لەدوای هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانییەكانی دەسەڵات لەعێراق
جوڵە بۆ زیندو كردنەوەی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەكاتەوە

کوردستان

07/07/2019‌ 1366 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە كۆتاییدا كوتلەو حیزبە سیاسییەكانی عێراق دەیانەوێت گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی زیندوبكەنەوە و سوی لێ ببینن بۆ دەسكەوتی سیاسی لە خولەكانی هەڵبژاردنەكانی ئایندەدا.

جوڵەكە لەنێو بازنەی كوتلەكانی –هاوپەیمانی نیشتمانی- پێشوو دەستیپێكردووە، بەرپرسەكانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن هاوكێشە سیاسییەكانی عێراق گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە لەپاش دابەش بوونێكی روونی نێوان كوتلەكان.

گەورەترین دوو هاوپەیمانی سیاسی لە عێراق –هاوپەیمانی بینا- كە كوتلەی نوری مالیكی و هادی عامری لە خۆی دەگرێت، و كوتلەی –ئیسلاح-یش حەیدر عەبادی و موقتەدا سەدر و ئەوانی تر دەگرێتەوە، نەیانتوانی خۆیان ڕاگرن لە بەرانبەر جوڵە دابەشكاریەكاندا‌و ماوەی 8 مانگ توانیان بەردەوام بن تا كاتی پێكهاتنی حكومەتی ئێستای عێراق بەسەرۆكایەتی عادل عبد المهدی.

بە گوێرەی قسەی بەرپرسێكی حكومی ئاگادار، كوتلە سیاسیە گەورەكان هەریەكەیان كار بۆ ئەوە دەكەن خۆیان كۆبكەنەوە بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلە، ئەوەشی روون كردۆتەوە، هەردوو كوتلەی مالكی و عامری كار لەسەر پێكهاتنی كوتلەیەكی گەورە دەكەن، و خاڵە نزیكەكانی نێوان هەردوولایان روونن، لەگەڵ هەبونی ناكۆكی بچووك.

بەرپرسەكە ئەوەشی روونكردووەتەوە، هەردوو هاوپەیمانییەكە تواناكانیان خستووەتە گەڕ لەگەڵ كوتلە دابەش بوەكانی تردا لە هاوپەیمانییەكانی بەنا‌و و ئیسلاح بۆ ئەوەی كۆیان بكەنەوەو لە هاوپەیمانییەتێكی نوێدا جێگایان بكەنەوە. ئاماژەی بۆ ئەوەش كردوە جوڵەكان تەنها ئەم دوو كوتلەی نەگرتۆتەوە، بەلكو كوتلەكانی عەبادی و سەدر هەمان رێچكەیان گرتۆتە بەر، بەلام كوتلەی حیكمە (بەرهەڵستكار) دەیەوێ بازنەكەی فراوان بكات و پاڵپشتی كوتلەكانی تر بە دەست بهێنێ، بۆ ئەوەی هاوسەنگی سیاسی لە ولاتدا رابگرێت.

هەمان بەرپرس ئەوەی روونكردووەتەوە، كوتلەكان لە هەوڵی ئەوەدان شكستی ئەزمونی حكومەتی ئێستا بقۆزنەوەو چاوەڕوانی دووبارە بنیادنانەوەی گەورەترین كوتلەن، بەوەی هاوكێشەی سیاسی گۆڕانی بەسەردا هاتوە، لە ئێستادا دابەش بوونی سیاسی لە نێو یەك پێكهاتەشدا هەیە، ئەمەش رەنگدانەوەی لەسەر هاوپەیمانیەتیەكان هەبوە، رێكارەكانیش وا دەكەن دووبارە بنیادنانەوەی گەورەترین كوتلە رووبەرووی بەربەست و ئالۆزی زۆر ببێتەوە.

لای خۆیەوە، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە تەیاری حیكمەی بەرهەلستكار، ریاز مەسعودی وتی : هەردوو هاوپەیمانێتی بنا‌و و ئیسلاح گرنگیان لە دەستداوە لەدوای پێكهاتنی حكومەت. بەوەی هەردوو كیان لەسەر بنەمای ململانێ لەسەر پێكهانی حكومەت و ماف پێكهاتبوو، وەهاش دادەنرا ئەوان گەورەترین كوتلەن، پاش ئەوەی حكومەت پێكهات، هەردوو كیان نەیان توانی ویستەكانی شەقامی عێراقی بەدەست بهێنن، لە ئێستاشدا واقیع ئەوە دەسەلمێنێ هیچیان بوونیان لە نێو پەرلەماندا نییە، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، بژاردەی بەرهەڵستكار (معارەزە) بوون دوای پێكدادانی بەرژەوەندییە سیاسیەكان نەهات، بەڵكو بژاردەیەكی نیشتمانی بوو پێش پێكهێنانی حكومەتی و هەڵبژاردنەكان هەبوون.

هەرچی محەمەد بەیاتییە، ئەندام پەرلەمانی پێشوو لە كوتلەی بەدر (بەشێك لە هاوپەیمانێتی بنا‌و) داوای ئەوەی كرد پێویستە عێراق لەم قۆناغەی ئێستای رزگار بكرێت و گەورەترین كوتلە دروست بكرێت و حكومەت بگرێتە دەست.

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، بەشەكانی تر لە كوتلەكان مەرجەكانی گەورەترین كوتلە قبوڵ ناكەن، ئەوانەشی نایانەوێ پێویستە ببنە بەرهەڵستكار، ئەمەش ئەزمونێكی جیهانیەو لە زۆربەی ولاتاندا بوونی هەیە، باشی لەوەش كرد دەبێ سەرجەم كوتلەو حزبە سیاسیەكان ئەمە لەبەرچاو بگرن و روەو دروست كردنی گەورەترین كوتلە هەنگاو بنێن پێش ئەوەی كات لە دەست بدرێت.

گەورەترین كوتلە، بریتییە لە گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی لە رێی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە، ئەم كوتلەیە پێكهێنانی حكومەت و كاندیدكردنی سەرۆكەكەی دەكەوێتە ئەستۆ بە گوێرەی دەستوری عێراقی و دەسەلاتی دادوەری؛ لە خولەكانی پێشووی پەرلەماندا پێش ئەم خولەی ئێستا.

كوتلە سیاسییەكانی عێراق ئەم پرۆسەیەیان تێپەڕاند، دوای ئەوەی رێككەوتن لەسەر كاندیدكردنی عادل عبد المهدی بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی ئێستا، لە كاتێكدا عبد المهدی سەر بە هیچ كوتلەیەكی پەرلەمانی نیە، ئەمەش لە دواییدا بوە مایەی مشت و مڕێكی سیاسی لە نێوان رەزامەندی و رەتكردنەوەدا.

سەرچاوە: العربی الجدید
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا