جەنگی سیبرانی چییە؟
تۆڵەكردنەوەی نهێنی نێوان ئەمریكا و ئێران

جیهان

24/06/2019‌ 3070 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە ماوەی ئەم چەند هەفتەی ڕابردوودا و لە سایەی هەڵكشانی بارگرژییەكانی نێوانیاندا، تازەترین سەرەباسی بەرەنگاربوونەوەی بەردەوامی ئەمریكا و ئێران هێرشی ئەلەكترۆنییە.

ئەم جەنگە زیاتر پەرەیسەند، بە تایبەتیش كاتێك و لە مانگی ڕابردوودا، ئیدارەكەی دۆناڵد تڕامپ سزای بەسەر كەرتی پتڕۆكیمیاوییەكانی ئێرانیدا سەپاند و دوای ئەوەش ئیران فڕۆكەیەكی چاودێری ئەمریكی لە نزیك گەرووی هورمز خستەخوارەوە.

ڕۆژی شەممە، میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە، لە دوای خستنەخوارەوەی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكە، ئەمریكا هێرشی ئەلەكترۆنیان كردۆتەسەر سیستەمەكانی كۆمپیوتەری ئێرانی كە بە مەبەستی هەڵدانی ڕۆكێتەكان بەكاردێن، وە هێرشیشان كردۆتەسەر تۆڕی سیخوڕی ئێرانی.

لە لایەكی دیكەوە، واشنتۆن تارانی بەوە تۆمەتبار كرد، كە هێرشە ئەلەكترۆنییەكانیان زیاد كردووە، "كریس كریبس" ی بەڕێوەبەری ئاسایشی ئەلەكترۆنی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ ووتی " بەرپرسان بۆیان دەركەوتووە كە "چالاكی ئەلەكترۆنی پۆخەڵ" لە لایەن چەند كەسیكی سەر بە حكومەتی ئێرانەوە لەجاران زیاتر دژ بە وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ئارادان.

یەكەم دەركەوتنی جەنگی دژمنكارانەی بۆشایی ئەلەكترۆنی لە ساڵی 2010 بوو، پێشتریش تاران لە گەرمەی تەنگژەی دۆسییە ئەتۆمییەكەی، واشنتۆن و تەلئەبیبی بەو تۆمەتبار كردبوو كە ڤایرۆسیكی ئەلەكترۆنی زۆر بەهێزیان دروستكردووە بە ناوی "ستانسكت" ، ئەو ڤایرۆسە هەزارەها كۆمپیوتەری ئێرانی ڤایرۆساوی كردووە، كاری ئامێرەكانی پاڵپێوەنەری مەركەزیشی پەكخستووە كە ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بەكاریان دێنێت.

ئەم جەنگە لە ساڵی 2007 لە نێوان ئستۆنیا و ڕوسیا، وە لە ساڵی 2008 لە نێوان ڕوسیا و جۆرجیا، وە لە 2009 لە نیوان كۆریای باشوور و ئەمریكا بەرپا بووە.

هیرشی سیبرانی چییە؟
"عەبدولغەفار دویك" ی توێژەر لە سەنتەری ئەهڕام بۆ لێكۆڵینەوە سیاسی ئیستراتیژییەكان دەڵێت دەكرێت 3 جۆرە شێوەی سەرەكی پڕۆسەكانی جەنگی سیبرانی پیادە بكرێن:

یەكەم/ هێرشكردنەسەر تۆڕەكانی كۆمپیوتەری میكانیكی: ئەمەش لە ڕێگەی چوونەناو تۆڕەكانەوە و پێدانی زانیاری هەڵە پێیان بۆ شڵەژاندنی بەكارهێنەرانی  تۆڕەكە، یان بڵاوكردنەوەی ڤایرۆسەكان بە ئامانجی پەكخستنی تۆڕەكە.

دووەم / بەرگریكردن لە تۆڕەكانی كۆمپیوتەری میكانیكی لە هەر چوونەناوەی دەرەكی لە ڕێگەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی دیاریكراوەوە كە "پاسەولنی تۆڕەكان" پێی هەڵدەستن، ئەمەش لە ڕێگەی دانانی پرۆگرام و ئەپڵیكەیشنی ئەوتۆ كە لەبەردەم دەرگای گریماناوییەكانی تۆڕەكە چاودێری میوانە هاككەرەكان دەكەن و ڕایان دەگرن، ئەمەش بە مەبەستی ناسینی ناسنامەكانیان ، ئەمە جگە لەوەی ڕوماڵێكی سەراپاگیری تۆڕەكە دەكەن بۆ گەڕان بە دوای ڤایرۆس و مینە سیبرانییەكان و ئاشكرا كردنیان و خۆپارێزی لێیان.

سێیەم / چاوخشاندنەوە بە تۆڕەكانی كۆمپیوتەری میكانیكی: واتە توانستی چوونەناوەوەی نامەشروع و سیخوڕیكردن بەسەر تۆڕەكانی نەیارانەوە، ئەمەش بە ئامانجی دەستكەوتنی داتاكان نەوەك وێرانكردنیان، لەوانەیە نهێنی سەربازی و زانیاری هەواڵگری لە خۆبگرن. لە هەندێك دۆخدا لەوانەیە ڕێگە بە میوانێكی نادیار بدرێت بێتە ناو تۆڕەكەوە"،  ئەوجار شوێنپێی ئەو میوانە هەڵدەگرن بە ئامانجی ئاشنابوون بە شێوازی كاركردنیان و هەستان بە ئەنجامدانی كردەی دژە سیبرانی.

جۆری هێرشەكان 
- بەربڵاوترین جۆریان "هێرشی بێبەشكردن لە خزمەتگوزارییەكان" یان "هێرشی داپۆشینی خزمەتگوزارییەكان"، ئەمەش لە ڕێگەی نقومكردنی ئەو پێگانە بە لێشاوێك لە داتای ناگرنگ كە بەشێوەیەكی چروپڕ دەنێردرێن بۆ پێگە بەئامانجگیراوەكان، ئەمەش قەرەباڵغییەك لەو پێگەیە دروست دەكات یان خزمەتگوزارییەكان خاو دەكاتەوە، بەمەش بەكارهێنەران دەستیان بە داتاكان ناگات بە هۆی قەرەبالغی زانیارییەكانەوە.

- هێرشی "كەسێكی ناوەند" ئەمەش كردەیەكە كەسێكی هێرشبەر ئەنجامی دەدات بۆ دابڕینی دوولایەنی گفتوگۆكار، واش دەردەكەوێت كە خودی دوولایەنەكە ڕاستەوخۆ ئەو كارە دەكەن، كەسی هێرشبەر جڵەوگریان دەكات، كەسی نێوەند هەڵدەستێت بە نمایشكردن و خستنەسەر و سڕینەوە و هەمواركردنەوەی ئەو نامانەی لە نیوان دوولایەنەكەدا ئاڵوگۆڕ دەكرێن.

- ڕاوچی تەڵەكەباز Phishing Attacks: كردەیەكە ئامانج لێی دەستخستنی زانیاری تایبەت و گرنگە وەك ناوی بەركارهێنەران و پاسۆڕد و ووردەكاری كارتی دەستەبەری، ئەمەش بە ئامانجی بەركارهێنانی زیانبەخشانە دژ بە خاوەنەكانیان. ئەمەش لە ڕێگەی ئەپڵیكەیشنێكی پەیوەندییەوە ئەلەكترۆنییەوە ئەنجام دەدرێت كە جێی متمانەیە، وە "هێرشكردنەسەر پاسۆڕد" ، ئەمەش شێوازێكی باو و بەرڵاو و كارای هێرشكردنە بۆ چوونەناوەو و شتی دیكەش.

ئەنجامەكانی جەنگی سیبرانی 
دویك لە تێیژینەوەیەكی لە پێگەی ئەهڕام بۆ لێكۆڵینەوەی سیاسی و ستراتیژی دەڵێت شوێنكاری كاریگەری هێرشە سیبرانییەكان دەكەوێتەسەر بەهێزی هێرشەكە و ئەو پرۆگرامانەی هێرشەكەیان پێ ئەنجام دەدرێت، بە گشتیش لەسەر 3 هۆكار بەندن: گرنگی خزمەتگوزارییە پێشكەش كراوەكە، خۆپارێزی پێشوەخت، بەهێزی هێرشەكە. لە نموونەی ئەو تەنگژانەی كە تووشی ژێرخانی زانیاری دەبن: لاوازی بەشەكی خزمەتگوزارییەكان (وەك پچڕانی تەزووی كارەبا)، وەستانی تەواوەتی خزمەتگوزارییەكە ( وەستانی تەواوی كەناڵە ئاسمانییەكان)، پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكی ساختە (وەك شێواندنی سیستەمی كاركردنی بانكەكان).

لە ساڵی 2015 مەترسیداری ئەو هێرشانە گەیشتنە ڕادەی چەتەگەری تۆڕەكانی كۆمپوتەر و بوونە هۆی وەستاندنی پەخشی كەناڵێكی فەڕەنسی.

تۆڵەكردنەوەی نهێنی 
ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" و پێگەی " یاهو نیوز" ووتیان كە دۆناڵد تڕەمپی سەرۆكی ئەمریكا كە لە بەرامبەر خستنەخوارەوەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانە ئەریكییە بێدەنگ بوو و ووڵامی ئێرانە نەدایەوە، بە نهێنی فرمانی بە سەركردایەتی سیبرانی ئەمریكی كردووە كە  هێرشی ئەلەكترۆنی تۆڵەسەندنەوە بكەنەسەر ئێران.

ڕۆژنامە ووتی هێرشەكە كراوەتە سەر سیستەمی تەقاندنی موشەكی ئێرانی، بەڵام قسەكەری وەزارەتی بەرگی باسی لەو كردە ئەلەكترۆنییە نەكردووە.

ئەمریكاش ئێرانی بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە ئەلەكترۆنییانە تۆمەتبار كردووە، بەڵام تاران ئەو تۆمەتانەی ڕەتكردوونەوە.

دژەهێرش
كۆمپانیاكانی ئەمنی سیبرنی دەڵێن لەگەڵ هەڵكشانی بارگرژییەكاندا، ئێران هێرشە ئەلەكترۆنییە دوژمنكارییەكانی دژ بە حكومەتی ئەمریكا و بونیادە ژێرخانە زیندووەكانی زیاد كردوون .

هەردوو كۆمپانیای "كڕواد سترایك و فایەر ئای" ڕوونیان كردۆتەوە كە چەتەكانی ئەنتەرنێت - وا باوەڕ دەكرێت سەر بە ئێرانن-  لەم چەند هەفتەی پێشوودا، ئاژانسەكانی حكومەتی ئەمەریكایان بە تایبەتیش كەرتی ئابووری (نەوت و گاز) بەئامانجگرتووە.

سەرچاوە: SKY NEWS 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر