عادل عەبدولمەهدی ئامادە نییە دەستلەكاربكێشێتەوە

جیهان

23/10/2019‌ 1095 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەنگین رێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی عێراق رایگەیاند، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران دەستلەكارناكێشێتەوە و پێیوایە دەستلەكاركێشانەوە راكردنە لە بەرپرسیاری .

ڕێكانی لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) رایگەیاند، كە عەبدولمەهدی پێیوایە لەژێر سایەی ئەو بارودۆخە قورسەی عێراقی پێدا تێدەپەڕێت، دەستلەكاركێشانەوە لە پۆستی سەرۆكوەزیران وەك راكردن وایە لە بەرپرسیاری.

وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی عێراق باسی لەوەش كردووە، كە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی زۆرینەی ئەو بەڵێنانەی داویەتی بردوونییەتە سەرو ئەوانەشی، كە ماون بەمزووانە جێبەجێدەكرێن.

دوای دەستپێكردنی خۆپیشاندان و نارەزایەتییەكان لە بەغدای پایتەخت و پارێزگاكانی تری باشوور ی عێراق دژ بەگەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییەكان و كوژران و برینداربوونی ژمارەیەكی زۆر لەخۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان، یەكێك لە داواكارییەكان بریتی بوو دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدول مەهدی لە پۆستی سەرۆك وەزیران و هەڵوەشاندنەوەی حكوومەتی ئێستای عێراق .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی