شارپرێس:
بەرێوەبەری دەزگای هەواڵگری دەرەوەی روسیا (سێرگی ناریشكین) باسی لەوە كردووە سەرجەم زانیارییەكان سەبارەت بە هێرشەكەی سەر ئارامكۆ كۆدەكەنەوە، واشی دانا هێشتا زووە باس لە تێوەگلانی ئێران بكرێت.
ناریشكین لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: ئێستا خەریكی كۆكردنەوەی زانیارین، بەڵام نەگەیشتووینەتە ئەنجامی كۆتایی دەربارەی رووداوەكە، لە هەمان كاتدا گەیشتن بەدەرەنجامی دروست پێویستی بە بەڵگەی روون و ئاشكرا هەیە.
دیارە دۆخی ناوچەكە بەرەو گرژی زیاتر رۆیشت پاش ئەوەی لە 14ی سێپتەمبەردا دوو پاڵاوگەی نەوتی گەورەی سعودییە رووبەرووی هێرشێكی فراوان بووەوە لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، ئەوانیش پاڵاوگەی بەقیق و بیرە نەوتی (هجرە خریس) بوون، پاشان لەلایەن كۆمەڵەی ئەنساروڵلای حوسی یەمەنییەوە، كە ئێران پاڵپشتی لێدەكات بەرپرسیاری هێرشەكانی خستە سەرخۆی و رایگەیاند، پرۆسەكەیان بە دە فرۆكەی بێفرۆكەوان ئەنجامداوە.
هەر دەربارەی ئەم دۆخە، وەزیری وزەی سعودییە عەبدولعەزیز بن سەلمان رایگەیاند، هێرشەكە بووەتە مایەی وەستاندنی هەناردەكردنی 5.7 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە، كە دەكاتە رێژەی 50%ی كۆی بەرهەم هێنانی وڵات، ئەمریكاش لای خۆیەوە ئێرانی تۆمەتبار كرد لەرووداوەكە و ئەم تۆمەتەش بە توندی لەلایەن حكومەتی ئێرانەوە ڕەتكرایەوە.
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا
