كوردو سوننە بەڕێگری لەتێپەڕاندنی یاسای نوێی هەڵبژاردن تۆمەتبار دەكرێن

عیراق

19/11/2019‌ 1074 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
عەلییە نوسەیف پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: كورد و سوننە لە دانیشتنی رۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنەكە دژایەتی تێپەڕاندنی یاسای نوێی هەڵبژاردن دەكەن .

نوسەیف لەلێدوانێكدا دەشڵێت: كورد و سوننەكان دژایەتی ئەو بڕگانەی یاسای نوێی هەڵبژاردن دەكەن، كە دەقی لەسەر ئەوە داوە نابێت سێ سەرۆكایەتییەكە و پلە تایبەتەكان لەهەڵبژاردنی داهاتوودا خۆیان كاندیدبكەنەوە.

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە ئەو بڕگانە زیان بە مانەوەیان لەسەر كورسی دەسەڵات دەگەیەنێت و دەستكەوتە سیاسی و كەسییەكانیان دەخاتە مەترسییەوە.

ئەو پەرلەمانتارەی دەوڵەتی یاسا ئەوەش دەڵێت: كورد و سوننەكان لەپێناو خۆدزینەوە لەو بەرپرسیارییەی بەرانبەر بە گەل هەیانە دەیانەوێت وا راڤەی خۆپیشاندانەكان بكەن، كە ئەوە ناكۆكی ناوخۆیی شیعەیە، هەروەك دەڵێت: بەدوور دەزانرێت یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان تێپەڕێنرێت لەبەرئەوەی سازانێكی سیاسی تەواوی لەسەر نییە.

ماوەیەكە هەوڵێك هەیە بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەوەش كاردانەوەی جۆراوجۆری دروست كردووە.

لای خۆیشییەوە غائیب عومەیری پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیروون رایگەیاندووە، كە ئەو یاسا نوێیەی هەڵبژاردنەكان، كە لەلایەن سەرۆكوەزیرانەوە نێردراوە بە قورسی تێدەپەڕێنرێت .

هاوكات سعد حەدیسی وتەبێژ بەناوی حكومەتی عێراقەوە باسی لەوە كردووە بڕگەگەلێك لەناو یاسا نوێكە دا هەیە ڕێگە بەسێ سەرۆكایەتییەكەی ئێستا نادات بەشداری هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بكەن .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی