كێڵگە نەوتییەكانی سوریا لەژێر دەستی ئیسرائیلدایە

جیهان

23/11/2019‌ 2261 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
"بازرگانیكردنی ئیسرائیل دەخزێتە نێو كێڵگە نەوتییەكانی سوریا"، ناونیشانی راپۆرتێكە لە گۆڤاری (فوینیە ئۆبزرینیە) بڵاوكراوەتەوە، دەربارەی گرێبەستی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری كورد لەسوریا لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئیسرائیلیدا بۆ دەرهێنانی نەوت.

بەپێی راپۆرتەكە، رۆژنامەی (یەنی شەفەقی) توركی پەردەی لەسەر ئەو نهێنییانە لاداوە، كە دەربارەی كیڵگە نەوتییەكانی سوریا قسەو باسیان لەسەر دەكرێت، هەروەها روونیكردووەتەوە، سەرجەم مافەكانی سەدان كیڵگە نەوت لە رمیلان و سویدییە و كبیبە و مەركەدە تشرین و جەبسەو شەدادی و تەنەك و جەفرەو دیدرو.. گواستراونەتەوە بۆ كۆمپانیای گلۆباڵ دیفیلوبمنت كوربوریشن، (GDC) پێش ئەوەش، ئەم زانیارییانە دەربارەی گرێبەستەكە لەرۆژنامەی لۆس ئەنجلۆس تایمزدا لە سەرەتای هاوینی ئەمساڵدا باسكراون.

لە چاوپێكەوتنێكیشدا لەگەڵ رۆژنامەی ئیسرائیل هایۆم، بازرگان و خاوەن كاری ئیسرائیلی (مرخدای خانا) رێكەوتنی كوردەكانی لەگەڵ كۆمپانییەكەی دوپاتكردووەتەوەو لەو بارەیەوە وتویەتی: نامەوێت ئەم نەوتە ببێتە موڵكی ئێران و رژێمی ئەسەد. 

كاتێك ئیدارەی ترامپ چرای سەوزمان بۆ داگیرسێنێ دەست دەكەین بەهەناردەكردنی نەوت و گاز بە نرخێكی گونجاو و بەكاری دەهێنین لەدروستكردنەوەی سوریایەكی دیموكراتی و بەرگری كردن لێی.

هەروەها، رۆژنامە توركییەكە وردەكاری گرنگتری لەم بارەیەوە خستووەتە روو، بەوەی كۆمپانیای جی دی ئێسی ئیسرائیلی دەستی كردووە بەكاركردن لە كیڵگە نەوتییەكانی سوریا لەمانگی یۆنیۆوە بەبێ چاوەڕوانی كردنی رەزامەندی ترامپ لە رێككەوتنەكەی لەگەڵ كوردەكان. 

بەرهەمهێنان لە ئێستادا نزیكەی 125 هەزار بەرمیلە لە رۆژێكدا و دەیانەوێت لەداهاتوودا بیگەیەننە 400 هەزار بەرمیل، بە نرخی 22 و 35 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك.

ئەو ژمارانەی ئێستا دەبیسترێن جێگای سەرسورمان نیە، لەسەرەتای دەستپێكردنی كێشەی سوریادا، كاتێ تیرۆریستەكانی داعش دەستیان بەسەر كیڵگە نەوتیەكاندا گرت، هەر بەو نرخە هەناردەی توركیا دەكرا و میدیاكانیش ئەوەیان دەزانی خێزانی ئەردۆغان بازرگانیان پێوە دەكرد. بەڵام ئێستا، توركیا لەو كیڵگانە دابڕێنراون و بە رێرەوێكی سنوری بەرتەسك، و لەبەرانبەر بارهەڵگرە نەوتیەكان هیچ بژاردەیەك نیە تەنها بە ئاراستەی باشوردا نەبێت لە رێگەی عێراقەوە بۆ ئوردن و ئیسرائیل، ئەم رێگەیەش لە ژێر دەستی هێزەكانی ئەمریكادایە.

تا رادەیەكی زۆر، ئەم دۆخە بەرزایەكانی جۆلانمان وەبیر دەهێنێتەوە كە ئیسرائیل لە جەنگی شەش رۆژەی ساڵی 1967 داگیریان كرد، پاشان ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكان دانی بەوەدانا ئەو خاكە هی سوریایە، لەگەڵ ئەوەشدا، دیمەشق لە گێرانەوەیدا شكستی هێنا.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا