پارتی پەكەكە بە "رفاندن"ی كادرێكی تۆمەتبار دەكات

کوردستان

23/10/2019‌ 1728 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دڵشاد وەسانی، نووسەر و رۆژنامەنووس دەڵێت: ماوەی 12 رۆژە برایەكی بە ناوی عەبدوڵڵا وەسانی، كە كارگیڕی لیژنەی ناوچەی قەسرێی سەر بە لقی 26ی گوڵانی پارتی دیموكراتی كوردستانە، لەلایەن "مەفرەزەیەكی پەكەكەوە رفێندراوە و تا ئێستا هیچ سوراخێكی نازانن و داواش دەكات، براكەی ئازاد بكرێت".

وەسانی بۆ میدیاكانی پارتی دەشڵێت: كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی رۆژی 10ی ئەم مانگە، مەفرەزەیەكی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" بەبێ ئەوەی لە دەرگا بدەن، خۆیان بەسەر دیواری حەوشەی ماڵی براكەیدا لە گوندی وەسانی دەڤەری باڵەكایەتی هەڵداوەتە ژوورەوە و لەپێش چاوی هاوسەرو منداڵەكانی بردوویانە و تا ئێستاش بێسەر و شوێنە.

ئەو رۆژنامەنووسە ئاشكراشیكردووە تا ئێستا چەندین كەسایەتی ناوچەكەیان ناردووەتە لای پەكەكە و داوایان لێكردووە ئازادی بكەن، بەڵام هیچ سوودێكی نەبووە و دەستاودەستیان پێ دەكەن.

پێشتریش وەسانی لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك لەبارەی رفاندنی براكەی لەلایەن پەكەكەوە باسی ئەوەی كردبوو، ‌"ئەمە لەكاتێكدایە، كە هەموو كورد یەك هەڵوێستە و لەگەڵ ئازارەكانی ڕۆژئاوادان، كەچی ئەوان خەڵك لە باشوور دەگرن، چەند ڕۆژێكە بێدەنگیم كردووە، نەوەكو كەسانێك بڵێن كاتی ئەوە نییە باسی هیچ حزبێك بكرێ، بەڵام كە  دەسگیركردنەكە 10ڕۆژی تێپەڕاند و تا ئێستاش چارەنووسی نازانین، ناچاربووم قسە بكەم، عەبدوڵڵای برام نەخۆشە و دەرمانی چارەسەری هەیە، كەسوكارمان پێیان گوتبوون دەرمانی بۆ ببەن، بەڵام بەداخەوە ئەو جەماعەتە ئامادە نەبوون دەرمانەكە وەربگرن و بۆی ببەن، گوتبوویان نازانین لەكوێیە".

هـ ـ ح