توركیا رووبەرێكی زۆری زەوی بۆ سوریا دەگەڕێنێتەوە

کوردستان

21/10/2019‌ 3358 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناویشانەوە، گۆڤاری (فزغلیاد) راپۆرتێكی بڵاوكردۆتەوە، سەبارەت بە‌ ناچار بوونی توركیا بۆ ئەوەی لەگەڵ دیمەشق رێككبكەوێت، تا شەرعییەت بدات بەهەبوونی سوپاكەی لەناوچەی ئارام (لەنێو خاكی سوریا).

بەپێی راپۆرتەكە، دەكرێت ئەنجامە یەكەمینەكانی پرۆسەی توركیا لەباكووری سوریا لەوە كورت بكەینەوە، كە ئەنقەرە ئامانجە سیاسی و سەربازییەكانی خۆی نەپێكاوە، گەورەترین بێهیوایی بۆ ئەردۆغان ئەوەیە، بەشار ئەسەدی ركابەری بە براوە دەربچێت.

توركەكان لەسەرەتادا هێڵێكی 30 كلم یان دیاریكردبوو، بۆ ئەوەی داگیریبكەن، بەڵام لە ئێستادا روونە، كە بابەتەكە بەو ئاراستەیە ناڕوات، ئامانجی سیاسی پرۆسەكە، خۆی لە ناوچەیەكی دابڕاودا دەبینێتەوە بەدرێژایی سنووری توركیا و سوریا، ئەمەش قابیلی جێبەجێكردن نییە.

لەلایەكی ترەوە، ڕاكردنی خێرای ئەمریكییەكان لەسەرجەم بنكەكانیان لەمەنبەج و كۆبانی ، بووە هۆی ئەوەی یەكەكانی سوپای سوریا بەپاڵپشتی چەند گروپێكی روسیا بەخێرایی پێشبكەون. 

دیمەشقیش بەبێ هیچ شەڕكردنێك دەستی گرت بەسەر دوو كەرتی گەورە لەسنووری هاوبەشی نێوانیان و پارێزگاری كردن لەدانیشتوانی كوردی ئەو ناوچەیە. 

لەبەرانبەردا توركەكان دەستیان گرتووە بەسەر ناوچە دەشتییەكانی رۆژهەڵاتدا، كە ناكرێن بەراورد بكرێن.

ئەگەر توركەكان، توانیبایان دەست بەسەر ناوچەیەك بە قووڵایی 30 كلم بگرن و دانیشتوانە كوردەكانی لێدەربكەن، دەیانتوانی بۆ ماوەیەكی درێژ لەو ناوچانە بمێننەوە، ئەمەش تا رادەیەكی زۆر كاریگەری دەبوو لەسەر گەیشتن بەرێككەوتنی ئاشتی لە سوریا.

بەڵام ئێستا، دەتوانرێت دانوستان لەسەر كاتی دیاریكراو بكرێت بۆ مانەوەی سوپای توركیا لە خاكی سوریادا، پاشان داوای لێدەكرێت بكشێتەوە، رەنگە توركەكان بتوانن لەرووی گریمانەوە، چەند بنكەیەكی سەربازی دروست بكەن، لەگەڵ ئەوەدا، ناتوانرێت باس لە هەر داگیركاریەك بكرێت لەسەر بەشێكی خاكی سوریا.

جیاوازییەكانیش ئەوەیە، ئەنقەرە لە ئێستادا بەرژەوەندی لەوەدایە پەیوەندی دیبلۆماسی لەگەڵ دیمەشق دروست بكاتەوە بۆ ئەوەی مۆركێكی دامەزراوەیی هەبێت، تا لە قووڵایی 30 كلم لە سوریا بمێنێـتەوە‌و پەیوەندییەكانی ئێستا لە رێگەی هەواڵگیرییەوە چالاكن، بەڵام هیچ هێزێكی یاسایی نییە.

رەنگە ناوچەكانی ژێر دەستی توركیا لە هێرشی جەنگاوەرەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان بۆ ماوەیەكی دورودرێژ بپارێزرێن ئەمیش لە میانی سەقامگیری دۆخەكەوە دێتە كایەوە، نەوەك لە رێگەی دەستگرتن بەسەر بەشێكی سوریا كە دانیشتوانەكەی كوردن و دژی ئەنقەرەنن، واش گومان دەبرێ توركی هەستی بەمە كردبێت.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا