تا دێت پەتەكە لە ملی عادل عەبدولمەهدی توندتر دەبێت

عیراق

19/08/2019‌ 945 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: میدیاكان
وەرگێڕان‌و ئامادەكردن: لوقمان حاجی قادر

پێگەی ناس بڵاویكردەوە
تا دێت پەتەكە لە ملی عادل عەبدولمەهدی توندتر دەبێت و فشارەكانی لەسەر زیاد دەبن، كە فراكسیۆنەكان لە كیشمەكێشمدان سەبارەت بەئاستی كاری حكومەتەكەی.

دەمەتەقێی پرۆگرامی حكومی، تەقینەوەكانی سەربازگەی سەقڕ، كوژراوەكان شاری بابل، پەیكەربەندی حەشدی شەعبی، ململانێی گۆڕەپانی عێراقی، ڕاوەدوونانی ئۆپۆزسیۆن، ئەمانەو مشتومڕی ئەم دوایەی ناو فراكسیۆنی سائیرون، كە مشتومڕیانە لەسەر ئاستی كاری حكومەتەكەی عەبدولمەهدی و خزمەتگوزارییەكان و هەڕەشەی لەلەكارخستنیشی دەكەن.

لەم ماوەیەدا سەدر چەند ئامۆژگارییەكی ئاراستەی عەبدولمەهدی كرد، بۆ ئەوەی وەك خۆی رایگەیاندووە، ئاراستە چەوتەكەی حكومەت ڕاستكاتەوە، ئامۆژگارییەكان گەیشتنە ڕادەی رەخنەگرتن سەبارەت بە چەند پرێكی جۆراوجۆری وەك گەندەڵی و سەربەخۆیی بڕیاری نیشتمانی، ئەگەرنا ئەو دۆخە قبوڵكراو نییە.

ئامۆژگارییەكان 4 خاڵی سەرەكی بوون: یەكەم، وابەستەیی تەواو بەبڕیاری نیشتمانی و پاڵنەدانەپاڵ هیچ لایەنێك، دووەم، دۆسییەی باشتركردن خزمەتگوزارییەكان، كە خاوخلیچكن‌ و بگرە لە هەندێك دۆخدا هەر بوونیان نییە، سێیەم، پەككەوتنی ڕێوشوێنەكانی دژە گەندەڵی و نەبوونی هیچ دەستكەوتێك، كە نیشانەی ڕازیبوونە بە گەندەڵی. چوارەم، پاراستنی شكۆی دەوڵەت و دامەزراوە ئەمنییەكانی و سەربەخۆیی بڕیارسازی نیشتمانی عێراقی و دوودڵ نەبوون لەسزادانی ئەوانەی‌ دەوڵەت و دامەزراوەكانی لاواز دەكەن و لاگیری لایەنە دەرەكییەكانن و پاشكۆن.

چاودێران دەڵێن: سەدر دوو بژاردەی‌ هەیە، یەكیان جەماوەری و دووەمیان سیاسی، سیاسییەكە لە ڕێگەی فراكسیۆنەكەیەوە، كە بەیاننامەیەكیان سەبارەت بە پشتیوانی لە ئامۆژگارییەكان سەدر دەركرد و هەڕەشەی‌ لەكارخستنیان لەسەرۆك وەزیران كرد، جەماوەرییەكەش بە جوڵاندنی شەقام.

ئەحمەد ڕیكابی قسەكەری فەرمی فراكسیۆن سائیرون لەو بارەوە وتی: هاوپەیمانییەكەیان چاوەڕوان نییەتپاكی  سەرۆك وەزیران دەكات لە مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسییە كەڵەكەبووەكانداو گرتنەبەی هەنگاوی كردەیی لەبارەیانەوە،‌ بە تایبەتیش دۆسییەكانی گەندەڵی و خزمەتگوزاری بەئامانجی ڕاستكرنەوەی ئاراستەكانی حوكمڕانی لە عێراقدا.

هەروەها یاسین ئەلبەكری پێیوایە هەندێك فراكسیۆنی پەرلەمانی نیازیان وایە متمانە لە عەبدولمەهدی وەرگرنەوە و كارتی سووری بە ڕوودا بەرزبكەنەوە و چی دیكە بواری كاركردنی پێ نەدەن. 

ئەلبەكری پێیشوایە قورسایی هەرە گەورە فراكسیۆنی سائیرونە بە 54 كورس پەرلەمانی، ئینجا فراكسیۆنی فەتح، كە هەردووكیان پشتیوانی عەبدولمەهدین، ڕەوتی حیكمەش بەرەو ئۆپۆزسیۆنبوون دەڕوات و "فراكسیۆنی نەسڕ" یش  ڕەخنەی بەردەوام لەئاستی كاری حكومەت دەگرێت.

ئەلبەكری وای دەبینێت، كە ئەم پرسە گرێكوێرەیەكی دەستووری تێدایە و لەوانەیە ئاڵوێزی لێبكەوێتەوە بە هۆی لێكدانەوەی جیاواز بۆ ماددە 76 دەستوری، هەروەها ژینگە سیاسییەكەش بە هۆی هاوپەیمانییە جۆراوجۆرەكانەوە ئاڵۆزە، لەوەش خراپتر پەیوەست بوونی دیمەنی سیاسی عێراقە بەگۆڕاوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانەوە.

ناوبراو باسی لەوەش كردووە، كە فراكسیۆنەكان لە هەوڵ ئەوەدان لەئەگەری وەرگرتنەوەی متمانە لە عەبادی زەرەرمەند نەبن، چونكە ئەگەری‌ سەركێشی تێدایە بۆ ئەو فراكسیۆنانە، بەو پێیەی ئەوان بە تەواوی لەسەر هیچ پرسێك كۆكنین.

هاوكات چاودێران پێیانوایە هێزە سیاسییە عێراقییەكان پێیان وایە حكومەتی عێراق بەرەو شكست هەنگاو دەنێت، هێزە سیاسییەكانیش نایانەوێت شكستی حكومەت بگرنەئەستۆ، بە تایبەت لە بەردەم هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی ساڵی ئایندەدان.

لەو پرسەدا‌ كەس بەرگری لە حكومەت ناكات جگە لە چەند كەسایەتییەك نەبێت، كە سەنگێكی ئەوتۆیان لە ژیانی سیاسیدا نییە، تا ئەو فراكسیۆنانەش ، كە لە ئاستی كاری عەبدولمەهدی ڕازین، ناتوانن بە ئاشكرایی پشتیوانی بكەن، ئەمەش لەترسی ئەوەی بەرپرسیاریەتییان نەكەوێتەسەرشان‌و ئامادەسازیش بكەن بۆ ئان و ساتی لەكارخستنی.

پێگەی حوڕە بڵاویكردەوە
سودان چووە قۆناغێكی تازەی حوكمڕانیەكی مەدەنییەوە و لاپەڕەی عومەر بەشیری داخست، كە بە مستێكی ئاسنین فەرمانڕەوایی وڵاتی دەكرد.

شەممەی رابردوو ئەنجوومەنی سەربازی سودان و بزاوتی ناڕەزاییەكان، ڕێككەوتنێكیان واژووەكرد، كە دەكرێت قۆناغێكی تازەی ڕاگوزەری بێت بۆ فەرمانڕەواییەكی مەدەنی، لەو لاشەوە شەقام دەست بەئاهەنگ گێران كردووە.

بەڵگەنامە دەستورییەكە لە لایەن "محمەمەد حەمدان دقلو"ی جێگری سەرۆك ئەنجوومەنی سەربازییەوە واژووكرا، كە بە "حەمیدەتی" ناسراوە، لەگەڵ نوێنەری هاوپەیمانی "جاڕنامەی هێزە ئازادیخواز و گۆرانخوازەكان".

ئەو جاڕنامە دەستورییە ڕێگەی بۆ فەرمانڕەواییەكی ڕاگوزەری خۆشكردووە، كە پشتئەستور بوو بە  ڕێككەوتننامەیەكی مێژوویی بۆ دابەشكردنی دەسەڵات، كە لە 17 یۆلیۆی ڕابردوو پێی گەیشتبوون.

ڕێككەوتننامەكە چوارچێوەكانی پێكهێنانی حكومەتێكی مەدەنی پەرلەمانی ڕاگوزەری دیاری دەكات، لە ماوەی ڕاگوزەری 3 ساڵدا، بەسەرپەرشتی دەستەیەكی فەرمانڕوایی مەدەنی سەربازی.

واچاوەڕوان دەكرێت یەكشەممەی ئایندە،‌ ئەنجوومەنێكی سەرۆكایەتی پێكبێت، كە زۆرینەی ئەندامەكانی كەسانی مەدەنی دەبن، بڕیاریش وایە‌ سەرۆكی حكومەت لە 20 ی ئۆگستۆس دابنرێت‌و دوای 8 ڕۆژیش ناوی وەزیرەكان ڕابگەیەندرێت.

دیارترین بەندەكانی بەڵگەنامە دەستورییەكەش ئەمانەن:
- ماوەی ڕاگوزەرییەكە 39 مانگە لە واژۆكرنی جاڕنامە دەستوورییەكەوە ، لە كۆتایی وادەكەدا هەڵبژاردن دەكرێت.
-  لە 6 مانگی یەكەمی ماوەی ڕاگوزەری لە پێشینەیی بۆ چەسپادنی ئاشتییەلە نێوان لایەنە سودانییەكان لە ناوچەكان ململانێ.
- حكومەتی ڕاگوزەری ڕادەسپیردرێت چاكسازی دادوەری و ئابووری بكات و بنچینەكان سیاسەتی دەرەوە دابڕێژێت؟
- ئەنجومەن سەرۆكایەتی لە 11 ئەندام پێكدێت؛ 6 كەسیان مەدەنی و 5 یان سەرباز، لە 21 مانگی یەكەمدا كەسایەتییەكی سەربازی سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكە دەكات، 18 مانگی دووەم كەسێكی مەدەنی سەرۆكایەتییەكە دەگرێتەدەست.
- ئەنجومەنەكە سەرپەرشتی پێكهێنانی كارگێڕییەكی مەدەنی ڕاگوزەر دەكات كە لە حكومەت و ئەنجومەنێكی یاسادانان پێكدێت.
- هاوپەیمانی هێزەكانی ئازادیخواز و گۆڕانخواز، سەرۆكی حكومەت دیاری دەكات، بەو مەرجەی سەرۆكی ئەنجومەنی سەرۆكایەتی پێی ڕەزا بێت.
- حكومەت لە 20 وەزیر پێكدێت كە بە زۆر لە لایەن سەرۆك وەزیرانەوە دیاریدەكرێت لەو پاڵێوراوانەی هاوپەیمانی هێزی ئازادیخواز و گۆڕانخواز دەیانخاتە بەردەست، جگە لە هەردوو پۆستی وەزیری بەرگری و ناوخۆ كە ئەندامە سەربازەكانی ئەنجومەنەكە دیارییان دەكەن.
- ئەنجومەنی یاسادانان لە ماوەی 90 ڕۆژدا لە وادەی واژۆكردنی ڕێككەوتننامەكەوە پێكدێت، بەو مەرجە 67% ی كورسییەكانی بۆ هاوپەیمانی هێزە ئازادیخواز و گۆڕانخوازەكان تەرخان بكرێت، كورسییەكانی دیكەش بۆ حزبەكانی دیكەیە كە پەیوەست نەبوون بە بەشیروە.
- هێزە چەكدارەكان و هێزەكانی پشتیوانی خێرا بەشێك دەبن لە دامەزراوەی سەربازی و لەژ‌ێر سەركردایەتی فەرماندەی هێزە چەكدارەكاندا دەبێت.
- ڕێكخستنی یاساكانی كاری هێزە چەككدارەكان  و هێزەكانی پشتیوان خێرا لە نێوان هەردوو دامەزراوەی سەربازی و دەسەڵاتی جێبەجێكاری.
دەزگای هەواڵگری گشتی دەستەیەكی ڕێكخراوە و ئەركەكەشی كۆكردنەوەی زانیاری و لێكدانەوەیانە، پێشكەشكردنی ڕاپۆرت لەبارەیانەوە بۆ دەسەڵاتی پەیوەندیدار، دەزگای هەواڵگریش ملكەچی دەسەڵاتی جێبەجێكار و ئەنجومەنی سەرۆكایەتییە.
- جاڕنامەكە‌ مافی هاووڵاتی لە ئازادی بیروڕا و دەربڕین دەستەبەر دەكات و دەستگیركردنی بێسەرەوبەرەش قەدەغە دەكات.
-  جاڕنامەكە مافی هەر هاووڵاتییەك لەئازاد بیروڕاو بڵاوكردنەوەی زانیاری و دەستگەیشتن بە ڕۆژنامەگەری دەستەبەر دەكات.
-جاڕنامەكە پرسی دەستگەیشتن بە ئەنتەرنێت بە ماف دەزانێت، بەو مەرجە پێچەوانەی‌ سیستەمی گشتی و ئاسایش و ئەمن و ئادابی گشتی نەبێت.
- مافی گردبوونەوە‌ی‌ ئاشتییانە پارێزراو دەبێت، هەموو تاكێكیش مافی ئەوەی هەیە پارتی سیاسی و كۆمەڵە و سەندیكا و یەكیەتییە پیشەییەكان دابمەزرێنێت یان ببێتە ئەندامییان.