نەوەی نوێ‌ لەترسی هەڵمەتی میدیایی ئۆفەرەكەی یەكێتی رەتكردووەتەوە

کوردستان

19/09/2019‌ 2641 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئۆفەری بەشداریكردن لە لیستی هاوبەشی لایەنە كوردییەكانی كەركوك رەتكردەوە، كە لەلایەن یەكێتی نیشتمانی خرابووە بەردەمی.

ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ رۆژی چوار شەممە كۆبووەوەو بەپێی زانیارییەكانی شارپرێس لەو كۆبوونەوەیە تاوتوێی ئەو ئۆفەرە كراوە، كە یەكێتی خستییە بەردەم جوڵانەوەكە بۆ دروستكردنی لیستێكی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق.

هەر بەپێی زانیارییەكان، كە شارپرێس لەئەندامێكی ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ‌ دەستیكەوتووە، لەكۆبوونەوەكە باس لەوە كراوە، ئەگەر ئەو ئۆفەرە قبووڵ بكەن، هەڵمەتێكی میدیایی گەورەیان لەسەر بەرپا دەكرێت، بەتایبەتی لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، بەهۆی ترس لەو هەڵمەتەوە، زۆرینەی زۆری ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ‌ لەگەڵ ئەوە نەبوون بەشداری ئەو لیستە بكەن بڕیارە لەلایەنە كوردییەكان لەكەركوك‌و ناوچە دابڕێنراوەكان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاكان پێكیبهێنن.

هاوكات دوای كۆبوونەوەكە كاوە عەبدولقادر ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی وتی: هێشتا زووە بڕیاری بەشداریكردن لە یەك لیستی لایەنە كوردییەكانی كەركوك بكات.

ئەو وتیشی: پارتی‌و یەكێتی بەرپرسیارن لە دۆخی كەركوك، كە لەچەندین ساڵی رابردوو بەسەر ئەو شارەیاندا هێناوە، باسی لەوەش كرد، ئەو دوو لایەنە لە هەرێم بە جۆرێك مامەڵە دەكەن و لە دەرەوەی هەرێمیش بە جۆرێكی تر.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەش كرد، دروستكردنی یەك لیستی لە كەركوك پێویستی بە زەمینە سیاسی هەیە، كە بەوتەی خۆی لە ناو هەرێم و دەرەوەی هەرێم بەیەك ئیرادە كار بكرێت.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، كە نەوەی نوێ‌ بە لیستێكی سەربەخۆ بەشداری لەهەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق دەكات، كە بڕیارە ساڵی داهاتوو بەرێوەبچێت.

هـ ـ ح