دوای راگەیاندنی مردنی هیندییەك لە دارەمەیتەكەیدا زیندوو دەبێتەوە

جیهان

09/07/2019‌ 1150 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەشاری لكناوی باكووری هیندستان دوای ئەوەی خەڵك خۆیان بۆ كەسێك ناشتنی ئامادە دەكرد، كە پێشتر پزیشك بە فەرمی مردنی راگەیاندبوو ، بەڵام لەكاتی بەرێوەچوونی رێورەسمی ناشتنەكەدا هەستایەوە و دەركەوت كە هێشتا زیندووە.

رۆژی دووشەممەی رابردوو مردنی محەمەد فورقانی تەمەن (٢٠ ساڵ ) راگەیەنرا كە لە ٢١ی حوزەیرانەوە بەهۆی رووداوێكەوە هۆشی نەمابوو .

راگەیاندنی مردنی محەمەد راستەوخۆ دوای ئەوە هات كە خێزانەكەی بەو نەخۆشخانەیەیان راگەیاند  كە كورەكەیانی لێچارەسەر دەكرا بەوەی چیتر پارەی چارەسەركردنی نەخۆشەكەیان نەماوە كە لە ١٠ هەزار دۆلاری ئەمەریكی زیاتریان لێخەرج كردبوو .

بەڵام ئەوەی هەمووانی تووشی شۆك كرد ئەوە بوو لەكاتی ڕۆیشتن بۆ گۆڕساتان بەمەبەستی  ناشتنی محەمەد ، یەكێك لە ئەندامانی خێزانەكەی هەستی بە جوڵەی یەكێك لە پێكانی كردبوو ، هەر بۆیە بەخێرایی داوای ئۆتۆمبێلی فریاكەوتنیان  كردووە و  دەستبەجێ گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە . دوای پشكنینی پزیشكی دەركەوت كە بەڵێ محەمەد هێشتا لەژیاندایە و نەمردووە .

بەهۆی رووداوەكەوە دەسەڵاتداران دەستیان بەلێكۆڵیەنەوە كردووە بۆ زانینی هۆكاری راگەیاندنی مردنی محەمەد لەلایەن پزیشكەكانەوە  بێئەوەی كە مردنی دڵنیابن .

محەمەد فورقان ئێستا لە نەخۆشاخانەیە ،هەرچەندە پزیشەكەكانی دەڵێن باری تەندرووستی زۆر خراپە بەڵام مێشكی بەباشی كار دەكات و سووری خوێن و لێدانی دڵی جێگیرە ، بەلام ژیانی لەسەر هەناسەدانی دەستكرد وەستاوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی