بەشێکە لەگفتوگۆکانى هەرێم و بەغدا
حکومەتى هەرێم: عێراق ٨٠ ملیار دۆلارى هەرێمى کوردستان قەرزدارە

عیراق

11/09/2019‌ 1381 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئاشکراى دەکات حکومەتى عێراق ٨٠ ملیار دۆلار قەرزدارى هەرێمەو پێویستە بیگەرێنێتەوە بۆ حکومەت.
جوتیار عادل وتەبێژى حکومەتى هەرێم لەدواى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەنوسى راگەیاند"هەرێمى کوردستان نییەتى ئەوەیە لەگەڵ حکومەتى عێراق رێکبکەوێت بەو مەرجەى مافە دەستورییەکانى هەرێم پارێزراو بێت، بۆ ئەو مەبەستەش شاندێک سەردانى وەزارەتى دارایی عێراق دەکەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بودجەى ٢٠٢٠.
سەبارەت بە پاشەکەوتى موچە، رونیکردەوە، پرسى پاشەکەوتى موچەى فەرمانبەران بەشێکە لە خاڵەکانى گفتوگۆ لەنێوان هەرێم و بەغدا، ئێمە پارەمان لە موچەخۆران نەبڕیوە، حکومەتى عێراق بڕیوەیەتى کە بڕەکەى نزیکەى هەشت بۆ نۆ ملیار دۆلارە.
وتەبێژى حکومەتى هەرێم ئاشکراى کرد، حکومەتى عێراق برە پارەیەکى حکومەتى هەرێم قەرزدارە کە لەوانە پارەى پێشمەرگەى تێدایە کە لە ٢٠٠٥ وە نەیناردوە تا ئەم کاتە ٨٠ ملیار دۆلار قەرزدارى حکومەتى هەرێم و پێیستە بیگەڕێنیتەوە هەرێم کە لەلایەن وەزارەتى دارایی و وەزارەتى دیکە دیراسەیان کردوە ئەوەش یەکێکە لە خاڵەکانى گفتوگۆى نێوان هەرێم و بەغدا.
هەر لەبارەى ناوەرۆکى کۆبوونەوەکە ئاماژەى بەوەشکرد، لەسەر راپۆرتى وەزارەتى پەروەردە ئەنجومەنى وەزیران بریاریدا دابینکردنى پێداویستییەکانى قوتابیان و مامۆستایان دابین دەکرێن و قوتابخانەکان نۆژەن دەکرێنەوە.
هەروەها وتیشى" ئەنجومەنى وەزیران بڕیاریدا نەوتى سپى دابەش دەکرێت کە بڕەکەى ٢٥٩ ملیۆن لیترەو بەر لە وەرزى زستان دابەش بکرێت  جا هەرێم دابینى بکات یان حکومەتى عێراق".
جوتیار عادل رونیکردەوە، حکومەت رێکخستنەوە بۆ باج دەکات و یاساکان پێداچوونەوەى بۆ دەکرێت کە بۆ ئەوەى باج رێکبخرێتەوە، چونکە خۆدیزنەوەیەک هەیە لەباج دان.