ڕێكەوتنێكی روسی ئەمەریكی بۆ رێگەدان بەئیسرائیل بۆ بۆردومانكردنی مۆڵگەكانی حەشدی شەعبی لەعێراق

عیراق

24/08/2019‌ 2579 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
رۆژنامەی "شەرقول ئەوسەت " بڵاویكردەوە، لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا ئیسرائیل سێ جار بۆردومانی كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی و موشەكی ئێرانی لە عێراق كردووە، ئەوەش بەهۆی لە رێككەوتنێكی روسی – ئەمەریكییەوە بووە بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل.

بەپێی سەرچاوە دیبلۆماسییە رۆژئاواییەكان لەیەكتێگەیشتنەكە بەشێوەیەكە ئیسرائیل بەفەرمی باس لەوە نەكات، كە ئەو لەپشت هێرشەكانەوەیە بۆ ئەوەی بوار بۆ گرژكردنی دۆخی هەرێمی‌و ناوچەیی نەرەخسێت.

هەر بەپێی سەرچاوەكان، خواستی ئیسرائیل بۆ هێرشكردنە سەر كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی و موشەكی ئێران بۆ ناوەراستی ساڵی رابردوو دەگەڕێتەوە، یەكەم ئاماژەش بۆ بوونی ئەو خواستە بۆ حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٨ دەگەڕێتەوە كاتێك ئیسرائیل پێگەیەكی ئێرانی لەسوریا و لەنزیك سنووری عێراق كردە ئامانج.

لەراپۆرتەكەدا باس لەوەش كراوە، كە ساڵی رابردوو وڵاتە رۆژئاواییەكان لەبڕیارێكی سیاسی ئیسرائیلیان ئاگاداركراوەنەتەوە بۆ فراوانكردنی راوەدوونان و كردنە ئامانجی ئێران لە سوریاوە بۆ عێراق، بەڵام بۆ ئەمە سێ ئاستەنگ هەبوون، یەكەمیان ترسی واشنتۆن لەوەی ئەو هەنگاوە كاریگەری لەسەر بوونی ئەمەریكی لەعێراق دەبێت‌و  لەگەڵ بەردەوامی جەنگی دژی داعش و ترس لەئایندەی دیمەنی سیاسی عێراق، بەڵام ئاستەنگی دووەم بریتی بووە لە گرژی نێوان مۆسكۆ و تەلئەبیب دوای ئەوەی لەمانگی ئەیلوولی رابردوو موشەكێكی بەرگری ئاسمانی سوریا لەكاتی بۆردومانی فڕۆكە ئیسرائیلییەكان بەهەڵە فڕۆكەیەكی روسیایان خستە خوارەوە، كە مۆسكۆ تەلەئەبینی تۆمەتبار كرد بەوەی ئەوان هۆكاری ئەو رووداوە بوون، سێیەم ئاستەنگیش توانای سەربازی و دڵنیانەبوون لەراددەی ئامادەیی فرۆكەكانی جۆری "ئێف-٣٥"ی ئیسرائیل بۆ ئەو ئەركە .

هاوكات لەگەڵ ئەوە بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆك وەزیری ئیسرائیل سەردانی مۆسكۆی كردووە بۆ نەهێشتنی ئەو گرژییانەی بەهۆی خستنە خوارەوەی فڕۆكە روسییەكەوە دروست بووبوون ، بۆ ئەوەش هەماهەنگی سەربازی نێوان مۆسكۆ و تەلئەبیب لە سوریا لەڕێگای هێڵی گەرمی نێوان بنكەی سەربازی حومەیمیم‌و تەلئەبیب  دروست بكرێتەوە، بەشێوەیەك روسیا دەستەبەری ئەوە بۆ ئیسرائیل بكات، كە لەكاتی هەستانی فڕۆكە ئیسرائیلییەكان ئەو وڵاتە كار بە سیستەمە موشەكییەكانی جۆری "ئیس -٣٠٠ " و "ئێس-٤٠٠" لەسوریا نەكات .

هەرچی واشنتۆنیشە ، لەچوارچێوەی بەرنامەی تائەوپەڕی گوشارخستنە سەر ئێران گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل هەڵكردووە تا دەستبكات بەهێرشكردنە سەر پێگەكانی ئێران لە عێراق .

راپۆرتەكە باسی لەوەش كردووە، كە لە ١٩ی تەمموز یەكەم بۆردومانی ئیسرائیلی بوو بۆ سەر عێراق لەدوای لێدان لەكورە ناوەكییەكانی لەساڵی ١٩٨٢، بەجۆرێك لە لیوای ٥٢ی حەشدی شەعبی لە سەربازگەیەك لەدەرەوەی شارۆچكەی ئامرلی لەپارێزگای سەڵاحەددین بۆردومان كرا، لە ٢٨ی تەمموز دووەم هێرش كرایە سەر سەربازگەی ئەشرەف لەپارێزگای دیالە، هەروەك لە ١٢ی ئاب تەقینەوەیەكی ناروون لەكۆگایەكی چەك و تەقەمەنی لە سەربازگەی سەقەری سەر بەحەشدی شەعبی لە باشووری بەغدا روویدا .

دوای ئەم زنجیرە بۆردومانانە، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق فەرمانێكی بێپیشینەی دەركرد بەوەی رێگە بە فرینی هیچ فرۆكەیەكی سەربازی عێراقی، یان بیانی لەئاسمانی عێراق نادرێت بێ مۆڵەتی تایبەتی سەرۆك وەزیری عێراق، بەو سیفەتەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقە .

لای خۆیشییانەوە ، فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە وەڵامی ئەو بڕیارەدا رایانگەیاند، ئەوان لەعێراق میوانن و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، كە واشنتۆن سەركردایەتی دەكات  دەستبەجێ پابەندی سەرجەم ئەو ڕێنماییانە دەبێت، كە لەلایەن هاوبەشە عێراقییەكانەوە دەدرێت .

راپۆرتەكە پێیوایە بۆ لایەنی عێراقی جێبەجێكردنی قەدەغەكردنی فڕینی فرۆكە، بەهۆی نەبوونی سیستەمی بەرگری ئاسمانی پێشكەوتوو، كە توانای ئاشكراكردنی فرۆكەی "ئیف-٣٥"ی هەبێت كارێكی ئاسان نییە ، ئەوە جگە لەوەی دوای ئەو بڕیارەش هێرشە ئاسمانییەكانی توركیا بۆ سەر پێگەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لەهەرێمی كوردستان هەر بەردەوام بووە.

لەكۆتاییدا راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، كە لەیەكتێگەیشتنەكەی ئەمەریكا و روسیا لەپێناو دەستەبەركردنی ئاسایشی ئیسرائیل، كە عێراق و سوریا دەگرێتەوە پرسیارێك دەوروژێنێت، ئەویش ئەوەیە تاكەی ئەو هەماهەنگییەی نێوان مۆسكۆ و تەلئەبیب لەدژی ئێران لە سوریا بەردەوام دەبێت ، بەو پێیەی ناتانیاهۆ پشتیوانی پۆتینی بەدەستهێناوە، یان  تاكەی هاوسەنگی نێوان بەئامانجگرتنی ئێران لە عێراق و هەڵكردنی گڵۆپی سەوزی ئەمەریكا لەلایەن واشنتۆن سەرەرای بوونی هیزەكانی ئەمەریكا لە عێراق رادەگیرێت.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە