ڕاپەڕینی سوتەمەنی.. دەستەبژێری سیاسی لەئێران دابەش دەكات

جیهان

20/11/2019‌ 1091 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری (نیزافیسیمایا غازیتا)، راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە، تێیدا پێشبینی ئەوە دەكرێت رێكاری سەركوت كردن دژی خۆپیشاندەرانی ئێران بگێرێتە بەر .

بەپێی راپۆرتەكە ناڕەزایەتییەكانی ئێران لە ئابوورییەوە گۆڕاوە بۆ سیاسی، لەگەڵ جێبەجێكردنی بڕیاری حكومەتدا بۆ بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین، خۆپیشاندەرەكان دروشمیان دژی دەستەبژێری دەسەڵاتدار بەرزكردەوە، لە پشووی كۆتایی هەفتەشدا باس لەوە دەكرێت خۆپیشاندانەكان كوژراوی لێكەوتووەتەوە.

وەزیری نەوتی ئێران بیجان نامدار زەنگەنە روونیكردووەتەوە مەبەست لە رێكارەكان كەمكردنەوەی گەشەی بەكارهێنان و زیاد كردنی هەناردەكردنە، هەروەها ئاژانسی مێهری ئێرانی بڵاویكردووەتەوە، كە رابەری شۆرشی ئیسلامی پشتیوانی بیرۆكەی زیادكردنی نرخەكان دەكات، لەگەڵ ئەوەشی دانی بەوەدا ناوە، كە ئەو لەو بوارەدا شارەزا نییە.

كەچی دەسەڵاتدارانی تاران میدیاكانیان تۆمەتبار كرد بەوەی زیادەرۆیی دەكەن لەبڵاوكردنەوەی قەبارەی خۆپیشاندانەكان، بەهۆی ئەمەشەوە، لە كۆتایی هەفتەدا كۆماری ئیسلامی هێڵەكانی ئینتەرنێتی لەو وڵاتەدا بڕی.

دیارە شتێكی قورسە ئەگەر بێت و تێبینی ئەوە نەكرێت، كە دەستەبژێری ئێرانی ترسیان نەبێت لە پەرەسەندنی دۆخەكە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی گرژی و ئالۆزییان لێكەوتووەتەوە. 

لەسەر داوای تارانیش دەسەڵاتدارانی عێراق كۆت و بەندیان لەسەر دوو رێڕەوی زەمینی نێوان هەردوو وڵات دانا، كە داواكاری گشتی ئێران محەمەد جەعفەری مونتەزیری لەم بارەیەوە وتی: بەبێ گۆمان خۆپیشاندەران پشتیوانی دەرەكییان هەیە، ئەمەش وا دەكات رێكاری سەركوت كردن بەكاربهێنن.

دەبێت ئەوەش لە بیر نەكرێت، كە هەڵكشانی دۆخی ئێستا دەبێتە هۆی دروستبوونی كارتێكی نوێ لە ململانێی نێوان پارێزگاران و چاكسازی خوازەكاندا لە نێو نێوەندی دەستەبژێری سیاسی ئێراندا. 

وتەكانی خامنەیی بە روونی ئەمەی تێدا دەبینرێت، خامنەیی بەوەی سەرۆكی سەربازگەی پارێزگارانە، تەنیا بەوەوە نەوەستاوە، كە بەرپرسیاری رێكارەكان لە ئەستۆ ناگرێ، بەڵكو ئاماژەی بۆ ئەوەش كردوە لەم بوارەدا شارەزا نییە و هەوڵی ئەوەی داوە كێشەكە بخاتە ئەستۆی حكومەت. 

لەم بارەیەوە دەڵێت: دەبێت ئیدارەی وڵات بەسەرۆكایەتی رۆحانی ڕاڕاییەكانی خەڵك لەبارەی بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین بڕەوێنێتەوە. ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر بێت و هەڵكشانەكە بگاتە ئاستی توندو تیژی، ئەوا بیگومان یەكیك لەرەگەزەكان بریتیە لە فشار خستنە سەر رۆحانی، كە لە ئێراندا هەڵمەتی لە دژ بەرپا دەكرێت؛ بەهۆی ئەوەی نیازی هەیە درێژە بەدانوستانەكان بدات لە بارەی مامەڵەی ئەتۆمیەوە. بەم مانایە، چاوەڕوانیی و كاردانەوەی هەلۆكان درێژە ناكێشێ.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا 


بەپەلە