سەردانی ئەردۆغان بۆ واشنتۆن هیچ لەهاوكێشەكە ناگۆرێت

کوردستان

13/11/2019‌ 1538 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دیپلۆماتكارێكی پێشووی ئەمەریكی پێیوایە بێدەنگی ئیدارەی ئەمەریكی بەرانبەر بە دەستدرێژییەكانی توركیا و گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی ئەنقەرە بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان بەهۆی ئەو بڕیارەوەیە، كە سەرۆكی ئەمەریكا تاكلایەنە داویەتی بێگەڕانەوە بۆ رای هیچ لایەك، لەكاتێكدا پسپۆڕێكی پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەراست پێیوایە هۆكاری بێدەنگی ئەمەریكا بەهۆی سەرلێشێوانی كۆشكی سپییە، كە لە هەڵوێستێكەوە بەرەو هەڵوێستێكی تر دەچێت بێئەوەی هیچ سەنگێك بۆ رای دامەزراوەكانی تر و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دابنێت .

نەبیل خوری دیبلۆماتكاری پێشووی ئەمەریكا بە پێگەی "نۆرس پرێس"ی راگەیاندووە، كە بێدەنگی ئیدارەی ئەمەریكا بەرانبەر بەوەی لەرۆژئاوای كوردستان روودەدات بەهۆی بڕیارێكی تاكلایەنەی سەرۆكی ئەمەریكایە بێئەوەی هیچ راوێژێك بەدەوروبەرەكەی بكات لە دامەزراوەی سەربازی و هەواڵگری و تەنانەت وەزارەتی دەرەوەش .

خوری دەشڵێت: ئەو بڕیارە سەرپێییە بۆ بەرژەوەندییە كەسییەكانی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا و پەیوەندییەكانی لەگەڵ رووسیا دەگەڕێتەوە، جگە لەوەی پەیوەندییەكی بەتین هەیە لەنێوان ترامپ و ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆكی روسیا .

لەسەر ئەو بنەمایە ئەو بڕیارەی سەرۆكی ئەمەریكا لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و بەرژەوەندی كوردەكانی سوریا نایەتەوە .

ئەو دیبلۆماتكارەی پێشووی ئەمەریكا پێیوایە هەر لەسەرەتای پرۆسە سەربازییەكەی توركیاوە واشنتۆن بەو هەنگاوەی توركیا رازی بووە و لەدوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان ترامپ و ئەردۆغان ئەو پێشهاتە نوێیە هاتووەتە گۆڕێ .

خوری ئەوەش دەڵێت: دوای ئەو پێشبینی ناكات سوای ئەوەی ئەو هەموو شتەی روویدا ئەمریكا هەڵوێستێكی بەهێز وەربگرێت، لەبەر ئەوەی بارودۆخەكە ئێستا لەژێر دەستی روسیادایە و لەیەكتێگەیشتنیش لەنێوان ئەردۆغان و پۆتین و ئەسەددا هەیە .

سەبارەت بە بوونی سەربازی ئەمەریكاش لەناوچە  نەوتییەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا، خوری دەڵێت: ئەو بوونە سەربازییە شكڵی و لاوازەی ئەمەریكا لەو ناوچەیە هیچ مانایەكی نییە و هەژموون و باڵادەستی ئەمەریكا كۆتایی هاتووە ، جگە لەوەی چەندین ڕێكەوتن و لەیەتێگەیشتن كراون واشنتۆن هیچ ڕۆڵێكی تێیاندا نەبووە.

سەربارەت بە سەردانی ئەردۆغانیش بۆ واشنتۆن، كە وابڕیارە رۆژی ١٥ی ئەم مانگە ئەنجام بدرێت خوری دەڵێت: پێموانییە سەردانی ئەردۆغان بۆ واشنتۆن هیچ لە هاوكێشەكە بگۆڕێت، لەدواجاردا ئەوە تۆخكردنەوەی ئەویە كە هەیە و پیشاندانی رای گشتییە بەوەی لەیەكتێگەیشتن نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە لەئارادایە  و پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و وڵاتە یەكگرتووەكان لەباشترین دۆخدایە .

لای خۆشییەوە ، دكتۆر حەسەن منیمنە ئەكادیمی لە پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەراست بە "نۆرس پریس"ی راگەیاندووە، هۆكاری سەرەكی بێدەنگی ئیدارەی ئەمەریكا بەرانبەر بە دەستدریژییەكانی توركیا ئەوەیە، كە كۆشكی سپی سەرلێشێواوە و لە هەڵوێستێكەوە بەرەو هەڵوێستێكی تر دەچێت، بێئەوەی هیچ گرنگییەك بۆ تای دامەزراوەكانی تر دابنێت .

منیمنە دەشڵێت: ئەوەی لە باكووری سوریا روودەدات بەلای ترامپەوە بابەت نییە هیچ گرنگییەكی پێنادات، هەروەك هۆكاری سازشەكانی لەبەرژەوەندی توركیا بەهۆی ئەوەی، ئەو خۆی بە پەیوەندیدار نازانێت بەبابەتەكەوە، لەبەرئەوەی بەرژەوەندییەكەی پەیوەندی هەیە بە بابەتی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی ئەمەریكاوە . 

سەبارەت بە سەردانەكەی ئەردۆغانیش بۆ واشنتۆن، حەسەن منیمنە دەڵێت: پێموایە سەردانەكەی ئەردۆغان لەسەر چەندین ئاستدا شڵەژاوی پێوە دیارە و ناتوانین بڵێین ئەوە ئاماژەیەكە بۆ ئاوگۆڕی هەڵویستە سیاسییەكان و ناشكرێت لەوبارەیەوە پشت بەهیچ شتێك ببەسترێت . 
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی