ئەمەریكا رەتیدەكاتەوە پەیوەندی بەتەقینەوەی كۆگاكانی چەك‌و تەقەمەنی حەشدەوە هەبێت

عیراق

22/08/2019‌ 541 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا "پنتاگۆن" رەتیدەكاتەوە واشنتۆن هیچ پەیوەندییەكەی هەبێت بەو تەقینەوانەی لەكۆگاكانی چەك و تەقەمەنی سەر بە هێزەكانی حەشدی شەعبی لەعێراق روودەدەن .

وەزارەتەكە لەرێگەی وتەبێژەكەیەوە رایگەیاندووە، ئەمەریكا پشتیوانی سەرەوەری عێراق دەكات‌و پابەندە بە ڕێنماییەكانی حكومەتی عێراق سەبارەت بە بەكارهێنانی بواری ئاسمانی ئەو وڵاتە .

ئەمە لەكاتێكدایە، هێزەكانی حەشدی شەعبی ئەمەریكا تۆمەتبار دەكەن بەوەی دەستی لە ئەو تەقینەوانەدا هەیە، كە لە سەربازگە و بنكەكانیان لەعێراق چەند رۆژێكە روو دەدەن.

دەسەڵاتدارانی عێراق ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانیان لەسەر ئەو تەقینەوەیەی لەكۆگایەكی چەك و تەقەمەنی لە سەربازگەی سەقەر لە باشووری بەغدا روویدا بڵاوكردەوە و بەپێی لێكۆڵینەوەكە تەقینەوەكە لەئەنجامی  هێرشێكی ئاسمانی فرۆكەی بێفرۆكەوان بووەو هێرشەكەش لەدوورەوە ئەنجامدراوە.

لیژنەكە راشیگەیاندووە، تەقینەوەكە ئاگرێكی گەورەی لێكەوتووەتەوە، ئەو ئەگەرانەی پێشووتریشی دوورخستووەتەوە، كە باسیان لە شۆرتی كارەبایی یان بەهەڵە داكردنی تەقەمەنییەكان دەكرد .

پێش چەند رۆژێكیش‌و دوای ئەو رووداوە یەك لەدوای یەكانەی هێرشكردنە سەر كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی هێزەكانی حەشدی شەعبی، حكومەتی عێراق هەموو مۆڵەتە تایبەتەكانی فرینی فرۆكەی عێراقی و بیانی لەسەر ئاسمانی بەغدا هەڵوەشاندوە، بەڵام بەڕای چاودێران ئەوە ڕێگری لە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانە ناكات كەباس لە دەستبەسەرداگرتنی كۆگاكانی تەقەمەنی و چەكی قورس و مامناوەند دەكات كە لەدەرەوەی دەسەڵاتی حكوومەتن و لەو ناوچانە هەڵگیراون كە ناوچەی نیشتەجێبوونی خەڵكن.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی