هەفتەیەك بەسەر "ئۆپەراسیۆنی چرنووك"ی سوپای توركیا بۆ سەر هەرێم تێدەپەڕێت

کوردستان

03/06/2019‌ 1316 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ماوەی هەفتەیەكە پرۆسە سەربازییەكانی توركیا لەناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوامە بۆ پەلاماردان و بەئامانجگرتنی بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان ، بێئەوەی لەسەر ئەو هێرش و پەلامارانەی توركیا هیچ هەڵوێستێكی فەرمی لەبەغداوە ببیسترێت ، لەسەر ئەوە بەرپرسێكی عێراقی دەڵێت: بەغدا زانیاری پێشوەختەی لەسەر پرۆسەكە هەبووە.

لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا ناوچەكانی سیدەكان و سۆران و خواكورك و بنگرد و چیای قەندیل و دەوروبەری قەزای ئامێدی و زاخۆ  ڕووبەڕووی هێرشی ئاسمانی و وشكانی سوپای توركیا بوونەتەوە ، ئەوە سەرباری ئەوەی ناوە ناوە دەكەونە بەر بۆردوومانی تۆپخانەكانی توركیا ، بەرپرسانی هەولێریش دەڵێن: لەو كردە سەربازیانەدا هیچ هاووڵاتییەكی مەدەنی نەبووەتە قوربانی تەنیا پێگەكانی پارتی كرێكاران و كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی لەناوچە چیاییەكان دەكرێنە ئامانج.

بەرپرسێكی پێشمەرگە لە دهۆك بەناوی دڵشاد زێباری، كە پلەكەی موقەددەمە دەڵێت: ئۆپەراسیۆنەكەی سوپای توركیا دژی چەكدارە دیارەكانی پارتی كرێكارانە  و  ئەو هێزانەش نزیكەی ٣٠ كیلۆمەتر هاتوونەتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان ، ئەو ناوچانەش كە پرۆسە سەربازییەكەی توركیای تێدایە پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایشی حكوومەتی هەرێمی لێنییە .

زێباری بۆ پێگەی "العربی الجدید" دەشڵێت: لە پرۆسەكەدا فرۆكە و هیلیكۆپتەری جەنگی بەشداری تێدا دەكەن ، جار نا جاریش تۆپخانەكان بۆردوومانی چەند پێگەیەك دەكەن.

هەروەها دەشڵێت: ئەو پرۆسەیە لەوەتەی زستانی رابردووەوە گەورەترین پرۆسەی سەربازیی دادەنرێت، بەهۆی ئەوەش كە تائێستا هیچ هاوڵاتییەكی مەدەنی نەبۆتە قوربانی بۆیە پرۆسەكە تائێستا بە خاوێنی ماوەتەوە ، چونكە هەمیش لە پرۆسە سەربازییەكانی پێشووتردا خەڵكی مەدەنی لە گوندەكان و ناوچە سنوورییەكان دەبوونە قوربانی.

زێباری باسی لەوەش كردووە، تازەترین هێزی توركی بەرەبەیانی رۆژی هەینی هاتوونەتە ناو خاكی هەرێم، كە لەدەیان سەرباز پێكهاتبوون و لە بنكەیەكی سەربازی توركی لە گوندی كریبی لە ناحیەی باتوڤا سەر بە قەزای ئامێدی جێگیر كراون .

رۆژی سێشەممە سوپای توركیا دەستپێكردنی پرۆسەیەكی سەربازی وشكانی فراوانی بەبەشداری هێزی ئاسمانی لەناوچەی خواكورك و بەبەشداری لێوایەكی كۆماندۆس راگەیاند كە ناوی لێنا "چڕنووك" ، ئامانجیش لە ئۆپەراسیۆنەكە وێرانكردنی پێگەكانی پارتی كرێكرانی كوردستان.

هەر لەو چوارچێوەیەدا بەرپرسێكی عێراقی بە "العربی الجدید"ی راگەیاندووە، بەغدا زانیاری پێشوەختەی لەسەر ئۆپەراسیۆنەكە هەبووە ، گوتووشیەتی ئەو هێرشانەی لەناو خاكی عێراقەوە دەكرێنە سەر توركیا ، مافی ئەوەی دەداتێ ڕێوشوێنی خۆپارێزی بۆ بگرێتەبەر .

ئەو بەرپرسە عێراقییە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە نە لەئێستا و لە ئایندەشدا عێراق بە توركەكان ناڵێت ڕێگەتان پێدەدەین لەناو خاكی عێراق ئۆپەراسیۆن بكەن ، بەڵام رەتیشیناكاتەوە ، هەماهەنگی لەنێوان هەردوولادا هەیە راشیگەیاندووە، پێشتر توركەكان بە حكومەتی عەبادی و بە حكومەتی ئێستاشیان گوتووە زۆر سوپاستان دەكەین ئەگەر خۆتان بتوانن ئەمن و ئاسایشی سنوورەكان بپارێزن و ڕێگە نەدەن پارتی كرێكارانی كوردستان لەوێوە هێرش بكاتە سەرمان .

پێشتر ، حامی ئەكسۆی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا وتی: چەندین ساڵە پارتی كرێكارانی كوردستان سنوورەكانی وڵاتانی دراوسێمان لە باشووری رۆژهەڵات كردۆتە بنكەیەك  بۆ هێرشكردنە سەر توركیا و بەهۆیەشییەوە دەیان هەزار هاوڵاتیمان كوژراون ، بۆیە بابەتی چالاكییەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لەناو خاكی عێراق و سوریا بۆتە بابەتێكی ئاسایشی نیستیمانی سەبارەت بە توركیا ، هەروەك گوتوویەتی ئەنقەرە چەندین جار  بەغدای لەوە ئاگادار كردۆتەوە كە دەبێت بەپێی ماددەی حەوتی دەستووری عێراق بەرپرسیاریتی هەڵبگرێت كە حكوومەتی وڵاتەكە پابەند دەكات بەوەی رێگە نەدات خاكەكەی بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەكاربهێنرێت .

لەهەمان كاتدا عەدنان فەیحان ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: لەسەر ئەو پرسیارەی لە حكومەتمان كردووە سەبارەت بە ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی توركیا دژ بە پارتی كرێكارانی كوردستان پەرلەمان چاوەرێی وەڵامی روونی حكوومەتە ، كە ئایا ئەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا كراوە یان نا ، چونكە ئەو پێیوایە ئەوە پێشێلكردنێكی ئاشكرای سەروەری عێراقە و دەبێت بوەستێنرێت.

لای خۆیەوە خاتو جیهان ئەندامی باڵی سیاسی پارتی كرێكارانی كوردستان لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بە پێگەی "العربی الجدید"ی وتووە: ڕەوشی ئەو ناوچانەی پارتی كرێكارانی تێدایە بەهۆی ئۆپەراسیۆنەكەی توركیاوە قەیراناوییە.

ئەوەشی وتووە: حكومەتی عێراق پەیوەندیمان لەگەڵ ناگرێت ، ئەگەر هاتبا و بەئاراستەی گفتوگۆ رۆیشتا ئەوە بەشێكی زۆری دۆسیەكان جارەسەر دەكران ، گرنگترینیان ئەوەی بە چالاكییەسەربازییەكانی پارتی كرێكارانی كوردستانە دژی هێزەكانی توركیا .

بەڵام ئەمین هەورامی، كە سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانە دەڵێت: پیشمەرگە ئامادە نییە لەناو خاكی عێراق لەگەڵ چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان بكەوێتە شەرەوە ، لەبەر ئەوەی ئەنجامەكانی كارەساتاوی دەبێت بۆ خەڵكی ناوچەكە.

ئەوەش دەڵێت: هەموو لایەك دەزانێت دۆسیەكە لەنێوان عێراق و ئێرا و توركیا و وڵاتە یەكگرتووەكان و چەندین بەرژەوەندی تریش تیكەڵ بووە ، پارتی كرێكارانیش ئەو دژیەكیانەی قۆستۆتەوە ، ئێستاش بەهۆی ئەو هەموو چەكە ئەمەریكییەی دەگاتە دەست هێزەكانی سوریای دیموكرات و دواتر دەگاتە دەستی ئەوان بۆیە  زۆر لە جاران بەهێزترن .

سەبارەت بە هەڵوێستی حكومەتی هەرێم لەسەر ئەوەی دەگوزەرێت هەورامی دەڵێت: "پێمان وایە پاتی كرێكاران رەگەزی ناسەقامگیری و هەڕەشەیە بۆسەر هەرێم . هیوادارین بگەڕینەوە بۆناو خاكی توركیا و خاكی هەرێم بۆ خۆ حەشاردان بەكار نەهێنن ، بەڵام دۆسیەكە لەدەستی بەغدادایە كە خۆشی سەربەخۆیی تەواوەتی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسیەكە نییە و چەندین هۆكاری بەهێزی تریش هەن ".

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی