لەمیدیاكانەوە.. وەزیری بەرگری عێراق شوێنی ئەبوبەكر بەغدادی ئاشكرادەكات

عیراق

15/07/2019‌ 1594 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەرگێڕان‌و ئامادەكردن: لوقمان حاجی قادر

پێگەی مەعلومە بڵاویكردەوە.
باقر جابر زوبەیدی وەزیری پیشووتری عێراق، لە میانەی باسكردنی پڕۆسەی نەسر دژ بە داعش، شوێنی ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی ڕێكخراوی تیرۆرستی داعشی ئاشكراكردو وتی ئەبوبەكری بەغدادی لە لیبیایە.

ئەوەشی وت: كە داعش كۆششی خۆی لە عێراق و لیبیا چڕدەكاتەوە، ئەوەشی ڕاگەیاند، بوونی ئەو سەركردە تیرۆرستە لە لیبیا واتای بەردەوامی كار و كردەوە تیرۆرستەكانی داعشە.

ئاژانسی سپۆتنیك عەرەبی بڵاویكردەوە 
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیری پێشوو، ئامادەكارییەكانی خۆی دەستپێكردووە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر كورسی فەرمانڕەوایی سیاسی لە عێراقدا. 

سەرچاوە ئاگادارەكانیش دەڵێن ناوبراو بۆ ئەو مەبەستە چاوپێكەوتنەكانی لەگەڵ سەركردەی فراكسیۆن و پارتە سیاسییەكان دەستپێكردووە.

ئاژانسی هەواڵی "فڕەنس پرێس " باسی لەوە كردووە عەبادی لە زۆر بواردا و بە تایبەتیش بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، خۆی وەك جێگرەوەیەكی عەبدولمەهدی ڕادەنوێنێت و خۆشی بۆ ئەو ڕۆڵە ئامادە كردووە.   

ئاژانسەكە لەسەر زاری سەرچاوەیەكی حكومەتی عێراقییەوە ئەوەی گواستووەتەوە، كە عەبادی خەریكی جۆشدانی سیاسییە و گرەویش لەسەر ناڕەزایی خەڵك لە خراپی خزمەتگوزارییەكانی وەك كارەبا دەكات بۆ گەڕانەوەسەر كورسی حوكمڕانی.

عەبادی پرسی كڕینی پۆستەكانی حكومەتی زەق كردۆتەوە، كە پێشتر بە نهێنی بووە و ئێستاش بە ئاشكرایی ئەو كارە ئەنجام دەدرێت، هەروەك لە پێكهێنانی حكومەتی تازەدا ڕوویدا.

رۆژنامەی عەرەبی جەدید بڵاویكردەوە.
دوا شكستی شاری بەسرە لەوەی ببێتە هەرێمێكی سەربەخۆ، پارێزگاكە بە دوای دەرەچەی یاسایی دیكەوەیە بۆ شادبوون بە مافەكانی و دەربازبوون لە كۆت و بەندی حكومەتی ئیتحادی، ئەمەش لەو داواكارییەدا بەرجەست بووە كە دانیشتوانی قەزای زوبیری سەر بە پارێزگاكە خستویانەتەڕوو، تاوەكو قەزاكەیان ببێتە پارێزگا.

بەرپرسێكی پارێزگای بەسرە لەو بارەوە وتی: ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی زوبەیر بە فەرمی دەنگیان بۆ ئەوە داوە قەزاكەیان ببێتە پارێزگا، پرسەكە كۆدەنگی لەسەر بووە و بە گوێرەی چوارچێوە دەستوری و یاساییەكانیش داوەكەی خۆیان خستۆتەڕوو.

عەباس ماهیر-  ی قایمقایمی شارەكەش دەڵێت داواكە ڕێوشوێنێكی ڕووتی ئیدارییە و پەیوەندی بە سیاسەتەوە نییە و ئیدارەی شارەكەش حزبی نین، دانیشتوانەكەشی كە 1 ملیۆن كەسن و بەم هەنگاوەش زیاتر بە مافەكانیان شاد دەبن، چونكە یاساكان دەسەڵاتی پێویستی پیشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانیان بە ئیدارەی قەزاكە نەبەخشیووە، هەر ئەمەش وای لێكردوون داواكەیان بخەنەڕوو. 

ناوبراو وتیشی: ڕووبەری قەزاكەی نیوەی ڕووبەری پارێزگای بەسڕەیه، لەسەر دەریایەك نەوتە، زۆرینەی بەندەركانی تێدان، خەڵكەكەشی بەدەست هەژاری و بێكارییەوە دەناڵێنێت.

كۆنگرەی هەرێمی بەسرەی یەكگرتووش، ناڕەزای دەربڕی بەرامبەر ئەوەی حكومەتی ئیتحادی ڕێزی لە داواكاری بە هەرێمبوونی شاری بەسرە نەگرتووه و بە مەترسیدار و هەوڵی جیاكارییان لە قەڵەم داوە، سەرباری ئەوەی  هەم واژۆیان كۆكردۆتەوە و هەمیش ئەنجومەنی پارێزگای بەسڕە داوایەكی فەرمی پێشكەش كردووە‌‌ و  لیژنەیەكی هاوبەشیشیان بۆ هەماهەنگاری كۆششەكانی ئایندەیان پێكهێناوە بە مەبەستی بە هەرێمبوونی پارێزگاكەیان كە نوێنەری هەموو چین و توێژەكانی ئەو شارە لەخۆ دەگرێت. ووتیشی ئەم چارەسەر بۆ پارێزگاكەیان نموونەییە و دەستوری عێراقیش ڕێگەی بە پارێزگایەك یان زیاتر داوە، داواكارییەكی لەم جۆرە پێشكەش بكەن. 

ئاژانسی سپوتنیك عەرەبی بڵاویكردەوە.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناڕەزایی و دڵەڕاوكێی  هەولێرەی سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەكانی توركیا بۆسەر بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان دەربڕیووە، داواشی لە هەمووان كردووە ڕێز لە سەروەری یاسا بگرن. 

كەناڵی ئاسمانی ڕووداو باسی ئەوەی كردووە كە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەم ناڕەزاییەی هەولێری بە "فاتیح یاڵدز" ی باڵوێزی توركیا لە عێراق ڕاگەیاندووە لەوەی هاووڵاتییانی مەدەنی بوونە قوربانی هێرشەكانی توركیا بۆ ‌سەر ناوچە سنورییەكانی هەرێم.

مانگی‌ پێشووش وەزارەتی دەرەوەی عێراق ناڕەزایی خۆی دژ بەو هێرشە ئاسمانییانەی دوو فرۆكەی توركی دەربڕی بۆسەر ناوچەی كورتەكی پارێزگای سلێمانی كە كوشتن و برینداربوونی خەڵكی مەدەنی لێكەوتۆتەوە. ڕاگەیاندنی سوپای توركیاش ئەو هەواڵەی ڕەتكردۆتەوە كە فڕۆكەكانیان هێرشیان كردبێتەسەر ئەو ناوچەیە.

لە سەرێكی دیكەوە بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ، توركیا كردەی سەربازی ئاسمانی و زەمینی تازەی دژ بە هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە هەرێمی كوردستان  لە ناوچەی خواكوڕك ڕاگەیاندووە.

پێگەی عەرەب بڵاویكردەوە 
رۆژی شەممەی ڕابردوو، لە پارێزگای كەربەلا، نوری مالیكی بۆ جاری دووەم وەك ئەمینداری گشتی حزبی دەعوە هەڵبژێردرایەوە. 

ناوبراو بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2006 بە ئەمینداری گشتی ئەو حزبە هەڵبژێردرا.
 
حەسەن سنێدی سەركردەی ئەو حزبەش لە لێدوانێكیدا بۆ‌ ئاژانسی "ئەهلی بەیتی ئەنبیا)" ڕایگەیاند كە مالكی لە كۆی دەنگی ئامادەبوونی كۆنگرەكە كە 350 ئەندام بوون، ڕێژەی 342 دەنگی بەدەستهێناوه.

سەرچاوە عێراقییە چاودێرەكانی ئەو كۆنگرەیە وتیان كە ژمارەیەكی كەمی ئەندامانی حیزبی دەعوە ئامادەی كۆنگرەكە بوون، خودی مالیكیش پێشبینی كەم ئامادەبوونی ئەندامانی كردبووە.

ئەحوال توركیا بڵاویكردەوە 
دوای ئەوەی توركیا بڕیاریدا قوربانی بە پێگە ستراتیژییەكەی بدات لە ناتۆ لە پێناو هاوبەشبەندی لەگەڵ ڕوسیادا، 4 لە گەورە كۆنگرێسمانەكانی ئەنجومەنی پیران لە هەردوو پارتە سەرەكییەكەی ئەمریكا، داوایان لە دۆناڵد تڕەمپ كردووە سزای تەواو بەسەر توركیادا بسەپێنێت، دوای ئەوەی ئەنقەرە مكوڕ بوو لەسەر كرینی  كۆسیستەمی موشەكی ئێس 400.

هێشتا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا وای نیشان دەدات كە ئەم مامەڵەیە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكادا تووشی گرفت ناكات و ڕەنگدانەوەكانی ئەم مامەڵەیەش لەژێر كۆنتڕۆڵدا دەبن. ووتیشی لە لوتكەی بیستەمینی یابان لە یۆنیۆی ڕابردوو، لەگەڵ ترەمپ قسەی كردووە، ئەویش ووتوویەتی كە سزا بەسەر توركیادا ناسەپێنێت.

لە سەرێكی دیكەشەوە وەزارەتی بەرگری توركیا گەیشتنی چەند بەشێكی كۆسیستەمە موشەكییەی ڕایگەیاند كە گەیشتۆتە فڕۆكەكەخانەیەكی سەربازی لە ئەنقەرە.

لە بەیاننامەكەی ئەو 4 سیناتۆرەدا هاتووە كە پێویستە ترەمپ بە گوێرەی یاسای "بەرەنگاربوونەوەی نەیارانی ئەمریكا لە ڕێگەی سزاكانەوە" سزای تەواو بەسەر توركیادا بسەپێنێت، داواشیان كرد پنتاگۆن مامەلەی فڕۆكەی ئێف 35 لەگەڵ توركیادا بوەستێنێت.

هەر یەك لە سەرۆكی لیژنەی ئەنجومەنی پیران بۆ كاروباری هێزە چەكدارەكان "جیم ئینهۆڤ- ی كۆماری"، گەورە سیناتۆری لیژنەكە لە دیموكراتەكان "جیك ڕید" ، وە سەرۆكی لیژنەی كاروباری نێودەوڵەتی " جیم ڕیش – ی كۆماری " ی كۆماری، وە گەورە سیناتۆری دیموكراتەكان "بۆب مینیندیز"  بەیاننامەكەیان واژۆ كردووە

شەڕقلئەوسەت بڵاویكردەوە 
ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، فیدیریكا مۆگرینی بەرپرسی سیاسەتەكانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا ڕایگەیاند، یەكێتی ئەوروپا پشتیوانە لە كۆششەكانی عێراق دەكات بۆ خاوكردنەوەی بارگرژی نێوان تاران واشنتۆن، مۆگرینی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ  محەمەد حەكیمی وەزیری دەرەوەی عێراق ووتی پشتیوانی لە سیاسەتەكانی عێراق دەكات بۆ پاراستنی پەیوەندی باش لەگەڵ هاوسێكانیدا.

موگرینی ئەوەشی ڕوونكردەوە، كە یەكیەتی ئەوروپا پشتیوانی پێشنیارەكەی عێراق لە گرێدانی كۆنگرەیەكی هەرێمی دەكات لە نێوان هەر یەك لە ئێران و دەوڵەتانی كەنداو سعودیە و ئیماڕات دەكات.

سەرچاوە: میدیا عەرەبی‌و عێراقی‌و جیهانییەكان