لایەنە عێراقییەكان پشتگیری ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكەن

عیراق

15/08/2019‌ 1145 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لایەنە عێراقییەكانیش گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی، كە دەبێ خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوامی هەبێت و لە پرسەكانی دیكە جوودا بكرێتەوە.

لەو بارەوە ھەدار بارزانی، جێگری سەرۆكی لیژنەی شەھیدان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: بەپێی رێكەوتنی كۆتلەكان لەسەر یاسای بودجەی گشتی عێراق بەھیچ شێوەیەك حكومەتی عێراق ناتوانێت موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان ببڕێت، چونكە بەگوێرەی یاسای بودجە موچەی فەرمانبەران خەرج دەكرێت و ئەگەر ھەرێمی كوردستان رۆژانە ٢٥٠ ھەزار بەرمیلی نەوت رادەستی بەغدا بكات ئەوا پشكی بودجە رەوانە دەكرێت و بە پێچەوانەوە نرخی نەوت لە بازاڕی جیھاندا چەندە ئەوا لەبەرانبەر پارەی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل لە پشكی بودجەی ھەرێم دەبڕدرێت ‌و ئەوەی دەمێنێتەوە رەوانە دەكرێت.

جێگری سەرۆكی لیژنەی شەھیدان دەشڵێت: كاركردنی لەسەر ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ بەردەوامی ھەیە و بڕیارە بەر لەكۆتایی ئەمساڵ پڕۆژەیاسای بودجە بگاتە پەرلەمانی عێراق تا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت.

لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراقدا، هەدار بارزانی بۆ پێگەی فەرمی پارتی وتی: پێویستە هەولێر و بەغدا رێككەوتن بكەن، چونكە ھیچ لایەنێك لەگەڵ ئەوەدانییە موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان ببڕدرێت لەلایەن عێراقەوە، ھەتا لایەنە عێراقییەكانیش لەگەڵ ئەوەدانین ناردنی موچەی فەرمانبەران لە ساڵی داھاتووش بەردەوامی ھەبێت، بەڵام ئەوان دووپات لەوە دەكەنەوە ئەگەر ھەرێم نەوت رادەستی بەغدا نەكات جگە لە موچە، پشكی بودجەی ھەرێم رەوانە نەكرێت.

هـ ـ ح