مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی هەڵمەتێك بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەكات

کوردستان

07/11/2019‌ 2108 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان سەردانی دەستەی وەبەرهێنانیان كردووە و میكانیزمێكیان بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازی داناوە، كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت سەرپەرشتی دەكات.

سەعید هەركی، ئەندامی لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی كوردستان لەو بارەوە وتی: ئەو دەنگۆیانەی بڵاودەكرێنەوە، كە گوایە لە هەولێر دەست بەسەر كۆمەڵێك زەویدا گیراوە و بە قسەی ئەوان بە ناوی وەبەرهێنانەوە دراون بە خەڵكانێك و لێیان وەرگیراوەتەوە، راست نییە، چونكە "ئێمە سەردانی دەستەی وەبەرهێنانمان كردووە و قسەمان لەگەڵ سەرۆكی وەبەرهێنان كردووە و هیچ باسێكی لەو شێوەیەی نەكردووە و ئەوانەی ئەو باسەشیان ورووژاندووە، هیچ بەڵگەیەكیان نییە".

هەركی وتیشی: "لە دەستەی وەبەرهێنان میكانیزمێكی زۆر باش دانراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە پڕۆژەكانی وەربەرهێناندا و كۆمەڵێك هەنگاویش نراون و هەندێك باخچەی ساوایان و قوتابخانە و هەندێك شوێنی دیكەش، كە بە زێدەرۆیی دروست كرابوون، راستەوخۆ تێكدران، لە هەر شوێنێكیش گەندەڵی هەبێت، رێگری لێ دەكرێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش داوە، كە ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە لەم كابینەیەدا، جیددییەتێكی زۆر هەیە بۆ ئەوەی چاكسازیی تەواو لەكەرتی وەربەرهێناندا بكرێت، چونكە "سەرۆكی وەبەرهێنان خۆی ئەندامی لیژنەی باڵای چاكسازی بووە لە هەرێمی كوردستان و زۆر جیددییە، كە چاكسازیی تەواو دەكات لە كەرتی وەبەرهێنان و رووبەڕووی هەموو گەندەڵكاران دەبێتەوە و سەرۆكی حكوومەتیش خۆی پاڵپشتیی تەواوی دەكات و چاوپۆشی لە هیچ گەندەڵییەك ناكرێت".

هەروەها وتی: سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەولێریش دەستكراوەیە، كە رێگری لە گەندەڵی بكات و چاكسازی ئەنجام بدات و هەموو پاڵپشتییەكیشی دەكرێت، بۆیە كابینەی ئێستا، كابینەی چاكسازی دەبێت.

هــ ـ ح