ئایا ئەبو بەكری بەغدادی لەژێر چاودێری توركیادا بووە؟

جیهان

31/10/2019‌ 1516 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
"ئەبوبەكر بەغدادی بۆ كۆتا جار دەمرێت"، ناونیشانی راپۆرتێكە لە گۆڤاری (نیزافیسیمایا غازیتا) بڵاوكراوەتەوە، دەربارەی راگەیاندنی كوشتنی بەغدادی لەلایەن سەرۆكی ئەمریكاوە و ئاماژە بۆ ئەوە كراوە ناوبراو لە ناوچەیەكی ژێر دەسەڵاتی توركیادا بووە.

بەپێی راپۆرتەكە، دۆناڵد ترامپ، رایگەیاند سەرۆكی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی بەناوی ئەبو بەكری بەغدادی كوژرا.

لەدوای ئەوە یەكێك لەو شتانەی جێگای گرنگی پێدان بوو لە كوشتنی خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی، رۆڵی وڵاتانی تر بوو لەو پرۆسەیەدا كە ترامپ سوپاسی روسیا و توركیا و سوریا و عێراقی كردو وتی: دەمەوێت سوپای كوردەكانیش بكەم بەهۆی ئەو پاڵپشتی و هاوكاریەی پێشكەشی ئێمەیان كرد لەم پرۆسە مەترسیدارەدا.

 بەگوێرەی قسەی ترامپ، روسیا رێگەی بە دەرچەیەكی ئاسمانی داوە بەو فرۆكە ئەمریكییانەی بەشدارییان كردووە لەكوشتنی ئەودا، لەگەڵ ئەوەی روسەكان ئاگاداری پرۆسەكە نەبوون، هەروەك ترامپ ئاماژەی بۆ كردووە.

لەبارەی كوژرانی بەغدادی لەئیدلیب توێژەری دیار لە ناوەندی لێكۆڵینەوەی عەرەبی و ئیسلامی لە پەیمانگەی لێكۆلینەوەی رۆژهەڵاتی سەر بە ئەكادیمیای روسیا بۆ زانستەكان (بۆریس دولگۆف) باسی ئەوەی كردووە، پارێزگای ئیدلب، كە بەغدادی تێدا كوژرا لەژێر دەسەڵات و بەرپرسیاری توركیادایە، ئەوەش بەگوێرەی رێككەوتنێكی روسیا و توركیا. 

ئەو دەشڵێت: كەواتە، ئەگەر بێت و هەواڵی كوژرانی بەغدادی راست بێت، مانای ئەوەیە ئەنقەرە پەیمانكەی خۆی نەبردووەتە سەر لەوەی پابەند بێت بە دژایەتی كردنی تیرۆریستەكان لەناوچەكانی ژێر دەسەلاتی.

توێژەری ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، هەواڵی كوژرانی بەغدادی گرنگییەكی سیاسی گەورەی هەیە بۆ ترامپ، ئەو بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان بەكاری دەهێنێ، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی ترەوە، دووپاتیدەكاتەوە هەبوونی سوپای ئەمریكا لەناوچەكە پێویستییەو كاریگەریشە.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا