حەشدی شەعبی بۆ كڕینی چەكی روسی فشار لەعادل عەبدولمەهدی دەكات

عیراق

09/09/2019‌ 547 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: میدیاكان
وەرگێڕان‌و ئامادەكردن: لوقمان حاجی قادر

شەرقلئەوسەت بڵاویكردەوە
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆژنامەوانی فەڕەنسی، یەكەم تیمی سەربازی هاوبەشی ئەمریكی – توركی لە ناوچەی تەلئەبیەز لەگو‌ندەواری (ریف) ڕەقە، لە نزیك سنووری توركیا لە باكووری سوریا، كە ناوچەی باڵادەستی كوردەكانە، گەڕان و سوڕانی خۆیان دەستپێكرد، ئەمەش وەك جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتننامەی واژووكراوە بۆ پێكهینانی ناوچەی ئارام.
  
دوای هەڕەشەكانی توركیا لە كوردەكانی باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، واشنتۆن جموجۆڵە دبلۆماسییە‌كانی خۆی دەستپێكردن بۆ پاراستنی هاوپەیمانەكانی لە باكووری سوریا تا هێرشی سەربازییان نەكرێتەسەر. 

لە 7 ی ئۆگستۆسی ئەم مانگە و دوای گفتوگۆیەكی چڕوپڕ لەگەڵ توركیادا، واشنتۆن گەیشتە ڕێككەوتنێك بەدروستكردنی ناوچەیەكی ئارام، كە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكینەكانی پاراستنی گەل لە سنووری توركیا جیادەكاتەوە، بڕیار وایە بە پلەبەندی ئەو ڕێككەوتننامە‌ جێبەجێ بكرێت.

بە گوێرەی ئاژانسەكە، 6 زرێپۆشی توركی چوونە ناو خاكی سوریاوە و لەگەڵ چەند زرێپۆشێكی ئەمریكی ڕێیان كردووە، دوو فڕۆكەی پەروانەداری جەنگیش بەئاسمانی ناوچەكەدا سوڕاونەوە. 

ئەو كاروانە "ئۆتۆمبێلێكی فریاكەوتن و پیكاب" ێكیان لەگەڵدا بووە، كە یاوەری زریپۆشەكانیان كردووە و‌ بەرەو ڕۆژهەڵاتی سوریا ملی ڕێگەیان گرتووە.

ڕیاز خەمیسی سەرۆكی هاوبەشی ئەنجوومەنی سەربازی تەلئەبیەزی سەر بە هێزەكانی سوریای دیموكرات لەو بارەوە رایگەیاندووە، ئەركی ئەو تیمە سەربازییەی تەنیا چەند سەعاتێك بووە.

ئەو وتیشی: ئەوان ڕێككەوتننامەكە جێبەجێ دەكەن، مادام میكانیزمێكە بۆ دوورخستنەوەی شەڕ و ئاشوب لە ناوچەكەیان.

لەبەرانبەر شەرڤانانی سوپای سوریای دیموكرات هەسەدە ڕایگەیاندووە، كار بۆ سەركەوتنی ڕێككەوتننامەكە دەكەن، پێش 10 ڕۆژ لەمەوپێش سەنگەرەو مەترەێزە سەربازییەكانی خۆیان لەهەردوو شاری تەلئەبیەز و ڕەئس ئەلعەین چۆڵكردووە و چەكە قورسەكانیان لێ دوورخستوونەوە. 

هەروەها رایگەیاندووە، لە بری هێزەكانیشیان كارگێڕی خۆبەڕێوەبەری ئەنجوومەنێكی سەربازی  خۆجێیی ‌ لە جەنگاوەرانی ناوچەكە پێكهێناوه بۆ پارستنی ناوچەكەیان.

هێشتا وادەی زەمەنی و ووردەكاری و قەبارەی ئەو ناوچەیە، كە لە ڕێككەوتنەكەدا هاتووە دیاری نەكراوە، سەرباری ئەوەی ئەردۆغان وتی: قووڵاییەكەی 32 كیلۆمەترە، هێزەكانی سوریای دیموكراتیش دەڵێن تەنیا 5 كیلۆمەترە و لە هەندێك شوێنی وەك ڕەئس ئەلعەین و تەلئەبیەز لە نیوان 9 بۆ 14 كیلۆمەتر دایە.

سوریا بە توندی ئەو ڕێككەوتننامەیە ڕەتدەكاتەوە، كە چاودێران پێیان وایە ئامانجێكی ئەنقەرە لە پێكهێنانی ئەو ناوچەیە،‌ نیشتەجێكردنی ئاوارە سورییەكانە، كە لە ئێستادا سوریا داڵدەی 3.6 ملیۆن ئاوارەی سوری داوە.

ئەردۆغانیش هەڕەشەی ئەوەی كردووە لە ئەگەری هەر دواكەوتن و خاوخلیچییەك لە پێكهێنانی ئەو ناوچە ئارامەدا، سوپای توركیا هێرش دەكاتەسەر یەكینەكانی پاراستنی گەل.

ئەلعەرەب بڵاویكردەوە
حەشدی شەعبی فشاری بۆ عەبدولمەهدی هێناوە، كە هێزەكانی بە چەكی ڕوسی پڕچەك بكات

لە دوای سەپاندنی سزای دیكەی ئابووری بەسەر ئێراندا و تەقینەوەكانی ئەم دوایەی دژ بە بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە عێراق، كە ئیسڕائیلی پێ تۆمەتبار كراوە، لایەنەكانی ناو حكومەتی عێراق و گروپە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی فشارێكی زۆریان خستووەتەسەر حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، كە خۆیان بە چەكی ڕوسی پڕچەك بكەن، لەگەڵ زیادبوونی فشارەكانیش، شیمانەی ئەوە هەیە حكومەتی عێراق ملكەچی ئەو داواكارییە بێت.

 لە هەشتا و نەوەدەكانیشەوە تا ساڵی 2003، عێراق ڕووی كردبووە سەربازگەی ڕۆژهەڵات، لە ساڵی 2003  و دوای داگیركردنی لە لایەن ئەمریكاوە، ‌ ڕوگەی خۆی بەرە و سەربازگەی ڕۆژئاوایی وەرچەرخاند.

چاودێران پێیان وایە ئێران لەو وەرچەرخانە تازەدا، گەورەترین سوودمەندە،‌ بەوەی عێراق سیستەمی موشەكی بەرگری ئاسمانی ڕوسی بكڕێت، بەو پاساوەی خۆیانی پێ دەپارێزن لە هێرشەكانی ئیسڕائیل. 

سەركردەكانی حەشدیش باش دەزانن، كە عێراق ناتوانی ڤیتۆی ناتۆ لەسەر كڕینی چەكی ڕوسی تێپەڕێنن.

هەروەها چاودێران پێیان وایە ئامانجی حەشدی شەعبی لەو فشارانە تێكدانی پەیوەندییەكانی بەغدا و واشنتۆنە، سەرۆك وەزیرانیش ناتوانێت دەستبەرداری بوونی ئەمریكا بێت لە عێراق، بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆماری عێراقیش هەمیشە لە بۆنەكاندا ئەوەی دووپات كردووەتەوە كە عێراق پێویستی بە هاوبەشبەندییەكی سەربازی هەیە لەگەڵ واشنتۆندا.

لەو لاشەوە ئەو هێزانە كۆشش دەكەن بە یاسایەك ئەمریكییەكان لە عێراق وەدەرنێن، ئەگەر هاوپەیمانانی ئێران لەم كارەشیاندا سەركەوتووبن، ئەوا محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان ئاسانكاری بۆ كارێكی لەم جۆرە ناكات، حەلبوسی لە دوا سەردانیشیدا بۆ ئەمریكا، لاگیری خۆی بۆ مانەوەی هێزەكانی ئەمركیا دەربڕی.
 
ئەنجامی سەردانەكەی فالح فەیازی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی بۆ مۆسكۆ، هێشتا ڕوون نەبووەتەوە و لێڵاوییە، میدیا عێراقییەكانی نزیك لە ئێرانیش دەڵێن: فەیاز بۆ دانوستان سەبارەت بە كڕینی كۆسیستەمی بەرگری موشەكی ئاسمانی چووەتە ڕوسیاو سەرچاوە سەربازییەكانیش دەڵێن: سەردانەكە بۆ برەودان بووە بە بواری هەواڵگری نێوان هەردوو وڵات.


سۆمەرییە نیوز  بڵاویكردۆتەوە
عەلی سەجڕی پەرلەمانتار، داوای لەفراكسیۆنە سیاسییەكان كرد بێویژدانییەكانیان بەرانبەر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بوەستێنن و چی دیكە گزی و فزی لێنەكەن.

سەجڕی داواشی لەلایەنە سیاسییەكان كرد، كار بۆ سەركەوتنی هەنگاوەكانی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی بكەن و هەلێكی گەورەتری پی ببەخشن و پاڵپشتی پڕۆژەكانی دژەگەندەڵی و ئابوروی و ئاوەدانكاری و ئەمنییەكانبن.

ناوبراو وتیشی: هەنگاوەكانی سەركەوتن پێویستیان بە كاتە، چونكە ئەو میراتەی بۆ عەبدولمەهدی جێماوە ، پێویستی بە كات و كۆششی زیاتر هەیە لە بەرەنگاربوونەوە و ڕووبەڕووبوونەوەیدا، ئەمشەش بە گۆڕینی یاساكانی دەوڵەت دێتەدی كە عێراقی كۆتوبەند كردووە لەوەی پڕۆسەكانی بنیاتنان و ئاوەدانكردنەوە بگەیەنێتە شوێنی خۆی بە هۆی ئەو بیرۆكراسییە مەترسیدارەی ووڵاتی خنكاندووە.

سەجری داواشی كرد چی دیكە فرتوفێڵ لە عەبدولمەهدی نەكەن و ئەوەش‌ نەقۆزنەوە كە سەرۆك وەزیران پیاوێكی ئاكاربەرزە و ووڵامی ئەو جۆرە كەسانە ناداتەوە كە پەلاماری دەدەن.

سەجری ئەوەشی وت: هەموو لایەنە سیاسییەكان بەرپرسیاریەتی ئەو دۆخەیان لە ئەستۆ دایە، بەو پێیەی بەشدارن لە بەرێوەبردنی جومگەكانی دەوڵەتدا.

باسی لەوەش كردووە، كە ئەگەر ئەوان وەك عەبدولمەهدی خزمەتی گەلیان دەوێت، با لە سەرۆك وەزیران گەڕێن بەرنامە چوار ساڵییەكەی تەواو بكات، چونكە سەرۆك وەزیران زۆر پڕۆژەی سوودبەخشی وەئەستۆ گرتوون كە تا 4 ساڵی دیكە بەرهەمەكەیان بەدیار ناكەوێت.

لەلایەكی دیكەشەوە، عیزەت شابەندەری سیاسی سەربەخۆ وتی: ئەگەر هاوپەیمانی سائیرون پشت لە عەبدولمەهدی بكەنەوە و ببنە ئۆپۆزسیۆن، ئایا دەتوانن لە پێگەكەی خۆیان بمێننەوە؟، بەوەش سائیرونی تۆمەتبار كرد كە سیاسەتێكی دووفاقی پیادە دەكەن.

شابەندەر ئەوەشی وت: ئەمریكا ئیسڕائیل دەستواڵا دەكات لە ئەنجامدانی كردەی هەواڵگری لە خاكی عێراقدا.

شابەندەر لە میانەی بەرنامەی "موناوەرە" كەناڵی ئاسمانی سۆمەرییە نیوز هەروەها وتی: ئەو فشارانەی ئێستا هەن هەڕەشەنین بۆسەر حكومەتەكەی عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران.

ناوبراو وتیشی: عادل عەبدولمەهدی دەمێنێتەوە، چونكە لە دەرەوەی پەرلەمانیش، لە لایەن هێزی جۆراوجۆرە پشتیوانی دەكرێت.