ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی سەڵاحەدین بەهادین‌و بافڵ تاڵەبانی

کوردستان

13/11/2019‌ 1825 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بافڵ تاڵەبانی لەدەباشان لەگەڵ سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبووەوە.

بەپێی راگەیەنراوێك، كە ئەمڕۆ چوار شەممە بڵاوكرایەوە، لە دیدارێكدا تەئكیدكرایەوە لە پێویستی بەرەوپێشبردنی پەیوەندی دۆستانەی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، بەجۆرێك كە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی ھەرێم بگەیەنێت.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، سەبارەت بە بارودۆخی بەغدا و ھەوڵەكان بۆ ھەمواركردنەوەی دەستوور، جەختكرایەوە لەوەی ھەر گۆڕانكارییەك لە دەستووردا بكرێت پێویستە لەسەر بنەمای تەوافق و رێككەوتن و لێكتێگەیشتن بێت بە مەرجێك مافی تەواوی گەلی كورد و نەتەوە و پێكھاتەكانی تێدا پارێزراوبێت، 

لەو ڕووەوە بەپێویست زانرا كۆدەنگی نیشتمانی و یەكھەڵوێستی كورد لە ناوەند زیاتر رەنگبداتەوە و یەك پرۆژەی نیشتمانیش ھەبێت بۆ پرسەكان وەك ئامادەكارییەك بۆ ھەر ئەگەر و پێشھاتێك .

هەروەها لەدیدارەكەدا لەبارەی حكومڕانی لەھەرێمی كوردستان ھەردوولا ھاوڕابوون لەچاكسازیكردنی ریشەیی لە دامەزراوەكان و حكومڕانییەكی باشتر كە لەئاست قۆناغەكەدا بێت و وەڵام دەرەوەی داخوازی و پێوستییەكانی كۆمەڵانی خەڵك بێت.