نێچیرڤان بارزانی سەركەوت
ئاشتی هەورامی یەكەم شكستی مەسرور بارزانی

کوردستان

07/07/2019‌ 7414 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەسەرەتاكانی هەزارەی دووەم‌و لەپێش یەكگرتنەوەی ئیدارەكانی هەولێرو سلێمانی، یەكێتی نیشتمانی، كە دەسەڵاتداری ئیدارەی سلێمانی بوو، بیرۆكەی دەرهێنانی نەوتی لەكێڵگە نەوتییەكانی شیواشۆك لەكۆیە هەبوو.

ئەوكات بەرهەم ساڵح تازە سەرۆكایەتی ئیدارەی سلێمانی وەرگرتبوو، بۆ بیرۆكەی دەرهێنانی نەوت، ئاشتی هەورامی وەزیری سانانەسروشتییەكانی لەبەریتانیاوە هێنایەوە هەرێمی كوردستان‌و بەمەكتەبی سیاسی یەكێتی ناساند.

بەرهەم ساڵح لەكاتی ناساندنی ئاشتی هەورامی بەمەكتەبی سیاسی یەكێتی، بیرۆكەی دەرهێنانی نەوتی لەشیواشۆكیش خستبووەڕوو، بۆ ئەوەش پێشنیازی، وەزیری نەوتی بۆ ناوبراو كردبوو، بەڵام ئەو لەگەڵ پۆستەكە داوای ٣%ی پشكی گرێبەستە نەوتییەكانی كردبوو، كە ئەو داواكارییەش هۆكاربوو بۆ نەگەیشتنە رێككەوتن‌و لێكجیابوونەوەی هەردوولا.

نەگەیشتنە رێككەوتنی یەكێتی‌و ئاشتی هەورامی، دەرگای بەڕووی دروستبوونی پەیوەندییەكانی ئەو شارەزایەی نەوت‌و پارتی دیموكرات كردەوەو لەو دەرگایەشەوە ئەستێرەی بەختی هەورامی لەهەرێمی كوردستان گەشایەوەو لەساڵی 2006وەو لەدوای یەكگرتنەوەی ئیدارەكانی هەرێم، تائێستا، كە كابینەی هەشتەم وا كۆتایی بەوادەكەی دێت، وەزیری سامانەسروشتییەكانە.

چەند ساڵێكە ئەستێرەی بەختی ئاشتی هەورامی لەهەرێم بەگەشاوەیی ماوەتەوەو بەردەوامیش دەبێت، چونكە زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، كە ناوبراو جارێی تر لەلایەن پارتی دیموكراتەوە دەكرێتەوە بەوەزیری سامانە سروشتییەكان، ئەوەش لەكابینەی نۆیەم بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، نێچیرڤان بارزانی پشتگیری ئاشتی هەورامی كردووەو پێداگیری كردووە، بۆ ئەوەی جارێكی تر پۆستی وەزیری سامانەسروشتییەكان لەكابینەی نۆ وەربگرێتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان ئەو پشتگیرییەی نێچیرڤان بارزانی، كە ئێستا پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی هەیەو پێشتر سەرۆكی حكومەت بوو وایكردووە، كە پارتی دیموكرات جارێكی تر هەورامی بۆ پۆستی وەزیری سامانەسروشییەكان كاندید بكاتەوە.

یەكەم شكستی مەسرور بارزانی
هەڵبژاردنەوەی ئاشتی هەورامی بۆ وەزیری سامانەسروشییەكان، دەبێتە یەكەم شكستی مەسرور بارزانی لەكابینەی نوێ‌، چونكە زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، كە ناوبراو هەر لەسەرەتاوە دژی هەڵبژاردنەوەی بووە بۆ وەزیری سامانە سروشتییەكان.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، كە جگە لەمەسرور بارزانی، تەنانەت خودی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیش دژی ئەوە بووە ئاشتی هەورامی بكرێتەوە بەوەزیری سامانەسروشییەكان، بەڵام پێداگری نێچیرڤان بارزانی‌و پشتگیرییەكانی بوونەتە بەربەست لەبەردەم باوك‌و كوڕو سەركەوتوو نەبوون.

ئاشتی هەورامی ناوی تەواوی عەبدوڵڵا عەبدولرەحمان عەبدوڵڵایەو ساڵ ‌و شوێنی لەدایك بوونی 1948 سلێمانی-یەو پلەی خوێندنی بەكالۆریۆس لەئەندازیاری نەوت لە 1971 لە زانكۆی بەغداو لە ساڵی 1971 تاكو 1974 ئەندازیار بووە لەكۆمپانیای نەوتی نیشتمانی عێراق لە بەسرەو لەساڵی 1978 دكتۆرای لەئەندازیاری یەدەگی نەوتی لەسكۆتلەندا وەرگرتووەو لەساڵی 1975 تاكو 1982 لەكۆمپانیای british national oil company و north sea لەسكۆتلەند وەكو ئەندازیار كاری كردووە. 

هەورامی لە ساڵی 1982 تاكو ساڵی 1985 لەگەڵ كۆمپانیای intera لە لەندەن ئەندازیاری گەورەی نەوت بووەو لەساڵی 1985 تاكو 1988 سەرۆكی ئەندازیاران بوو لەكۆمپانیای Exploration Consultants دا لە بەریتانیاو لەساڵی 1988 تاكو 1999 خاوەن و بەڕێوەبەری Duke Engineering & Services Limited بووە لە بەریتانیاو لەساڵی 1999 تاكو 2006 سەرۆكی كۆمپانیای ECL- Exploration Consultants Group Plc بووە لەبەریتانیاو لەساڵی 2006 وە لەكابینەی پێنجەم‌و شەشەم‌و حەوتەم‌و هەشتەم حكومەتی هەرێمی كوردستان وەزیری سامانە سروشتییەكان بووە. 

هۆكاری ناڕازایی مەسعود بارزانی لەئاشتی هەورامی بۆ سەرنەكەوتنی لەبیرۆكەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەشێوەی راستەوخۆ لەساڵی 2014یە، كە بەو هۆیەوە هەرێمی كوردستان تووشی قەیرانێكی دارایی قورس بوو، پەیوەندییەكانی هەولێرو بەغداش بەو هۆیەوە گەیشتە خراپترین ئاست.

بەڵام لەگەڵ ناڕەزاییەكانی بارزانی‌و كوڕەكەی، هاوكێشەی تر تێكەڵ بووە، ئەویش پشتگیری لایەنی توركی بووە بۆ ئاشتی هەورامی، كە ئەوە وایكردووە، ویستەكەی نێچیرڤان بارزانی سەربكەوێت‌و ناوبراو بكەنەوە بەوەزیر لەكابینەی نۆ، كە رەخنەیەكی زۆری لەسەرەو تەنانەت زۆرجار پارتی خستووەتە دۆخی زۆر خراپەوە.