وردەكاری ناكۆكی 3 سەرۆكایەتییەكەی عێراق لەسەر ناڕەزاییەكانی شەقام

عیراق

21/10/2019‌ 1126 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق، لەبارەی خۆپێشاندانەكانی ئەم دواییەی شەقامەوە بوون بە دوو بەرەوەی ناكۆك، یەكەمیان بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار پێشەوایەتی دەكات، دووەمیشیان عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان پێشەوایەتی دەكەن.

بەپێی سەرچاوەكان، حكومەتی عێراق ڕێوشوێنی زیاتری گرتووەتەبەر لە پێناو خاوكردنەوەی توڕەیی شەقام، لەو لاشەوە خۆپێشاندەران باوەڕیان بە بەرهەمداری جوڵەكانی حكومەتی عێراق نییە.

عەبدولمەهدی و حەلبوسی لە لایەك و بە شێوەیەكی كارا خەریكی گرتنەبەری ڕێوشوێنەكانن بۆ دەورەدانی خۆپێشاندانەكان و كپكردنەوەی توڕەیی شەقام، لەو لاشەوە بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار پێی وایە دەبێت چاكسازی خۆی بخزێنێتە ناو پایە سەرەكییەكانی سیستەمی سیاسی دەوڵەتی عێراقەوە.

چاودێران دەڵێن: جوڵەكانی عەبدولمەهدی و حەلبوسی ڕەنگدانەوەی پابەندبوون و وابەستەبوونە بەو ڕێككەوتننانەی ئەوانیان گەیاندووەتە سەر كورسی فەرمانڕەوایی، كە حیزبە سیاسییەكان لە پشتی بوون، بۆیە ئەو دووانە لەگەڵ گوتارەكەی بەرهەم ساڵح كۆك و تەبانین، بەڵام سەرۆك كۆمار پێیوایە لە بەرانبەر ئەو وەرچەرخانە گەورانەدا، پێویستیان بە چاكسازی بونیادگەرایی هەیە، كە متمانە بۆ سیستەمی حوكمڕانی وڵات بگێڕێتەوە.

چاودیران دەشڵێن: ساردی پەیوەندی نێوان ئەو دوو بەرەیە، لە هەر‌ ئان و ساتێكدا لەوانەیە بگۆڕێت بۆ ناكۆكی، چونكە بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار خەریكی ئامادەكردنی ڕە‌شنووسی پڕۆژە یاساییەكە بۆ پەرلەمان، كە تێیدا پێشنیاری ڕێكخستنێكی تازە دەكات بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاكان.

بە گوێرەی دەستور بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار، مافی پێشكەشكردنی پڕۆژیاسایی هەیە بۆ پەرلەمان و ئێستاش خەریكی ئەو كارەیە و پلانی بۆدادەنێت، هەندێك سەرچاوەش دەڵێن: ئەوەی لە هزر و هۆشی سەرۆك كۆماردا دێت و دەچێت لەوە سەرچاوە دەگرێت، كە یاسای هەڵبژاردنەكانی ئێستا گۆڕانیان بەسەردا بێت و ببێتە فرەبازنە لە هەر پارێزگایەكدا، تا لەهەر بازنەیەكەوە نوێنەرێكی پارێزگاكە بگاتە پەرلەمان، ئەمەش زیان بە بەرژەوەندی پارتە گەورەكان دەگەیەنێت، كە لە هەر هەڵبژاردنێكدا پشت بە لیستێكی یەكگرتوو دەبەستن بۆ هەر پارێزگایەك، لەمەشیاندا ڕەچاوی هیچ جۆرە لێوەشاوەیی و بنكەی جەماوەری پاڵێوراوەكان ناكەن، چونكە تەنیا نوێنەری بەرژەوەندی حیزبەكانن و بەس.
 
دوا خۆپێشاندان و ناڕەزاییەكانی عێراق،‌ چینی حوكمڕانی وڵاتی پاڵناوە بەرەو گرتنەبەری باشترین ڕێوشوێن بۆ هێوركردنەوەی توڕەیی شەقام و پاراستنی سیستەمی حوكمڕانی ئێستا، چونكە داواكارییەكان بە لەكارخستنی حكومەت لە بەرزبوونەوەدان، خۆپێشاندەرانیش لە 25 ی ئەم مانگەدا، خۆیان بۆ گەڕێكی دیكەی خۆپیشاندان ساز و ئامادە دەكەن.

بە گوێرەی چاودێران، لە ئێستادا دیمەنی سیاسی عێراق بەرەو دوو ئاراستەی هاوتەریب ڕی دەكات، یەكیان گرتنەبەری ڕێوشوێن و بڕیاری حكومییە، كە مامەڵە لەگەڵ هەندێك لە داواكراییەكانی خۆپیشاندەراندا دەكات، دووەمیشیان خۆسازدانی جەماوەرە بۆ سەرهەلدانەوەی خۆپیشاندانە ملیۆنییەكان، كە ڕێوشوێنەكانی حكومەت بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە ڕەتدەكەنەوە، چونكە هەردوولا متمانەیان لەنێواندا نەماوە، خەڵكیش پێیان وایە مافیاكانی گەندەڵی ڕۆچوونە ناو هەموو جومگەكانی دەوڵەتەوە.

سەرچاوە: مەركەز بەیت ئەلعێراق
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر