میدیای ئەمەریكی وردەكاری كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی ئاشكرادەكەن

لە میدیاکانەوە

27/10/2019‌ 2410 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
میدیاكانی ئەمەریكا بەپشتبەستن بە بەرپرسێكی گەورەی ناو وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا ئاشكرایانكردووە، كە رۆژی شەممەی رابردوو سوپای ئەمەریكا لەشوێنی خۆحەشاردانی لەناوچەیەكی سوریا ئەبوبەكر بەغدادیان بەئامانج گرتووە .

گۆڤاری "نیوزویك"ی ئەمەریكی لەو بارەوە بڵاویكردەوە، كە پرۆسەكە لە پارێزگای ئیدلب لە باكووری رۆژئاوای سوریا لەلایەن هێزێكی تایبەتەوە ئەنجامدراوە دوای ئەوەی لەڕێگای زانیاری هەواڵگرییەوە شوێنەكەی دەستنیشانكراوە.

گۆڤارە ئەمەریكییەكە بەپشتبەستن بە بەرپرسەكەی وەزارەتی بەرگری باسی لەوە كردووە، لەكاتی پرۆسەكەدا و كاتێك هێزەكان چوونەتە ئەو كۆمەڵگەیەی بەغدادی خۆی تێدا حەشاردابوو تێكهەڵچوونێكی كورت روویداوەو دواتر كوژراوە.
 
لەلایەكی تر تۆڕی "سی ئێن ئێن " ی ئەمەریكیش  بەسوودوەرگرتن لە زانیارییەكانی بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا بڵاویكردەوە، كە ڕێبەری داعش لەكاتی نزیكبوونەوەی سەربازە ئەمەریكییەكان لەرێگای پشتێنێكی بۆمبرێژكراوەوە خۆی تەقاندووەتەوە.

ئەو بەرپرسە راشیگەیاندووە، دڵنیابوون لە مردنی بەغدادی پەیوەستە كۆتاییهێنان بەشیكردنەوە بۆ سامپلەكانی "دی ئێن ئەی"ی ناوبراو.

هاوكات بەرپرسەكەی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا بە سی ئێن ئێنی راگەیاندووە، بەغدادی بە پشتێنێكی بۆمبرێژكراو خۆی تەقاندووەتەوە، بەڵام ئەندامانی خێزانەكەی ماون و هیچ منداڵیكیش لە بۆردوومانی فرۆكە ئەمەریكییەكە و لە پرۆسەكەدا نەپێكراوە، بەڵام دوو هاوسەری بەهۆی خۆتەقاندنەوەی بەغدادییەوە كوژراون .

تۆڕە ئەمەریكییەكە ئەوەشی بڵاوكردووەتەوە، كە ئاژانسی هەواڵگری ئەمەریكی (سی ئای ئەی) بەشدار بووە لە دیاریكردنی پێگەی بەغدادی، بێئەوەی روونكردنەوە لەبارەی پێگەكەیەوە بدات .

لای خۆیشییەوە دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا لە تویتێكدا رایگەیاندووە "هەر ئێستا شتێكی زۆر گرنگ روویدا"، كە بڕیارە ئەمڕۆ سەعات پێنجی ئێوارە بەكاتی هەرێم لەو بارەوە روونكردنەوە بدات.

پێشبینی دەكرێت ترامپ لە هۆڵی پێشوازی كۆشكی سپییەوە بەیاننامەیەكی گرنگ دەربكات.

هەفتەی رابردووش ترامپ لەو ژوورەوە رایگەیاند، كە ئاگربەستی نێوان توركیا و شەڕڤانە كوردەكانی سوریای بەردەوامە  .

ناوی راستەقینەی بەغدادی ئیبراهیم عەوواد محەمەد ئیبراهیم عەلی محەمەد بەدرییەو رێبەری ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشە، ئەمەریكا ٢٥ ملیۆن دۆلاری تەرخان كردبوو بۆ هەركەسێك زانیاری بدات، كە ببێتە هۆی ئاشكراكردنی ئەبوبەكر بەغدادی .

ئامادەكردن‌و وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی