بەڵگەی تاوانەكانی سوپای توركیا بەرانبەر ژنانی رۆژئاوای كوردستان دەخرێتە بەردەم كۆشكی سپی

کوردستان

26/11/2019‌ 2272 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە هێرشی توركیا و چەكدارەكانی سەر سوپای سوریای ئازادو هاوكارەكانی، كە لە دیسێمبەری 2018 كرایە سەر شاری عفرین و لە ئاكامی هێرشەكانی بۆ سەر باكووری خۆرئاوای سوریا لە 9ی ئۆكتۆبەری 2019، 120 ژن كوژراون و 420 یش بریندار بوون، كە بەشێك لەمانەش خەباتگێرانی ژنانی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)ن.

ئەم رێژە ترسناكە لەكاتێكدا بڵاودەكرێتەوە، كە رۆژی 25 نۆڤێمبەر یادی رۆژی جیهانی رێگریكردنە لە توندوتیژی دژی ژنان، بۆیە دەكرێت توركیا و چەكدارەكانی سوپای سوریای ئازاد بەپێشێلكاری مافەكانی ژنان لە سوریا تۆمەتباركرێت.

بەپێی راپۆرتەكەی ئین پی ئای، لەكاتی هێرشەكەی سەر شارۆچكەی عفرین، جەندەرمەكانی توركیا 56 ژنی مەدەنی بێدەسەڵاتیان لەنێوان سنووری توركیا – سوریا گوللەباران كردووە، كە ویستویانە لەبازنەی جەنگی ناوچەكە هەڵبێن و رووبكەنە ناوچەیەكی ئارام لە توركیا.

راپۆرتەكە توركیا تاوانبار دەكات بەوەی لە كاتی هەڵاتنی خێزانەكانی عفرین، 85 منداڵی خوار 14 ساڵ بە دەستی سەربازانی توركیا و چەكدارەكانی سوپای سوریای ئازاد كوژراون، كە ئەمەش لە چوارچێوەی ژمارەی ئەو پەنابەرە كوژراوە مەدەنییانایە لە مارسی 2011 ەوە تائێستا ژمارەیان گەیشتووەتە 445 پەنابەر.

راپۆرتەكە نكۆڵی ناكات و دەنووسێت، لە مارسی 2018ەوە 270 ژن لەلایەن جەندرمەكانی توركیا و سوپای سوریای ئازادەوە دەستگیركراون لەچوارچێوەی دەستگیركردنی 5678 كەس، كە نیوەی ئەو ژنانە بێسەرو شوێنن.

راپۆرتەكە ئاماژە بەوەش دەكات لە هێرشی ئۆكتۆبەری ئەمساڵیشدا 12 ژن دەستگیركراوە لەلایەن جەندرمەی توركیاو سوپای سوریای ئازاد، كە تا ئێستا (جیجیك كۆبانی) لەهێزەكانی سوریای دیموكرات لە میدیاكان ئاماژەی پێدراوە، كە لە سەردەستی فەیلەقی (مەجد) لەنزیك شاری عەین عیسا دەستگیركرا، ئەوانی تر بە نادیاری ماونەتەوە.

بەپێی 6 بەڵگەنامە، كە دراوەتە دەست كۆشكی سپی، توركیا بەردەوامە لەئەشكەنجەدانی ژنە دەستگیركراوەكان و كوشتنیان و لەنێو ئەو كەسە دیارانەشدا ژنە جەنگاوەری كورد (هەفرین خەڵەف) ئاماژەی پێدراوە، كە بەدەستی فەسیڵی (ئەحرار) ی سەر بە سوپای نیشتمانی سەر بە توركیا تیرۆر كرا. 

وێرای ئەوەی گرتەی ڤیدیۆی لەسێدارەدانی دوو ژنە برینپێچی تیمی پزیشكی لەسەر رێگای گردە سپی لە 12 ئۆكتۆبەر.

راپۆرتەكە وێنەو بەڵگەی ژمارەیەك ژنی تێدایە و لەلایەن ئیلهام ئەحمەد رێَبەری سیاسی لەهەسەدە، پێشكەشی سیناتۆرەكانی كردووە، كە ئەمە بەشێكیییەتی:
دەستگیركردنی ژنە كرێكارێكی مانگی سور، كە لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا چەكدارەكانی سەر بە سوریای ئازاد بە هێزی چەك دەستدرێژی دەكەنە سەر و دەیكوژن.

رۆژی 15 ی نۆڤێمبەر، ژنە رۆژنامەنووسی (رویا هەنانۆ مستەفا) ی تەمەن 16 ساڵ لەلایەن چەكدارانی سوپای شام، دەڕفێنردرێن.

رۆژی 16ی نۆڤێمبەر، هێزێكی سەربازی غالیە حەسەن و مێردەكەی لە شاری عەفرین دەستگیر دەكەن بە تۆمەتی پەیوەندی بە هەسەدە و تائێستا بێ سەروشوێنن.

دەستگیركردنی (شیرین عەبدولقادر) بەهۆی ئەوەی سكاڵای تۆماركردووە لەسەر ژمارەیەك چەكدار كە ئۆتۆمبێلی مێردەكەیان رفاندووە.

لە سەنتەری شاری عەفرین، مانگی مارچ –ی ئەمساڵ، دەزگای پۆلیس-ی شارەكە، 7 كەسیان دەستگیركرد، كە 6یان ژنن ئەوانیش: (ئامینە قەرە عەلی، حەیات قەرە عەلی، خەدیجە قەرە عەلی، فەزیلە محەمەد، فەزیلە كریكۆ و جیجۆ سەیدۆ)، كە تا ئێستا چارەنووسی 4یان نادیارە. 

ئامادەكردن: لوقمان غەفوور
سەرچاوە: پێگەی ئێن پی ئای