هەرێم رۆژانە ٤٥٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات
مەسرور بارزانى: ئامادەین لەبەرامبەر ناردنى ١٧%ى بودجە نەوت رادەستى بەغدا بکەین

کوردستان

06/11/2019‌ 3623 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەوە راست نییە کە دەلێن هەرێمى کوردستان نەوت رادەست ناکات، بەڵکو ئەوان ئامادەن نەوت رادەست بکەن لەبەرامبەر رەوانەکردنى لە ١٧%ى پشکى هەرێم.


مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستا لەمیانى دیدارى میرى لە هەولێر لەبارەى دۆسییەى گەندەڵییەوە راگەیاند"من دژى گەندڵیم و هەوڵ دەدەین لەم کابینەیە بنەبڕیى بکەین، بەڵام گەندەڵیش جۆرى هەیە بەنموونە گەندەڵى لە کات هەیەو فەرمانبەر هەیە دەوامى خۆى بە جیێ دەهیڵێت، دەبێت ئەوە نەمێنێت و دەوام رێکبخریت، چونکە خەڵک پشت بەو کارمەندانە دەبەستێت لە حکومەت کار دەکەن".


ئاماژەى بەوەشکرد، یەکێک لە هۆکارەکانى بنەبڕکردنى گەندەڵى راگرتنى هەموو ئەو هۆکارانەى گەندەڵیان لێوە دەکرێت، کە بەوتەى خۆى ئەوان لەم کابینەیە ئەو رێگایانەیان کەمکردوەتەوە تا چیتر گەندەڵى لەو رێگایانەوە نەکرێت.


هەر لەسەر پرسى گەندەڵى سەرۆکى حکومەت جەختیکردەوە، ئەوان لەسەر ئەوە جدین کە گەندەڵى بنەبڕ بکەن و نەهێڵن بۆ ئەوەش چەندین کاریان کردوەو دەلێت"هەوڵمان ئەوە بووە کە ریفۆرمى ئیدارو دارایی بکەین، ئەوەش رێگە خۆش دەکات گەندەڵى کۆنترۆڵ بکات، لەگەڵ دیوانى چاودیرى و دەستەى نەزاهەو پەرلەمان و دادگان بەیەکەوە کاردەکەین گەندەڵى کۆنترۆڵ بکەین".


بارزانى روینکردەوە،  لەکابینەکانى رابردوو وەک پێویستە رووبەروى گەندەڵى نەبوونەتەوە بە هۆکارى جیاواز کە بەسەر هەرێمدا فەڕز کراوە،هەر کاتێک دەرفەت بوو بێت کار کراوە بۆ کۆننترۆڵکردنى گەندەڵى.


لەبارەى دەرکردنى یاساکانیش بۆ بنەبڕکردنى گەندەڵى سەرۆکى حکومەت وتى" زۆربەى یاساکان کە دەردەچن یاسای باشن کیشەکە لە نەبوونى یاسادا نییە، بەڵکو کێشەکە لە جێبەجێ نەکردنى یاساکان دایە، یان کێشە لەدانانى ئەو کەسانەیەدایە لە شوێنەکاندا کە یاسا جێبەجێ ناکەن".


لە وتەکانیدا سەرکى حکومەت جەختیکردەوە، بەرنامەى ئەوان وەک حکومەت جێبەجێکردنى یاساییە بەسەر هەموو لایەن و کەسێکدا کە بەوتەى خۆی ئەوان یاسا بە سەروەرى هەموو لایەک دەزانن و کەسش لەسەرو یاسا نابینن، روونیشیکردەوە،لەگەڵ پەرلەمانیش پەیوەندى باشیان هەیەو وەزیرێکیشیان بۆ کارکردن لەنێوان حکومەت و پەرلەمان داناوە کە بەرپرسە لەو هەماهەنگییە.


لەبارەى رۆتینیایەت لە دامەزراوەکانى حکومەتدا مەسرور بارزانى ئەوەى خستەڕووە، بەرنامەیەکیان هەیە کە سیستەمى خزمەت و تێکەڵ بوون ئاسان بکەن بۆ ئەوەى پەرە بە حکومەتى ئەلیکترۆنى بدەن تا هاوڵاتیان کارەکانیان بە کەمترین کات جێبەجێ بکەن.


سەبارەت بە کێشەکانى هەرێم و بەغداش مەسرور بارزانى وتى" لەدواى پێکهێنانى کابینەى نۆیەم سەردانى بەغدامان کردو سەردانەکەشمان بۆ دەربڕینى نیەت پاکى نەبووە، بەڵکو چەندین پێشنیارمان پێداون بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان و بە وردەکارییەوە بۆمان باسکردون".


پەیوەست بە پرسى نەوت وەک کێشەیەکى نێوان هەرێم و بەغدا سەرۆکى حکومەتى هەرێم وتى" ئەوانەى دەلێن ئێمە نامانەوێت نەوت رادەست بکەین راست نییە، ئێمە ئامادەین نەوت رادەست بکەین، بەڵام بەغداش پشکى هەرێم بدات، ئەوان پشکى هەرێمیان لە ١٧% وە کەمکردوەتەوە بۆ لە١٢% ئەگەر وردی بکەینەوە هەرێم لە ٥%ى داهاتى عیراق وەردەگرێت".


سەرۆکى حکومەت ئاشکراشى کرد، ئەوان وەک هەرێم رۆژانە ٤٥٠ بۆ ٤٦٠ هەزار بەرمیل نەوت رەوانەى دەرەوە دەکەن و بەشى زۆرى داهاتەکەى دەدەنە کرێی کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنانى نەوت و ٣٢٠ ملیار دۆلار دەمێنێتەوە کە بۆ بودجە تەرخان دەکرێت.


هەر لەبارەى نەوتەوە مەسرور بارزانى وتی" ئێمە نەوت رادەست دەکەین، بەڵام پێویستە حکومەتى عیراق لە ١٧% پشکى هەرێم بدات و هەروەها چۆن ئەوان لە دۆسیەى نەوتى ئێمە ئاگادار دەبن، خەڵکى کوردستانیش ئاگادارى دۆسیەى نەوتى بەشەکانى دیکەى عێراق بن کە چەند بەرهەم دەهێنن و چەند دەفرۆشن".


سەرۆکى حکومەت ئاماژەى بەقەرزەکانى هەرێم لەلای حکومەتى عێراق کردو ئاشکراى کرد، عێراق لە ساڵى ٢٠١٤ وە ٤٤ ملیار دۆلارى هەرێمى کوردستان قەرزدارە تا ساڵى ٢٠١٧.


لەبارەى پشکى هەرێم لەو قەرزانەى حکومەتى عێراقیش لە دەرەوە کردویەتى مەسرور بارزانى رونیکردەوە، حکومەتى عێراق لە ساڵى ٢٠١٤ وە ٦٢ ملیار دۆلارى قەرز وەرگرتووە کە هەرێم زیاتر لە ٩ ملیارى بەر دەکەوێت، بەڵام بەغدا یەک دۆلارى نەداوە بە هەرێمى و لە بودجەشدا لەسەر هەرێم حسابى دەکات.


سەبارەت بە چارەسەرکردنى کێشەکانیش لەگەڵ بەغدا، سەرۆکى حکومەتى هەرێم وتیى" لەگەڵ حکومەتى عێراق گەیشتووینەتە میکانیزمێکى گونجاو بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان، بەڵام بەهۆى هاتنە پیشەوەى ئەم دۆخەى شارەکانى عێراق پرۆسەکە راوەستا".

س.هـ