وردەكاری ناردنی ١٠ هەزار بەرمیل لەنەوتی كەركوك بۆ ئوردن

عیراق

02/08/2019‌ 812 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیژنەی ئابووری  وەبەرهێنان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وردەكاری ناردنی ١٠ هەزار بەرمیل نەوتی كێڵگەكانی كەركوك بۆ وڵاتی ئوردن ئاشكراكرد.

عەبدوڵڵا خەربیت ئەندامی لیژنەكە لەلێدوانێكدا رایگەیاند، عێراق رۆژانە نزیكەی ١٠ هەزار بەرمیل نەوت، كە دەكاتە نزیكەی ٥٠ تانكەر لەكێڵگە نەوتییەكانی كەركوك بە نرخێكی هەرزان دەداتە حكومەتی ئوردن.


خەربیت باس لەوەش دەكات، كە بەهۆی ئەو پەیوەندییە باشەی رژێمی پێشوو لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئوردن هەیان بوو ، رۆژانە هەزاران بەرمیل نەوتی بێ بەرانبەر دەدا بەو وڵاتە و ئێستاش بەردەوامە.

ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاند، عێراق ئەو ٥٠ تانكەر نەوتە بەنرخێكی هەرزانتر، كە ١٠% بۆ ١٢% لە نرخی جیهانی هەرزانترە بە ئوردن دەفرۆشرێت ، ئەوەش تەواو جیاوازە لەو رێكەوتنەی لەسەردەمی رژێمی پێشوو لەنیوان بەغدا و عەممان هەبوو .

رۆژی سێشەممەی رابردووش هالە زەوواتی، وەزیری وزە و سەرچاوە كانزاییەكانی ئوردن رایگەیاند، لەسەردانی ئەم دواییەیدا لەگەڵ لایەنی عێراقی گفتوگۆیان كردووە لەسەر هاوردەكردنی ١٠ هەزار بەرمیل نەوتی عێراق .

ئەو وەزیرە ئوردنییە راشیگەیاند، بابەتی هاوردەكردنی نەوتی عێراق ، هاوكات دەبێت لەگەڵ نۆژەنكردنەوەی رێگای نێودەوڵەتی بەغدا عەممان .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی