ناكۆكییەكانی توركیا و ڕوسیا لەسەر دۆخی ئیدلیب زیاتر دەبن

جیهان

08/09/2019‌ 1439 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لێدوانە توندەكانی هەردوو وەزیری دەرەوەی ڕوسیا و توركیا (سێرچی لاڤرۆڤ و مەولود چاوش ئۆغڵۆ) لەسەر دۆخی ئیدلبی سوریا، چاوەڕوانی ئەوەی لێدەكرێت هەڵكشانی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت، ئەمەش بە هۆی هێرشە هاوبەشەكەی هێزەكانی ڕوسیا و سوپای سوریا‌، كە بووە دەستبەسەرداگرتنی شاری "خان شیخون"ی گەورەشاری ناوچەی گوندەواری (ریف) ئیدلب، بەو هۆیەشەوە دەستەی ڕزگاركردنی شام (بەرەی نوسڕەی پێشوو) پاشەكشەی كرد. 

لاڤرۆڤیش لەو بارەوە وتی: مۆسكۆ و دیمەشق‌ لە كردە سەربازییەكانیان بەردەوام دەبن بۆ رزگاركردنی شاری ئیدلب لەبندەستی تیرۆرستان، ئەمەش واتای ئەوەیە‌ مۆسكۆ گوێ بە كاردانەوەی ئەنقەڕە نادات، توركیاش هێشتا شێلگیرە لە دەستگرتن بە ڕێككەوتننامەكەی سوچی، ئەو خاڵە چاودێرییە سەربازییانەشی هەڵنەوەشاندوونەوە، كە بە گوێرەی ڕێككەوتننامەكە جێگیری كردوون.

گرنگرتین ناكۆكییەكانی نێوان توركیا و ڕوسیا سەبارەت بە ئیدلب 
بنكەی پێكدادانی تازە
لێدانە سەربازییەكە لە كاروانە سەربازییەكەی توركیا، كە بە 50 ئۆتۆمبیل بوون، پێشبینی چاودێرانی زیاتر كرد ، كە هەڵكشانێكی سەربازی ڕاستەوخۆ لە نێوان روسیا و توركیادا ڕوودەدات. 

لێدانەكە بە ئەنقەست بوو، ڕوسیاش پاساوی ئەوەی هێنایەوە ئەو كاروانە سەربازییە ئاراستەی ڕۆیشتنیان بەرەو تیرۆرستان بووە، ئەنقەرەش رایگەیاند، ڕووگەیان بەرەو خاڵەكانی چاودێری سەربازی بووە. 

لەو بارەوە مەولود چاوش ئۆغڵۆ ئۆباڵەكەی خستە ئەستۆی ڕوسیا، ڕوسیاش هێشتا مكوڕە لە ئەنجامدانی گۆڕانكاری لەدۆخی شاری ئیدلب، ئەمەش لەسەر هەگبەو و كەوڵی بەرژەوەندییەكانی توركیا دەبێت.

وتارێكی توندی دبلۆماسی 
پێكدادانێكی دبلۆماسی تازە لەنێوان هەردوولادا سەریهەڵدا، لاڤرۆڤ هەر بەوە نەوەستا، كە ئاماژە بە هۆشدارییەكانی پێشووی مۆسكۆ بدات بەوەی ئارامیان لەبەر بڕاوە لەهەمبەر پەرەسەندنی بوونی تیرۆرستان لە ئیدلب، بەڵكو بە ڕاشكاوی ئۆباڵی ئەم پەرەسەندنەی خستە ‌ئەستۆی توركیا لەوەی تیرۆرستان ئێستا 90% ی خاكی ئیدلبیان بەدەستەوەیە، كە پێشتر ڕێژەكە 50% بوو.

ئەو وتیشی: ئەو خاڵە چاودێرییە سەربازییانەی دروستكراون، ئەركی خۆیان جێبەجێنەكردووە لە هەڵتەكاندنی بارگە و بنەی ئەو تیرۆرستانە، ئەمەش ناڕاستەوخۆ  تۆمەتباركردنی توركیایە بە پشتیوانیكردنی تیرۆرستانی سوریا.
\
ڕەنگدانەوەی نزیكبوونەوەی توركیا – ئەمریكا لەڕۆژهەڵاتی فوڕات
پێكدادانی ئەم دواییەی نێوان مۆسكۆ و ئەنقەرە وا لێدرایەوە، كە بەرئەنجامی نزیكبوونەوەی نێوان واشنتۆن ئەنقەرەیە‌، بەوەی سەبارەت بە ناوچەی ئارامی باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا گەیشتوونە لێكتێگەیشتن، ئەمەش پێنوێنە (مۆشر)‌ بەوەی لە ئایندەدا شێوەی هاوپەیمانییەكان دووبارە گۆڕانكاری بەسەردا دێت.

سیناریۆ شیمانەكراوەكان
بە گوێرەی پەرەسەندنەكانی ئێستا، شیمانەی چەند سیناریۆییەك دەكرێت لەپەیوەندییەكانی نێوان مۆسكۆ و ئەنقەرەدا، لەوانەش: 
بەردەوامی هەڵكشانی ڕووداوەكان
سەرباری ئەوەی زۆر لایەن توركیا بە پشتیوانیكردنی تیرۆر تۆمەتبار دەكەن لە سوریا و دەوڵەتانی دیكە، بەڵام گرفتی ئەنقەرە ئەوەیە ڕوسیا پشتیوانی لەو تۆمەتانە بكات، جا چ بە ئاشكرا یان بە شاراوەیی،  ئەمەش‌ واتای ئەوەیە مۆسكۆ كۆششەكانی بەردەوام دەبن بۆ دروستكردنی بەربەست لەبەردەم كۆششەكانی توركیا بە پارێزگاریكردن لە بنكە سەربازییەكانی لە ئیدلب، ئەمەش كاریگەری بەرچاوی دەبێت لەسەر پەیەندییەكانی نێوان هەردوولا.

دەورەدانی پشێویەكان
ڕەنگە هەردوولا چاوبخشێننەوە بە میكانیزمەكانی مامەڵەكردن لەگەڵ پەرەسەندنی تەنگژەكەی ئەم دواییە، ئەمەش ئەگەری ئەوەی هەیە پەیوەندی بەیەكترەوە بكەن بۆ خاوكردنەوەی بارگرژییەكانی نێوانیان. 

لەوانەشە توركیا بە پەنابردنەبەر گۆڕینی تاكتیكەكانی لە ئیدلب هەوڵی بەدەستهێنانی دەستكەوت بدات، وەك ئەوەی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە بری چەكدارەكانی دەستەی ڕزگاركردنی شام (بەرەی نوسڕەی پێشوو) بخاتە پێشەوەی گۆڕەپانی جەنگەكە ڕێگەش بۆ ڕوسیا و سوریا فراوان بكات تاوەكو بەرەنگاری ئۆپۆزسیۆن ببنەوە، ئەمەش ناوە ناوە لە لێدوانەكانی بەرپرسانی وەزرارەتی دەرەوەی توركیادا هەستی پێدەكرێت، گوایە بەم كارەیان پشتیوانی لە سوپای نیشتمانی سوریا یان هێزە بەرهەڵستكارەكانی ڕژێمی سوریا دەكەن، ئەمەش بۆ هێشتنەوەی ڕێككەوتننامەی "سوچی"یە و لە پێناو هێشتنەوەی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنە تا گەیشتن بە ڕێككەوتننامەیەكی سیاسی، بەمەش پارێزگاری لەو بنكە سەربازییانە دەكات كە دروستیكردوون.

 مامەڵەیەكی تازە 
لەوانەیە هەردوولا لە مەودایەكی مامناوەنددا كۆششی ئەوە بكەن بگەنە لێكتێگەیشتن سەبارەت بە ناوچەیەكی ئارام لە ئیدلب، بە هەمان شكڵ و شێوەی ناوچە ئارامەكەی توركیا – ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات، ئەمەش لەسەرەتای سەرهەڵدانی تەنگژەی سوریاوە داواكاری توركیا بووە، بەڵام هیچ لایەك پشتیوانی لێنەكردووە، بەڵام ئەم ئەگەرەیان دەوەستێتەسەر ڕادەی ووڵامدانەوەی مۆسكۆ بۆ داواكارییەكەی توركیا.

پۆختەی قسە ئەوەیە، كە پەیوەندییەكانی ڕوسیا – توركیا بە تاقیكردنەوەیەكی قۆناغبەندیدا تێدەپەڕێت، كە ڕادەی پتەوی هاوپەیمانیەتی نێوان مۆسكۆ و ئەنقەرە دیاری دەكات، ئەمەش واتای ئەوە نییە ئەو هاوپەیمانییە گۆڕانی بەسەردانایەت، چونكە هەردوولا توانستی ئەوەین هەیە لێكەوتەكانی ئەو پەرەسەندنانەی ئێستا تێپەڕێنن. سەرباری ئەوەش، ئەو ئاماژە گرنگەی خۆی قوتدەكاتەوەئەوەیە كە پەیوەندییەكانی نێوان ڕوسیا – توركیا كە لەسەر سەوداو مامەڵە و لێكتێگەیشتنەكان بەندە، ئەگەری هەرەسهێنانیان هەیە، ئەمەش  پەیوەستە بە ڕادەیی پڕاگماتیببونی لایەنەكانی ئەو هاوپەیمانییە لە بەڕێوەبردنی پەیوەندییەكانیاندا.

سەرچاوە: موستەقبەل 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر