ڕوسیا تاوتوێی پێشنیاری ئەڵمانیا بۆ‌ دروستكردنی ناوچەی ئارامی نێودەوڵەتی لەسوریا دەكات

جیهان

23/10/2019‌ 1730 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كرملین نیازی وایە تاوتوێ پێشنیازەكەی "ئینجریت كرامب – كارنپاور" ی وەزیری بەرگری ئەڵمانیا بكات بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی ئارامی نێودەوڵەتی لەڕۆژئاوای كوردستان.

ئاژانسی هەواڵی ڕوسی (ئەنتەرفاكس) لەسەر زرای "دیمیتری بسكیۆف" ی قسەكەری كرملینەوە بڵاویكردەوە، كە پیشنیازێكی تازە لە ئارادایەو تاوتوێی دەكەن.

ناوبراو رایگەیاندووە، تا ئێستا هەڵوێستێكی دیاریكراومان لەو بارەوە دەرنەبڕیووە، بەڵام پێشنیازەكە تاوتوێ دەكەین.

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا پێشنیاری كردبوو، ناوچەیەكی ئارامی شیمانەكراو (محتمل) لەڕۆژئاوای كوردستان بە بەشداری ڕوسیا و توركیا دروست بكرێت.

بسكیۆف راشیگەیاند، كە گفتوگۆكانی سوچی ئاسان نابن، حكومەتی سوریاش تەنیا لایەنە، كە دەبێت بڕیار لەو پرسە بدات ئاخۆ كوردەكانی ڕۆژئاوا بە چەكداری دەمێننەوە یاخود نا.

توركیا بە پاساوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتەجێكردنی ئاوارە سورییەكانی وڵاتەكەی، لە 9 ی ئۆكتۆبەری ئەم مانگە، كردە سەربازییەكەی لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستپێكرد و ئامانجییەتی بەقووڵایی 30 كیلۆمەتر ئەو ناوچە ئارامە دروست بكات.

ڕوسیا تێگەیشتنی خۆی بۆ بەرژەوەندییە ئەمنییەكانی توركیا نیشانداوە لەناوچەكە، لە هەمان كاتیشدا داوای كردووە یەكپارچەیی‌و سەلامەتی خاكی سوریا لەبەرچاو بگیرێت.

وەزیرە ئەڵمانیاییەكە، كە شوێنی مێركڵی گرتەوە لە سەرۆكایەتی پارتی مەسیحی دیموكراتی، لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا وتی: لەو بارەوە گفتوگۆی لەگەڵ مێركڵ كردووە و دواتریش ئەو پێشنیارەی گواستووەتەوە بۆ هاوپەیمانە ئەوروپییەكانی.

هەروەها هایكۆ ماسی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش وا وەسفی كردە سەربازییەكەی توركیای كردووە، كە دژ بە یاسایی نێودەوڵەتییە.

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە ڕۆانی 5 شەممە و هەینی ئایندە، لە بڕۆكسل ئەو پێشنیارە دەخاتە بەردەم وەزیرانی بەرگری هاوپەیمانی ناتۆ ، ووتیشی بەشداری ئەڵمانیا لەو ناوچە ئارامە پەیوەستە بە ڕەزامەندی پەرلەمانی ووڵاتەكەی.

وەزیرە ئەڵمانییەكە وتیشی: ئەو پێشنیارە هەر دەبێت پرۆگرامی دووبارە بنیاتنانەوەی ناوچەكە لەخۆ بگرێت.

ناوبراو ئەوەشی وت: دۆخی سوریا كاریگەری گەورەی دەبێت بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپا و ئەڵمانیا، ڕەخنەشی لە دەستەوەستانی ئەوروپا و ئەڵمانیا گرت سەبارەت بەو پرسە كە تیایدا تەماشاكەربوون.

سەرچاوە: ئەحوال توركیا 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر