چەند ئەندامێكی جڤاتی گشتی گۆڕان دەستلەكاردەكێشنەوە

کوردستان

10/09/2019‌ 12334 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حەوت كەس داوای دەستلەكاركیشانەوە لەجڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان‌و ئەندامییەتی بزووتنەوەكە كردووە، ئەوەش بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس.

هەر بەپێی زانیارییەكان ئەو حەوت ئەندامەی جڤاتی گشتی گۆڕان بریتین لە "مامۆستا ساڵح ژاژەلەیی جێگری سەرۆكی جڤات، پرۆفیسۆر د. عەلی تاهیر، د. شەریف قادر لەتەقتەق، د. سابیر ئیسماعیل لەهەولێر، حەیدر حەسەن شوان لەكۆیە،  ئاوات بەهادین محەمەد لەسلیمانی، عادل كاكەیی لەكەركوك.

لەو بارەوە ساڵح ژاژڵەیی بۆ شارپرێس وتی: ئێمە نیگەرانین لەئاراستەی ئێستای گۆڕان‌و لەكۆمەلێك پرسی تر لەوانە جڤاتی نیشتمانی بڕیاریدا لە ١٤ ی ٩ هەڵبژاردن بكرێت بۆ خانەی راپەراندن، بەڵام ئێمە لامان وایە جڤات خۆی ٤ ساڵ هەڵبژاردنی نەكردووەو شەرعییەتی بریاردانی نییە.

ساڵح ژاژڵەیی وتیشی: ئێمە داوامانكرد ماوەی خانەی راپەراند درێژ بكرێتەوە تاكاتی كۆنفرانس، كە بڕیارە لەكۆتایی ئەمساڵدا ببەستریت و تا جڤات سەر لەنوێ هەڵبژیرێتەوە، بەڵام پێدەچێت ئەوان بۆ بەمەستی خۆیان تێپەراندنی بڕیارەكەیان چەسپاندو گوێیان لەئێمە نەگرت.

ئەو بەرپرسەی گۆڕان روونیشیكردەوە، لەزۆر پرسی تریشدا هەر گوێیان لێنەگرتوون، بۆیە سەرنجام بریاری خۆیاندا بەدەستكیشانەوە لەئەندامییەتی جڤات و بزووتنەوەی گۆڕان.

ژاژڵەیی هەروەها وتی: پێش ئێمەش چەند ئەندامی جڤات ‌و هەڵسوڕاو و كەسایەتی دیار بەهۆی گوێنەگرتن و سەرنجەكانیان لەسەر ئاراستەی گۆران دەستیانلەكاركێشاوەتەوە.

هـ ـ ح