وەزارەتی بازرگانی تۆمەتباردەكرێت بەخۆدزینەوە لەخەرجكردنی پارەی جوتیارانی هەرێم

عیراق

07/07/2019‌ 604 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەییادە نەججاڕ پەرلەمانتاری لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ، وەزارەتی بازرگانی تۆمەتباركرد بەوەی خۆی لە بەرپرسیارییەكانی دەدزێتەوە لە خەرجكردنی شایستە داراییەكانی جوتیارانی هەرێم كوردستان.

نەججاڕ لە لێدوانێكیدا بە پێگەی "مەعلوومە"ی راگەیاندووە، وەزارەتی دارایی شایستە داراییەكانی ساڵانی رابردووی جوتیارانی خەرج كردووە و رادەستی وەزارەتی بازرگانی كردووە تاوەكو لەبەرانبەر ئەو گەنم و جۆیەی لێیان وەرگیراوە بەسەریاندا دابەش بكرێت.

ئەو ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیری پێشووی عێراق و وەزیری بازرگانی بەرپرسیارییەتی خەرجنەكردنی پارەی گەنمی جوتیارانی كوردستانیان لەئەستۆدایە.

ئەو پەرلەمانتارە داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەكات، كە بڕیارێك دەربكات و تێیدا وەزارەتی بازرگانی ناچار بكات شایستە داراییەكانی جوتیارانی كوردستان خەرج بكات ، روونیشی دەكاتەوە لیژنەكەیان پلان دادەنێت وەزارەتی بازرگانی ببێتە یەكێك لە كەرتە ئابوورییە چالاكەكان بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی ناوخۆ.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا نەججاڕ رایگەیاندووە، ئەو هەڵسوكەوتە نابەرپرسانە و نایاساییانەیەی وەزارەتی بازرگانی دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ئابووری عێراق.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی