستی بە لێدوانی بەرپرسە عێراقییەكان هەبوو، تاوەكو بەكاریان بێنێت لە بەرزكردنەوەی وورەی ناوخۆیی ئێران، لێدوانەكانیش سنورێكیان بۆ ئەو دەنگۆیانە دانا كە گوایە عێراق نزیكترە لە ئەمریكا وەك لە ئێران. 

چاودێرەكە بۆ ((عەرەب)) وتی: سەرباری سیاسەتە نەرمەكەی وەزیرە ئێرانییەكە ، كەچی جگە لە قسەی خۆش هیچی دەستگیر نەبووە، چونكە لایەنە عێراقییەكان هیچ پابەندبوونیكی ڕاستەقینەی دڵناییكەرییان نەدایە دەست وەزیرە ئێرانییەكە. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت كە لایەنە سیاسییە عێراقییەكان دەزانن توانستی جڵەگیری میلیشیاكانیان نییە، دەشزانن لە دۆخی شەڕی نێوان تاران و واشنتۆندا، بە ڕوونی ئەو لاوازی و دەستەوەستانییەیان دەردەكەوێت و ووڵاتیش تووشی پشێوی دەبێت.

سەردانەكەی زەریفی بۆ عێراق پەیامی تاران بوو بۆ ڕای گشتی ئێرانی، بەوەی ئەو بەرەیەی دروستیان كردووە، بە هۆی هەڕەشەكانی ئەمریكاوە لاواز نەبووە.

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر

بەپەلە