قــاســم ســلــێــمــانــی هــەڕەشــە لــەئــیــســرائــیـــل دەكــات

جیهان

26/08/2019‌ 1234 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
قاسم سلێمانی هەرەشە لەئیسرائیل دەكات‌و دەڵێت: ئەو وڵاتە "دواین هەناسەی خۆی دەدات" .

لیوا قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران پرۆسە سەربازییەكانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بە "شێتانە" وەسف دەكات و دەشڵێت: كاردانەوەیان دەبێت.

سلێمانی لە تویتێكیدا لەهەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر  قسەی لەسەر هێرشەكانی ئەم دوییەی ئیسرائیل كردووە  و دەڵێت: "بێگومان ئەو پرۆسانە شێتانەن ، ئەوە دواین هەناسەدانی رژێمی زایۆنیستی دەبێت".

لەماوەی كەمتر لە ٢٤ سەعات ، فرۆكەكانی ئیسرائیل ٣ كردەی سەربازیان لەناو خاكی هەریەك لە عێراق و سوریا و لوبنان ئەنجامداوە .

شەوی شەممە لەسەر یەكشەممە ، ئیسرائیل هێرشی كردە سەر پێگەیەك لە گوندی عەقرەبا لەنزیك دیمەشقی پایتەختی سوریا، كە بەقسەی ئیسرائیل ئامانجەكە ئێرانی بووە ، سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە بۆردومانەكە پلانێكی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانی بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل هەڵوەشاندووەتەوە.

لای خۆیشییەوە حكومەتی سوریا رایگەیاند، ئەوان لەرێگای بەرگرییە ئاسمانییەكانیانەوە بەرپەرچی ئەو هێرشانەیان داوەتەوە ، جەختیشی كردەوە كە توانیویانە زۆربەی مووشەكە ئیسرائیلییەكان لە باشووری رۆژئاوای سوریا تێكبشكێنن .

هەروەها بەرەبەیانی رۆژی یەكشەممە ، حیزبوڵلای لوبنانی رایگەیاند، فرۆكەیەكی دیدەوانی ئیسرائیلی لەدەوروبەری بەیرووت كەوتووەتە خوارەوە ، هەروەك فرۆكەیەكی تریش لە ئاسمانی ناوچەكە تەقێنراوەتەوە كە لەساڵی ٢٠١٦ وە ئەوە یەكەم هێرشی لەوجۆرەی ئیسرائیلە بۆسەر لوبنان .

دوای چەند سەعاتێك لەوە ، ئێوارەی رۆژی یەكشەممە هێزەكانی حەشدی شەرعبی رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل لەقەزای قائیم و لەسەر سنووری سوریا لەڕێگای دوو فرۆكەی بێفرۆكەوان و لەرێگای زانیاریپێدانی هێزی ئاسمانی ئەمەریكا پێگەكانی بەئامانج گرتوون.

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی