توركیا لەبڕیارەكانی مەسروور بارزانی نیگەرانە

کوردستان

04/08/2019‌ 14186 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار ئاشكرایكرد، دەسەڵاتدارانی توركیا لەبڕیارەكانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بەو كەسایەتییانەی لە ئەنقەرەوە نزیكن نیگەرانە .

سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد، سیاسەتی مەسرور بارزانی زۆر لەسیاسەتەكانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئێستای هەرێمی كوردستان جیاوازە، كە پێشتر سەرۆكی حكومەت بوو، بەوەش جیادەكرێتەوە، ئەوەی دووەم زۆر لەتوركیاوە نزیك بووە، بەتایبەت لەبابەتە نەوتی و داراییەكان .

هەروەها سەرچاوەكە جەختیكردووەتەوە، ئێستا توركیا لەو بابەتە زۆر نیگەرانە و هەست بەوە دەكات سەرۆكی نوێی حكومەتی هەرێم دەیەوێت ڕۆڵی توركیا كەمبكاتەوە، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە كەسە نزیكەكانی مەسرور بارزانی بەردەوام جەخت لەوە دەكەنەوە، كە چارەسەر لە بەغدایە و توركیا وڵاتێك نییە جێگای متمانە بێت‌و هەرگیز خێر و خۆشی بۆ هەرێم ناوێت .

لەسەر گۆرانكارییەكانی مەسرور بارزانی دوای ئەوەی پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی وەرگرتووە، سەرچاوەكە باسی لەوە كردووە، كە سەرۆكی حكومەت زنجیرەیەك گۆرانكاری لە پۆستە ئیدارییەكان كردووەو ئەو كەسانەشی تێدایە لەدۆسییەكانی نەوت و سنوور و فرۆكەخانەكان بەرپرسن ، ئەوەش لەپێناو دەستكردن بە پرسەیەكی فراوانی چاكسازی ، بەشی زۆری ئەو كەسانەش ئەوانەن، كە لە نێچیرڤان بارزانییەوە نزیكن و پەیوەندییەكی بەهێزیشیان لەگەڵ توركیا هەیە.

پێشتریش سەرچاوەكان باسیان لەوە دەكرد، كە مەسرور بارزانی رەتیكردووەتەوە، كە پۆستی وەزیری سەرچاوە سرووشتییەكان بداتەوە بەئاشتی هەورامی ، بەڵام لەژێر گوشاری نێچیرڤان بارزانی و توركیادا ناچار بووە پۆستیكی پێبدات، كە دەسەڵاتەكانی سنووردار و كەمن .

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بۆ ئەوەش دەكرد، كە مەسرور بارزانی دەیویست ئاشتی هەورامی لەهەموو پۆستە حكومەییەكان دووربخاتەوە ، ئەوەش بەروونی لەوەدا دیار بوو، كە ناوی ئەو كەسە لەهیچ كام لەو لیستانەدا نەبوو، كە بۆ پركردنەوەی پۆستە حكومییەكان پێشكەش دەكران ، ئەوەش بەهۆی ئەو هەموو تۆمەتەی لەسەر گەندەڵی لەوەزارەتی سامانە سرووشتییەكان ئاراستەی دەكران .

بەپێی سەرچاوەكە، دۆسییەی نەوت ئێستا تەنیا لەدەستی مەسرور بارزانیدا كورتبووەتەوە و ئاشتی هەورامی دەسەڵاتی مۆركردنی گرێبەستی نەوتی لەگەڵ كۆمپانیاكان یان وەرگرتنی داهاتەكانی نەوت نییە ، بەڵكو زۆربەی ئیشوكارەكانی خۆی لە كاری راوێژكاریدا دەبینێتەوە.

هەر بەپێی سەرچاوەكە، مەسروور بارزانی متمانەی نە بە ئاشتی هەورامی ، نەبە بەهیچ كام لە تیمەكەی نێچیرڤان بارزانی هەیە ، لەبەر ئەوە دەستی بە كۆمەڵێك گۆرانكاری لەپۆستی راوێژكار و بەرێوەبەری نووسینگەكان كردووە.

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
سەرچاوە: پێگەی بەغدا یەوم