نهێنی تەقینەوە یەك لەدوای یەكەكانی نێو بنكەكانی حەشدی شەعبی لەعێراق

عیراق

16/08/2019‌ 3699 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گۆڤاری (كۆمیرسانت) راپۆرتێكی بڵاوكردۆتەوە دەربارەی نهێنی تەقینەوە یەك لە دوای یەكەكانی نێو بنكەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق.

بەپێی راپۆرتەكە، سەرۆك وەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەهدی داوای لێكۆڵێنەوە دەكات لە هۆكارەكانی تەقینەوەی كۆگاكانی كەلوپەل لە بنكەی (سەقەر)ی سەریازی لە باشووری بەغدا، كە شوێنی میلشیای حەشدی شەعبیە و بە شێوەیەكی بنەڕەتی رێكخستنی شیعیی پێكهاتووە. 

لەسەرەتادا راگەیەنرا، كە تەقینەوەكان بەهۆی پێشیلكردنی رێساكانی هەڵگرتنی كەلوپەلەوە بووە، پاشان گێرانەوەیەكی تر، كە بۆچوونی جەماوەری بەلای خۆیدا ڕاكێشا لە میدیاكانی عەرەبیدا ئەویش ئەوەیە، ئیسرائیل لە پشت تەقینەوەكانەوەیە.

لەگەڵ ئەوەی راستێتی سەرچاوەكان لاوازە، لەوانە دەزگاكانی راگەیاندی عەرەبی لە دەزگاكانی راگەیاندنی ئیسرائیلەوە گواستویانەتەوە و پاشان دیسان لێیان وەرگرتووەتەوە و دەكرێت ئەو هەواڵانەی تەقینەوەكانی نێوان بەغدا و ئیسرائیل پێكەوە دەبەستێت، پشتگوێ بخات، بەڵام ئەم رووداوە سێیەم تەقینەوەیە لە ماوەی مانگێكدا، كە بەرپرسیارییەتییەكەی دەدرێتە پاڵ ئیسرائیل.

بەم شێوەیە، بەرێوەبەری پەیمانگەی توێژینەوەكانی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل لیوای خانەنشین (عاموس یادلین)  دەڵێت: عێراق دەماری لۆجیستییە بۆ ئێران، رێگە بە تاران دەدرێت چەك و چەكدار بنێرێت بۆ سوریا و لوبنان.

بەپێی بۆچوونی ئەو ئیسرائیل بە راستی لە عێراقدا چالاكە، بەڵام بەرپرسیارییەتی هێرشەكان ناخاتە ئەستۆی خۆی، چونكە دەبێتە مایەی ئاڵۆزبوونی دۆخەكە بۆ ئەمریكا، كە هاوكاری لەگەڵ سەركردایەتی عێراقدا دەكات لە پرسە ئەمنییەكاندا.

هەر لەو بارەیەوە، (كسینیان سفیتلوفا) شارەزا لە ناوەندی (هرتسلیا) هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق بە شتێكی نوێ نابینێت، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە چەكی ئاسمانی ئیسرائیل لە ساڵی 1981 هێرشی كردە سەر كورە ئەتۆمیەیكان لە ناوەڕاستی ئەو وڵاتەدا، لە هەمان كاتدا بەگوێرەی قسەی ناوبراو، ئیسرائیل پەیوەندییەكی زۆر جیاوازی لەگەل عێراقدا هەیە بە پێچەوانەی سوریای دوژمنی ئیسرائیلەوە، لەگەڵ ئەوەی پەیوەندی دیبلۆماسی فەرمی نییە، بەڵام پەیوەندییەكان وردە وردە پەرەدەسێنێت، "بەوەی ئەندامی كەنێستم، پێشوازیم لە ژمارەیەكی زۆری وەفدی عێراق كردووە، لە نێویاندا ئەندامی پەرلەمان هەبوون".

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا