نەوتی هەرێم بووە بە "موڵكی توركیاو هەندێك كەس‌و لایەنی مافیایی"

کوردستان

19/11/2019‌ 3348 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
غالب محەمەد پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆران و ئەندامی لیژنەی وزە لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: توركیا و چەند دەستە و تاقمێكی مافیایی مامەڵە بەنەوتی هەرێمی كوردستانەوە دەكەن.

دەشڵێـت: هەرێمی كوردستان بۆ دەرباز بوون لەو قەیرانە داراییەی تێیكەوتووە هیچ چارەیەكی تری نییە جگە لە ڕێكەوتن لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی.

قسەكانی ئەو پەرلەمانتارە لەمیانی چاوپێكەوتنێكی بووە لەگەڵ رۆژنامەی "سەباح ئەلجەدید"ی عێراقی‌و ئەوەش دەڵێت: نەوتی هەرێمی كوردستان لەلایەن كەسانی خەمخۆرەوە بەڕێوە نابردرێت، بەڵكو توركیا و هەندێك مافیای دەسترۆیشتوو لەهەرێم كۆنترۆڵیان كردووە، ئەوانەشی لەحكومەتی هەرێمدا بەشدارن لاوازن و ناتوانن گوشار لەپارتی دیموكراتی كوردستان بكەن دۆسییەی نەوت لەژێر هەژموونی حیزبی بێنێتە دەرەوە .

غالب محەمەد هەروەها دەڵێت: حكومەتی هەرێمی كوردستان لەساڵی ٢٠٠٢ وەوە نەوت دەردەهێنێت و لەساڵی ٢٠٠٧ تا ٢٠١٤ نزیكەی ٢٦٦ ملیۆن بەرمی نەوتی فرۆشتووە، هەروەك لەساڵی ٢٠١٤ وە تا ٢٠١٦ نەوتی كەركووكیشیان لەژێر دەستدا بووە و فرۆشتوویانە، لەئێستاشدا هەرێم رۆژانە ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت بێئەوەی پەرلەمانی كوردستان و دەزگا چاودێرییەكانی تر و حكومەتی فیدراڵی ئاگاداری هیچ ژمارەیەكی داهاتی نەوت و رێژەی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی بن.

بەقسەی پەرلەمانتارەكە، هەرێم خۆی دەڵێت: لەهەر بەرمیلێك نەوت ٢٢ دۆلارمان بۆ دەمێنێتەوە، كە ئەوەش لەگەڵ فرۆشتنی نەوتی عێراق جیاوازە، كە هەر مەرمیلێك ١٠%ی نرخەكەی لە بازارە جیهانییەكان لێخەرج دەكات .

ئەو پەرلەمانتارە جەختیكردووەتەوە، كە نەبوونی شەفافییەت لە دۆسیەی نەوتی هەرێم و نەبوونی ئامار و ژمارەی راست كێشەیەكی گەورەی لەبەرانبەر چارەسەركردنی دۆسییە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا درووست كردووە، لەبەرئەوەی داهاتی حكومەتی فیدراڵی ٩٠%ی لەنەوتەوە دێت، ئەگەر هەرێم نەوتەكەی خۆی رادەستی بەغدا نەكات چۆن داوای پشكی خۆی لە بودجەی بەغدا دەكات .

سەبارەت بە درووستبوونی مەترسی لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، غالب دەڵێت: بەگوێرەی هەڵوێستی ئێستای هەرێم لە گوێنەدان بەو پابەندیانەی بەپێی یاسای بودجە دەكەنەو سەری، ئەوە موچە و پشكی هەرێم دەكەونە مەترسییەوە .

محەمەد باسی لەوەش كردووە، لەساڵی ٢٠١٩ دا نزیكەی شەش تریلیۆن دینار لەبەغداوە هاتووەتە خەزێنەی حكومەتی هەرێمەوە بێئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دینارێك لە داهاتانەكانی هەرێم بخاتە سەر خەزێنەی حكومەتی فیدراڵی، هەروەك دەپرسێت بۆچی دەبێت خەڵك و فەرمانبەرانی هەرێم باجی دزی و سیاسەتی بەرپرسە گەندەڵەكانی هەرێم بدەن .

غالب محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، راستییەكی تاڵ هەیە ئەویش ئەوەیە نەوتی هەرێم موڵكی توركیا و هەندێك كەس و مافیای دەسترۆیشتووە و ئەوان نەوتی هەرێمیان لەژێر دەستدایە و مافی فرۆشتن و مامەڵەپێوەكردنیان هەیە .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی