ئەمریكا لەهەوڵدایە بۆ ئەوەی توركیا لەهێرشی سەر رۆژئاوا پاشگەزبكاتەوە

کوردستان

08/10/2019‌ 2643 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكی باسی لەوە كردووە، هێشتا توركیا دەستی نەكردووە بە پرۆسە سەربازییە گریمانكراوەكەی بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان.

ئەو بەرپرسە ئەمەریكییە لەمیانی لێدوانێكی رایگەیاندووە، كە ئەو پەنجا سەربازە ئەمەریكییەی لەسەر سنووری سوریا و توركیا پاشەكشەیان پێكرا لەناوچەكانی تری سوریا جیگیر دەكرێن .

هەروەها راشیگەیاندووە، بڕیاری دۆناڵد ترامپ بۆ دووبارە بڵاوكردنەوەی هێزەكانی ئەمەریكا مانای پاشەكشەكردن ناگەیەنێت لە سوریا .

لای خۆیشییەوە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پنتاگۆن رایگەیاند، هێشتا لەهەوڵدایە بۆ ئەوەی بڕوا بە توركیا بهێنێت ناوچەكانی رۆژهەڵاتی سوریا داگیر نەكات .

لەبەیاننامەیەكی نووسراویشدا ، وتەبێژی پنتاگۆن جۆناسان هۆفمان راشیگەیاند، ئەمەریكا پشتگیری هیچ پرۆسەیەكی سەربازی توركیا لە سوریا ناكات .

هۆفمان باسی لەوەش كرد، كە وەزیری بەرگری و سوپاسالاری ئەمریكا بەهاوتا توركەكانیان راگەیاندووە بەوەی هێرشی سەربازی تاكلایەنە بۆ سەر ناوچە كوردییەكان مەترسی لەسەر توركیا دروست دەكات .

لەبەرانبەردا وەزارەتی بەرگری توركیا لە تویتێكدا رایگەیاند، ئەوان هەموو ئامادەكارییەكانیان تەواو كردووە بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی سەربازی گریمانكراو بۆسەر ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فورات .

لەبەشێكی تری تویتەكەی وەزارەتی دەرەوەی توركیادا هاتووە، دروستكردنی ناوچەی ئارام كارێكی پێویستە بۆ  سەقامگیری و ئاشتی بۆ سورییەكان تاوەكو بتوانن لە ئارامیدا بژین.

هاوكات لەگەڵ ئەگەری دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی توركیا دژی شەڕڤانانی كورد، سوپای توركیا پشتیوانی سەربازی بۆ یەكە سەربازییەكانی ناردووە، كە لەسەر سنووری سوریا بڵاوەیان پێكراوە .

هەروەها ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی باسی لەوە كردووە، كە ئەو هێزانەی نێردراون ١٠ بارهەڵگری هەڵگری تانك بوون كە لە شارۆچكەی یایلاغی ویلایەتی هاتای هاوسنووری سوریاوە بەرەو سەر سنوری سوریا بەڕێكراون .

لەلایەكی تریشەوە ، بەپێی هەمان سەرچاوە كاروانێكی سەربازی توركی كە لە ٨٠ زرێپۆشی سەربازی پێكهاتبوو گەیشتوونەتە هەردوو شاری قرق خان و خاسە لە ویلایەتی هاتای توركیا .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی