بۆچوونی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق لەسەر حكومەتەكەی عەبدولمەهدی

عیراق

22/08/2019‌ 508 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: میدیاكان
ئامادەكردن‌و وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر
پێگە ناس بڵاویكردەوە
هاوپەیمانی "بینا" بە سەرۆكایەتی هادی عامری و نوری مالیكی ئەمینداری حیزبی دەعوە، لەسەر حكومەتەكەی‌ عادل عەبدولمەهدی هەڵوێستیان لە هەڵبەز و دابەز دایە، كە سەركردەكان "بینا" دەڵێن: هاوپەیمانییەكەیان پەرژینێك دەبێت بۆ پاراستنی عەبدولمەهدی.

لەلایەكی تر فراكسیۆنەكان حیكمە و نەسڕ و هاوبەندی نیشتمانی، بە توندی چاودێری كاری سەرۆك وەزیران دەكەن، هاوپەیمانی سائیرونی سەدریش ڕەخنەی توند لەهەنگاوەكان عەبدولمەهدی دەگرێت و چاودێرانیش دەڵێن: ڕەووتەكە لە ماوەی ئایندەدا، بژاردەی ئۆپۆزسیۆن بوون هەڵدەبژێرێت. 
بەدر ڕەزاق محیبس سەركردەی رێكخراوی بەدر لەو بارەوە دەڵێت: ئەوان لە هاوپەیمانی فەتح چاودێری دۆخی حكومەت دەكەن و لە میدیا نەیانكردووەتە هەڵا، سەرۆك هاوپەیمانییەكەشیان لەگەڵ سەرۆك وەزیران لەپەیوەندی بەردەوام دایە.

ناوبراو دەشڵێت: ئەگەر ئامۆژگاری و پیشنیارەكان هادی عامری بۆ سەرۆك وەزیران شوێنی خۆی نەگرت، ئەوا شكستەكە لەسەر ئێمە هەژ‌مار دەكرێت، بۆیە شێلگیرین لەسەر سەركەوتنی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی.

ئەو باسی لەوەش كردووە، كە حكومەتەكەی عەبدولمەهدی میراتێكی گەورەی گرفت‌و تەنگوچەڵەمەی بۆ بەجێماوە، ناكرێت لەماوەی چەند مانگێكدا پرۆگرامەكەی جێبەجێبكات، ئەوانەی پێش ئەو بەساڵانێك دەستكەوتێكیان نەبوو، بۆیە :ئێمە مۆڵەتی دوو ساڵمان پێبەخشیووە، ئەوكات ئاستی كاری حكومەتەكەی هەڵدەسەنگێنین و بڕیاری لەبارەوە دەدەین".

محێبس ئەوەش دەڵێت: حكومەت هەنگاوی باشی ناوە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، لە ساڵی دوومی تەمەنیدا كاری باشتریش دەكات و ئاستی كاری ئەرێنییانە دەبێت.

هەروەها هاوپەیمانی بینا (دەوڵەتی یاسا، عەسائب، بەدرو هاوپەیمانی هێزەكان) زۆر فشار لە سەرۆك وەزیران ناكەن هەروەك سائیرون و حیكمە و نەسڕ و چەند كەسایەتییەكی دیكە دەیكەن، چاودێرانیش وایدەبینن، كە هاوپەیمانی فەتح پشتی عەبدولمەهدی بەرنادا.

فراكسیۆنە سونییەكانیش هەڵوێستیان ڕوون نییە، بۆ دەربازبوون لەم دۆخەی ئێستاش، بە گرنگیشی دەزانن حكومەت پرۆگرامێكی یەكگرتووی هەبێت و خاوەن هەنگاوی كردەیی بێت. 

ڕەوتی حیكمەش نیازی هەیە كۆشش بكات بۆ لێپێچینەوە لە چەند وەزیرێك بە تۆمەتی گەندەڵی و بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆن دروست بكات.

پێگەی عەرەب بڵاویكردەوە
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای لە قەتەر كردووە نێوانگیرییان بۆ بكات لەلای ئەمریكا، تاوەكو ئەبو جیهادی بەڕێوەبەری نووسینگەكەی خۆی و چەند كەسایەتییەكی دیكە دەربكرێن لەلیستی ئەو سزایانەی بڕیارە ئەمریكا بیانسەپێنێت.

بەپێی سەرچاوەكان، ناوی هاشمی لەو لیستەی ئەمریكادا هاتووە، كە ناوی كەسایەتی سیاسی دیكەی دیار و بەناوبانگی عێراقی تێدان وەك خەمیس خەنجەری سەركردەی پڕۆەی عەرەبی، كە 11 پەرلەمانتاریان لە پەرلەمانی عێراقدا هەیە، فایلح فەیازی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبیش، كە ئێستا پۆستی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی هەیە.

تا ئێستا پێدەچێت نێوانگیرییەكەی قەتەر سەركەوتوو بێت، چونكە ئەمریكییەكان دوودڵن لەوەی ناوی ئەبو جیهادی سەرۆكی نووسینگەی تایبەتی عەبدولمەهدی، كە زۆرینەی كاروباری دارایی و سوپا ڕێكدەخات بخەنە ئەو لیستەوە.

ئەگەر ئەو لیستە تازەیەی ئەمریكا وەك خۆ بسپەێندرێت، ئەوا لێدانێكی كوشندە دەبێت بۆ هەژ‌موونی ئێران لەعێراقدا، كە چواردەوری عەبدولمەهدیان تەنیووە.

پێگەی تەریق ئەلشەعب بڵاویكردەوە
بڕیارەكەی عەبدولمەهدی سەبارەت بە قەدەغەكردنی فڕۆكەوانی بە ئاسمانی عێراقدا و توانستی عێراق لە جڵەوگیركردنی بواری فڕینی ئاسمان بەسەر وڵاتەكەیەوە جێگەی مشتومڕە، شارەزا ئەمنییەكان دەڵێن: ئەو بڕیارە شتێكی تازەی نەهێناوەتە ئاراوە، یەكی دیكەش‌ دەڵێت: بڕیارەكە واتای ئەوەیە بواری ئاسمانی عێراق بەزێنراوەو لیژنە ئاسایش و بەرگری پەرلەمانیش پێویستی عێراق بۆ سیستمێكی پێشكەوتوو بۆ پاراستنی بوارە ئاسمانییەكەی دووپات دەكاتەوە.

هاشم هاشمی شارەزاش دەڵێت: عێراق ناتوانێت پارێزگاری لە بوارە ئاسمانییەكەی خۆی بكات، چونكە هێشتا ڕادارەكانی كۆنینەن و مەودایان كورتە و ناتوانن فڕۆكە پێشكەووتووەكانی وەك ئێف 35  ئاشكرا بكەن، هێزە بەرگرییەكانی زەمینیش زۆر لەوە لاوازترن ئاسمانی عێراق بپارێزن لەهێرشی موشەكی یان فڕۆكەی كۆنتڕۆڵكراو.

هاشمی دەشڵێت: بڕیارەكە تازە نییە و پیشتریش لەگەڵ هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لە 23 ی ئەیلولی 2014 باسی لێوەكراوە كە بواری ئاسمانی عێراق بێ ئاگاداری عێراق نەبەزێندرێت.

سۆمەرییە نیوز بڵاویكردەوە
خەلیل عەتیەی پەرلەمانتاری ئوردونی رایگەیاندووە، كە ئێرانیەكان لەپشت هەوڵەكانی بەرگرتنە لە كرانەوەی پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبیدا، هەر ئێرانیش لەپشت داواكردنەوەی داواكراوە عێراقییەكانی وڵاتی ئوردونەوەیە وەك ڕەغدی كچەكەی سەدام حوسێنی سەرۆكی پیشووتری عێراقەوەیە.

ناوبراو راشیگەیاند، كە هەركەسێك پەنا بۆ ئوردون بێنێت دەیپارێزن و بنەماڵەی هاشمییەكانیش ڕانەهاتوون دەستبەرداری ئەوانەبن كە پەنایان بۆ دێنن.

عەتیە هەروەها رایگەیاند، ئەو داواكارییانە بەفیتی ئێرانن، كە نایەوێت عێراق سنوورەكانی خۆی لەگەڵ ئوردون بكاتەوە، سەرباری ئەوەی شا عەبدوڵای ئوردون سەردانی عێراقی كردووە بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتانەی هەبوون لەنێوان هەردوو وڵاتدا، بەرهەم ساڵحی سەرۆكی عێراقیش دووجار بۆ هەمان مەبەست سەردانی ئوردونی كردووە، بەڵام فشارەكانی ئێران بۆ دروستكردنی بەربەست لە بەردەم پەیوەندی هەردوو وڵات بەردەوامن.

ڕۆژنامەی عوكازی سعودییەش ئەوەی ئاشكراكردووە، كە عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران سەبارەت بە پەیوەندی عێراق لەگەڵ ئوردون لەگەڵ پەرلەمان وڵاتەكەی تووشی گرفت و كێشمەكێشم بووە، فراكسیۆنە سیاسییەكانی پەرلەمانی عێراقیش فشاریان دروستكردووە تا داوا لە ئوردون بكرێت داواكراوەكانی عێراقی نیشتەجێی ئەو وڵاتە ڕادەستی عێراق بكرێنەوە .

حكومەتی عێراقیش ڕەتیكردووەتەوە ئەو دوو دۆسییە بەیەكەوە ببەستێتەوە، پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییە‌كانی لەگەڵ عەمان جیاكردووەتەوە لە پرسی ڕادەستكردنی عێراقییە داواكراوەكانی نیشتەجێی ئوردون. 

رۆژنامەی ئیندپێندێنتی عەرەبی بڵاویكردەوە
ڕاپۆرتەكان ئاماژە بەوە دەدەن، كە 9 ئابووری گەورەی جیهانی چوونەتە ‌ناو بازنەی متبوون و وەستانەوە، یان چاوەڕێ دەكرێت بچنەناو ئەو بازنەوە، 12 دەوڵەتی كەنداوی و عەرەبیش توانیویانە بایی نزیكەی 203 ملیار دۆلار وەبەرهێنانەكان ڕاكێشنە وڵاتەكانیانەوە لە ماوەی 6 ساڵی پێشوودا.

هەروەها ڕۆژنامە واشنتۆن پۆست باسی ئەوەی كردووە ئەو دۆخە ناهەموارەی ئێستا جیهان پیایدا تێدەپەڕێت، كاریگەری نەرێنی هەبووە بۆ سەر 9 ئابووری گەورەی جیهانی، لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، مەكسیك  بەڕازیل، ئەرجەنتین و سەنگافورا، كۆریای باشور، ڕوسیا.

ڕاپۆرتی وەبەرهێنانی جیهانیش بۆ ساڵ 2019، كە ڕێكخراوی "ئۆنكتاد" ی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دەریكردووە دەڵێت: لە ساڵ 2013 وە،  12 دەوڵەتی عەرەبی و كەنداوی سەركەوتوو بوون لە ڕاكێشانی وەبەرهێنانەكان بە بڕێ 202.955 ملیار دۆلار.

ئیماڕات لە پێشەوەی ئەو دەوڵەتانەوەیە، كە ئەو وەبەرهێنانەكانی ڕاكێشاوەتە وڵاتەكەیەوە، كە بڕەكە 59.732 ملیار دۆلارە. میسر لە پلەی دووەمدایە بە ڕیەی 38.098 ملیار دۆلار. سعودیە پلەی سێیەمی هەیە بە 37.099 ملیار دۆلار.

هەر‌ بە گوێرەی راپۆرتەكە، عێراق بە هۆی نائارامی سیاسی و ئەمنی و شەڕی دژ بە داعش، لە ساڵی 2013 وە تا ساڵ 2018 بڕی 36 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لەدەست داوە. تەنیا ساڵی پار (2018) عێراق بڕی 4.885 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لەدەستداوه.