كۆمپانیاكانی دروستكەری ئۆتۆمبیل لەچركەیەكدا چەند قازانج دەكەن؟

جیهان

10/09/2019‌ 631 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئایا رۆژێك لەرۆژان بیرت لە داهاتی كۆمپانیاكانی دروستكەری ئۆتۆمبیل و قازانجەكانیان كردووەتەوە؟ ئایا دەزانی ساڵانە بەهۆی فرۆشتنی ئۆتۆمبیلە جیاوزەكانیان لەسەرانسەری جیهان چەندیان دەست دەكەوێت؟

بەرێگایەكی دیاریكراو، دوای زانینی قازانجی كۆمپانیاكانی ئۆتۆمبیل لە ساڵێكدا دەتوانرێت حسابی قازانجەكانیان بكرێت لەچركەیەكدا، ئەوەش پشت دەبەستێت بەدابەشكردنی قازانجی ساڵێكی كۆمپانیاكە بەسەر ژمارەی چركەكانی ساڵێك، كە دەكاتە ٣١٥٣٦٠٠٠ چركە .

دوای ئەو پرۆسەی حیسابكردنە دەردەكەوێت، كە كۆمپانیای تۆیۆتای ژاپۆنی هەر ٤ چركەیەك ئۆتۆمبیلێك دەفرۆشێت و لەهەر چركەیەكیشدا ٥٣٧ دۆلار قازانج دەكات.

بەڵام، كۆمپانیای بی ئێم دەبلیوی ئەڵمانی هەر ١٣ چركەیەك ئۆتۆمبیلێك دەفرۆشێت و ٢٦٠ دۆلار لە چركەیەكدا قازانج دەكات، دوای ئەو كۆمپانیای جەنەراڵ مۆتۆرزی ئەمەریكی دێت، كە بەهەر ٤ چركەیەك ئۆتۆمبیلێك دەفرۆشێت‌و چركەی ٢٥٧ دۆلار قازانج دەكات.

هەروەها كۆمپانیای هۆندای ژاپۆنی كەمێك لەوانی تر دوورە و هەر ٦ چركەیەك ئۆتۆمبیلێك دەفرۆشێت و ١٧٤ دۆلار قازانجی لەچركەیەكدا دەست دەكەوێت ، بەوەش پێش ڤۆلگس واگنی ئەڵمانی دەكەوێت، كە هەر ٣ چركە ئۆتۆمبیلێك دەفرۆشێت و لەو چركەیەدا ١٦٥ دۆلار قازانج دەكات، دواتر كۆمپانیای فۆردی ئەمەریكییە، كە هەر ٥ چركە ئۆتۆمبیلێك دەفرۆشێت و ١١٧ دۆلار قازانجی لە چركەیەكدا دەست دەكەوێت .

لەدوای ئەوان كۆمپانیای نیسانی ژاپۆنی دێت، كە لەگەڵ ئەوەی بەهەر ٦ چركە ئۆتۆمبیلێك دەفرۆشێت، بەڵام لەچركەیەكدا كەمتر لە ١٠٠ دۆلا قازانج دەكات.

لەكۆتاییدا كۆمپانیای فیراری ئیتالی بە ٥٦ خولەك ئۆتۆمبیلێك دەفرۆشێت و لە چركەیەكدا ٢٨ دۆلار قازانج دەكات.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی