هۆكارەكانی دەستلەكارنەكێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی

عیراق

07/11/2019‌ 4542 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەكاتێكدا خۆپێشاندانەكانی عێراق گەرموگوڕتر دەبن، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران، كەنارگیرە و دەورە ‌دراوە، دەسەڵات و بڕیارسازی خۆیی و ڕاوێژكارەكانی لەژێر فشارەكانی ئێران دایە، هەروەك بەرپرسە عێراقییەكان بۆ ئاژانسی "فرانس پڕێس" یان باس كردووە.

عەبدولمەهدی 77 ساڵ، لە ئەنجامی یەكلاییكردنەوەیەكی سیاسی نێوان موقتەدا سەدری سەرۆكی گەورەرەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی و هادی عامری سەرۆكی ڕێكخراوی بەدری نزیك لەئێران گەیشتە دەسەڵات، بۆگەڕاوەی (مەرجەعیەت) باڵای ئاینی شیعەكانیش پیرۆزباییان لەو هەنگاوە كرد.

عەبدولمەهدی جێگەی ئومێد بوو، كە چارەسەرێك بۆ گرفتەكانی بێكاری و گەندەڵی بدۆزیتەوە، چاودێرانیش پێیان وابوو خۆپێشاندانەكان كۆتایی بە دەسەڵاتەكەی دێنن، خۆشی چەندەها جار وتی: نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەی لە گیرفانی دایە.

لەگەڵ توندبوونی ناڕەزاییە جەماوەرییەكانی دژ بە گەندەڵی‌و بێكاری لە مانگی ئۆكتۆبەر، عەبدولمەهدی وتارێكی ئامادە كرد، كە لە ڕێگەی تەلەفزیۆنەكانەوە دەستلەكاركێشانەوەی خۆی ڕابگەیەنێت، بەڵام نەیتوانی وتارەكەی بدات، ئەمەش لەلایەن سێ سەرچاوەی حكومییەوە، كە نەیانەویست ناوەكانیان ئاشكرا بكرێت،‌ پشتڕاستكراوەتەوە، كە بۆ فڕانسپرێس ‌ لێدوانیان داوە.

سەرچاوەیەكیان دەڵێت: عەبدولمەهدی لە هەفتەی یەكەمی خۆپێشاندانەكانەوە ئامادەی دەستلەكاركێشانەوە بوو، بەڵام لەژێر فشاری چەند لایەنێك ئەوەی نەكرد، لەبری ئەوە لەكاتژمێر 2 ی بەیانی 3 ی ئۆكتۆبەر دەركەوت و چەند پێشنیارێكی بۆ چاككردنی دۆخەكە خستنەڕوو، كە شەقامی توڕەتر‌ كرد.

لەوساوە عەبدولمەهدی بەرگەی داواكارییە هەڵكشاوە‌كانی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی‌و گرتنەبەری ڕێوشوێنەكانی هەمواركردنەوەیەكی حكومی گرت‌و هەڵوێستێكی توندتری لەهەمبەر خۆپیشاندەران گرتەبەر.

بەرپرسێكی دیكە دەڵێت: سەرۆك وەزیران كۆت و بەندی ئەو پارتە سیاسییانەیە، كە هێناویانەتە سەر كروسی دەسەڵات.

لەناو بڵقە ‌ئاوێكدا 
شەپۆلی یەكەمی نارەزاییەكانی نێوان یەك بۆ شەشی ئۆكتۆبەر، بەلایەنی كەمەوە، بووە هۆی كوژرانی 157 كەس، ئەمەش بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكان، زۆرینەشیان لە بەغدا بە گولە كوژران.

دوای 18 ڕۆژ پشوو بە هۆی سەردانی چلەی شیعەكانەوە، لە 24 ئۆكتۆبەر ناڕەزاییەكان دەستیان پێكردەوە، ئەم جارەیان‌ ستایلێكی دیكەی وەرگرت.

مانگرتن و خۆپێشاندانەكان بە كراوەیی لە قوتابخانە و زانكۆ و سەندیكا و فەرمانگە فەرمییەكان دەستییان پێكرد، خۆپێشاندەران چەند ڕێگەیەكی سەرەكیشیان گرت، بەڵام عەبدولمەهدی وتی: خۆپێشاندەران بوونەتە قەڵغانی مرۆیی و چەند دەستێكی شاراوە بەكاریان ‌دێنن.

بەرپرسێك دەڵێت: عەبدولمەهدی لە ناو بلقە ئاوێكدا دەژی، پێی دەڵێن خۆپێشاندانەكان پیلانگێڕییەكە دژ بە حكومەت، بۆیە دەبێت لە دەسەڵات بمێنێتەوە، ئەو خەریكە وردە وردە باوەڕ بەو قسانە دەكات.

دابڕان
دوو سەرچاوەی دیكە بۆ فراسن پرێس دووپاتیان كردەوە، كە لە ئێستادا‌ دابڕانێك لە نێوان سەرۆك وەزیران و بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆماردا هەیە، كە لە گرنگترین هاوپەیمانەكانی عەبدولمەهدی بوو، بە تایبەتیش سەرۆك وەزیران خاوەن هیچ بنكەیەكی ‌جەماوەری نییە.

بەرپرسێك دەشڵێت:‌ بەرهەم ساڵح یەكەم كەس بووە داوای جێگرەوەیەكی عەبدولمەهدی كردووە، بەمەش پەیوەندییەكانیان بەرەو خراپی چوو.

بەرهەم ساڵح چەند كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ سەركردە سیاسییەكان كرد بەمەبەستی دانانی نەخشە ڕێگایەك بۆ هەڵبژاردنێكی پێشوەختە، كە هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیرانێكی تازەی  لێبكەوێتەوە، بەڵام ڕۆژی 3 شەممە عەبدولمەهدی ئەو پێشنیارەی ڕەتكردەوە، چونكە پێی وایە ئەگەر ئەو بكەوێت، دەبێت هەموو ئەوانی دیكەشی لەگەڵ بكەون، هەروەك بەرپرسێكی عێراقی دەڵێت.

هەندێكی دیكە سەرنجمان بۆ ئەوە ڕادەكێشن، كە سەرۆك وەزیران لە ژێر فشارێكی گەورەی ئێران و هاوپەیمانەكانی لە عێراق دایە، كە ناچاریان كرد هەندێك سەركردەی سەربازی وەلا بنێت بەو پاساوەی نزیكن لە ئەمریكاوە.

ڕاستەوخۆ و دوای خۆپێشاندانەكان، بە گەیشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی پاسەوانی شۆڕشی ئێرانی، فشارەكان زیاتر بوون، سلێمانی بۆ قایلكردنی سەركردەی پارتە سیاسییەكان بە پاراستنی حكومەت، چەند كۆبوونەوەیەكی لە بەغدا و نەجەف گریدا، بەرپرسیكیش بۆ فرانس پرێس وتی: سلێمانی ڕێنماییەكان دەردەكات.

قوربانی
بەرپرسێكی دیكە وتی: عەبدولمەهدی لە پێگەیەكدا نییە بتوانێت بەرەنگاری هەژموونی ئێرانی ببێتەوە، ئەوەش‌ دەزانێت، كە ئەگەر ملكەچ نەبێت، لەكاری دەخەن و ئۆباڵی دۆخەكەشی دەخەنە ئەستۆ.

عەبدولمەهدی زۆر وتاری تەلەفزیۆنی دان، بە شێوەیەكی نیمچە ڕۆژانەش لەسوشیال میدیاوە بەیاننامەی دەركردن، هەرچەندە حكومەتەكەی سانسۆری خستبۆ سەر ئینتەرنێت لە زۆرینەی پارێزگاكانی عێراق، ئەو یەكەمجار ئامادەباشی دەستلەكاركێشانەوەی دەربڕی و وتی: ئەگەر جێگرەوەی هەبێت ئەو كارە دەكات، كەچی لەو ماوەی دوایدا هەڵوێستەكانی توندتر بوون.

سێ شەممەی ڕابردوو عەبدولمەهدی وتی: حكومەتەكەی كاربەڕێكەرە و دەسەڵاتی تەواوی نییە گرێبەستە پێویست و گرنگەكان واژوو بكات.

بەرپرسان ئاماژە بەوەش دەكەن، كە یەكلاییكردنەوەی دۆخەكە نزیك بووە،‌ بەوەی عەبدولمەهدی سەرۆكایەتی حكومەتێكی ڕاگوزەری بكات، بەڵام پێیان ‌وایە ئەو حكومەتەش هەر دەستەوەستان و ئیفلیج دەبێت.

عیسام فەیلی شڕۆڤەكاری سیاسی دەڵێت: دابەشبوونەكان وا دەكەن سەربەخۆی لە بڕیارداندا نەبێت.  

وتیشی: كاتێك بنچینەیەكی پتەوی فراوان هەبێت، ئەو كات ئازادی جوڵەكردنیش دەبێت، عەبدولمەهدیش قوربانی ململانێ ناوخۆییەكانی دەوروبەریەتی.

سەرچاوە: حوڕە
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر