شارپرێس:
لەژێر ئەو ناونیشانەی سەرەوە نووسەری رووسی بیۆتۆ ئەكۆبۆڤ لە گۆڤاری " فزگلیاد" بابەتێكی نووسیوە و تێیدا باس لەوە دەكات، كە چۆن سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئێس-٤٠٠"ی روسی بۆ چەكێكی جیۆسیاسی گۆڕاوە، دەشڵێت: هاوشێوەی توركیا و سعودییە و ئیمارات ئەگەر ئێران بیەوێت ئەوە مۆسكۆ ئامادەیە ئەو سیستەمەی رادەست بكات .
نووسەر دەڵێت: كۆسیستەمی ئێس-٤٠٠ بووەتە یەكێك لە بەهێزترین چەكە جیۆسیاسییەكانی روسیا ، نەوەك هەر لەڕووی سەربازییەوە، بەڵكو وەك ئامرازێكی سیاسیش بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێز لەجیهاندا .
لەم دواییانەدا و لەیەككاتدا سێ هەواڵی جیاواز لەسەر ئێس -٤٠٠ دەركەوتن ، كە دوویان ئەو قسەیەی سەرەوە دەسەلمێنن، یەكەمیان پەیوەندی هەیە بەو راستییەی، كە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا باش لەوە تێگەیشتووە هەڕەشەكانی لە توركیا بێسوودنو ئەردۆغان خۆی نادات بەدەستەوە ، ئەم هاوینەش سیستەمی مووشەكی ئێس-٤٠٠ دەگاتە توركیا .
هەواڵی دووەم پەیوەندی هەیە بە گرێبەستێكی تر لەگەڵ هیندستان ، لێرەشدا واشنتۆن دەیەوێت گوشار درووست بكات ، بەڵام ئەگەر كەسێك پێیوابێت هیندستانێك چەندین دەیەیە پەیوەندی و هەماهەنگی سەربازی تەكنیكی لەگەڵ مۆسكۆ هەیە و هەروا بەئاسانی دەستبەرداری ئەو گرێبەستە دەبێت ، ئەوە واتای ئەوەی هیچ شتێك لەسەر بیركردنەوەی جیۆسیاسییانەی دەستەبژێری سیاسی هیندستان تینەگەیشتووە.
هەرچی هەواڵی سێیەمە پەیوەستە بە هەواڵەی بانگەشەی ئەوە ی دەكرد كە گوایە رووسیا رەتیكردۆتەوە سیستەمی ئێس-٤٠٠ بدات بە ئێران و هەواڵەكەش بەخێرایی لەهەموو جیهاندا بڵاوبۆوە ، لەكاتێكدا رووسیا خۆی ئەو هەواڵەی رەت كردەوە ، كە ئامانج لێی بێزاركردنی ئێران و درووستكردنی كەلێن بوو لەنێوان مۆسكۆ و تاران و دووبارەكردنەوەی ئەو یارییە بوو كە ١٠ ساڵ پێشتر كردیان بەوەی كاتێك مۆسكۆ لەسەر خواستی واشنتۆن و تەلئەبیب گرێبەستی ئێس-٣٠٠ ی لەگەڵ ئێران سڕكرد .
بەڵام ئێستا رەوشەكە جیاوازە ، لەبەر ئەوەی رووسیا لەساڵی ٢٠١٥ وە لە سوریا لەگەڵ ئێران "برای چەكیین ". ئەوە جگە لەوەی خەریكە ئێران وەك ئەندامی تەواو بێتە ناو رێكخراوی شانگاهای بۆ هاوكاری . ئەوەش ئەوە نیشان دەدات ئەگەر ئێران پێویستی بە ئێس-٤٠٠ بێت ئەوە دەستی دەكەوێت ، بەڵام هێشتا داوایەكی لەو جۆرەی نەكردووە تا رەتبكرێتەوە .
ئەوەی بۆ ئەمەریكییەكان جێگای نیگەرانییە ئەوەیە ئەگەر بێت و ڕێكەوتنی فرۆشتنی ئەو جۆرە سیستەمەش لەگەڵ ئێران واژۆ بكرێت ، ئەوە ئەوكاتە ئەو سیستەمە هەر لە توركیا و سوریا و ئێران نابێت ، بەڵكو لە شانشینی سعوودییە و ئیماراتی عەرەبیش دەبێت ، ئەو دوو دەوڵەتەی خواستی خۆیان پیشانداوە بۆئەوەی ببنە خاوەنی ئەو جۆرە سیستەمە بەرگرییە مووشەكییە .
وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی